ئیستحقاق و ئیتیفاق

ئاریان فەرەج
حزبەكان رێككەون یان نا، زوو رێككەون یان درەنگ، میللەت چوار مانگ لەمەوبەر رێككەوت و بڕیاری خۆی دا. بڕیاری ئەو لەسەروو هەموو خواست و ویستێكە. لەوە زیاتر مەحتەل كردنی ئیستیحقاق بۆ خاتری ئیتیفاق، پرسیاری گەورە لەسەر حەقیقەتی دیموكراسیبوونی ئەم هەرێمە و سیستمەكەی دروست دەكات. كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی بڕیارلێدراویدا جێگیركردنی ئەو پرنسیپە بوو كە ئیتیفاقی حزبەكان چەند گرنگ و ئاسانكار و بایەخدار بێت، بەڵام ئیستیحقاق لەو لەپێشتر و بەهادارترە. ئیستیحقاق جێبەجێكردنی ئیرادەی خەڵكە، ئیتیفاق پێكهاتنی حزبەكانە لەسەر چۆنێتی جێیەجێكردنی ئەو ئیستیحقاقە نەك جێگرتنەوەی.
گەل دەمێكە دەنگی بە پەرلەمانێكی نوێ داوە و ئەركی پێسپاردووە و دەبێ ئەو ئەركانە جێبەجێ بكات. دەستوپێ گرتنی پەرلەمان و رێگریی لە كارەكانی، بە هیچ پێوەرێك لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان نییە، بەشداریی كۆی فراكسیۆنەكان جگە لە یەكێتی لە كۆبونەوەی دوێنێدا، پەیامێكی هاوهەڵوێستانە بوو لەسەر ئەو بەرژەوەندییە نیشتمانی و پرنسیپە دیموكراتییە.
ئیتفاقی سیاسیی نێوان حزبەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت ئەگەر تێكەڵ بە مەلەفاتی دیكە نەكرێ و پێش مەرج و پاكێجكاری نەخرێتە پێش و بۆ خزمەتی پیادەكردنی ئیستیحقاق و ئیرادەی خەڵك بێت، وەك رێككەوتنەكەی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان دواجار هەر دەگاتە ئەنجام.
لێرە بەدواوە سڕبوونی پەرلەمان كۆتایی هات و هەموو ئەو پرۆژە یاسا و ئامانجانەی لە پێناویدا خەڵك دەنگیاندا، كاریان لەسەر دەكرێن. حكوومەتیش دەبێ دابمەزرێ و دەست بەكار بێت. گفتوگۆی سیاسییش لە نێوان پارتی و یەكێتی بە ئاڕاستەی خۆیدا دەچێ و تا گەیشتن بە ئیتیفاق دەرگاكان واڵا و لەسەر پشتن.




