ئیدریس بارزانی .. سەركردەیەك لە دڵی مێژوودا

قاره‌مان مه‌هدی
سه‌ركرده‌ی له‌یاد نه‌چوو (ئیدریس بارزانی/1944_1987) لە چه‌ندین قۆناغ و وێستگه‌ی مێژووی بەرخودان و شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان دا رۆڵ و پێگه‌ی كاریگه‌ری هه‌بووه و وەكو سەركردەیەكی نموونەیی بە خه‌باتێكی پڕ بەرهەمەوە ناوی بووه‌ته سه‌ردێڕی چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی پڕ له داستان و ده‌سكه‌وت و شانازی. رەوتی تێكۆشانی ئەم سەركردەیە ئەزمونێكی پڕ پەند و وانەیە و، دەكرێ هەمیشە وەكو فێرگەیەك لێی بڕوانیین و بۆ ئینتیمای نەتەوەیی و ئەركە نیشتیمانیەكان، بۆ خزمەتی راستەقینە و بۆ پاراستنی تەبایی و رێگه‌ی گه‌یشتنمان به ئاسۆی ئامانجه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان، وزەی لێوەربگرین.
ئەم سەركردە نەمرە هەر لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی گەورەی ئەیلول (1961) تێكەڵ بە ئەركی شۆڕشگێڕی بووه و بە تێپەڕبوونی رۆژانی خەبات وەك تێكۆشەرێكی بەتوانا توانیویەتی بەو سیفات و ئه‌دگاره جیاكارییانەی لە كەسایەتی و سەركردەییەكەیدا هەیبووە ببێتە كارەكتەرێكی دیار لە كاروبارەكانی شۆڕش و سەرچاوەیەكی توانابەخش بۆ هەنگاوەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی و گوڕوتینی زیاتری بە كۆڕی خەبات بەخشیوە. ئەم رۆڵ و پێگە دیارەش جگە لە فاكتەرە خودییەكانی ژیری و تواناداری خۆی ئەوا هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پەروەردە كرا‌و و دەرچووی قوتابخانەی بەرخودان و كوردایەتی و كوردستانپه‌ره‌ریی بارزان و پەیام هەڵگرێكی كارامە و بە پەرۆشی رێبازی باوك و رابەر (بارزانی نەمر) بووە.
هەڵدانەوەی بەرپەڕە گەش و زێڕینەكانی ژیان و كەسایەتی و سەركردەیی ئەم مێرخاسە بە گەلێ تایبەتمەندیمان ئاشنا دەكات، كە نموونەیەكی دەگمەنە لە مرۆڤ بوون و كورد بوون، له خەباتگێڕیی و خەمخۆری بۆ خاك و نەتەوە، ره‌مزێكی دره‌وشاوه‌یه بۆ خاكه‌ڕایی و تەبایی، بۆ ئاشتی و دیموكراتیه‌ت، بۆ ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان، بۆ سه‌ربه‌ستی و رزگاریی نه‌ته‌وه و نیشتیمانه‌كه‌ی.
شه‌هیدی سه‌ركرده ئیدریس بارزانی هەردەم وەك تێكۆشەرێك لە نێو مەیدان و سەنگەرەكانی خەباتگێڕیدا وەك پێشمەرگەیەكی ئاسایی ئامادەیی هەبووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لە رووی فیكرەوە كەسێكی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو بووە، خاوەن هزرێكی رۆشن و لێكدانەوە و دەربڕینی بلیمەتانە بووە. وێڕای ئەو پێگە كۆمەڵایەتی و سیاسیەی هەیبووە، كەچی ئەوپەڕی خاكەڕاو كراوە بووە، كەسێكی سادە، وەلێ خاوەن عەقڵێكی مەزن و رەفتاری بەرز، كەسێك خوڵقێنەری باوەڕ و ورە و ئومێد بە سەركەوتن، خاوەن سەلیقەیەكی نموونەیی لە دیبلۆماسیەت و لە رەخساندنی كەشی متمانە و باوەڕ بەخۆبوون لە نێو دەوروبەر و هەڤاڵانیدا، مرۆڤدۆست و عەدالەتخواز.
ئه‌م سه‌ركرده هه‌میشه له‌یاده لە ژیان و خەباتیدا زۆر وانەی بۆ نەوەكانی نەتەوەكەی و رێبوارانی رێبازه‌كه‌ی بەجێهێشت، كه وەك سەرچاوەیەك دەتوانرێ فێری خۆشەویستی خاك و رێزگرتن و سەرڕاستی ببین، فێری له‌خۆبوردوویی و نه‌سره‌وتن ببین لە پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و سەرفرازی كورد و كوردستاندا، ژیان و خه‌باتی ئه‌م سه‌ركرده مێرخاسه هانمان دەدات له رێگه‌ی خزمه‌تكردنی نه‌ته‌وه و نیشتیمانه‌كه‌ماندا هه‌رگیز كۆڵنه‌ده‌ین و به‌رده‌وامبین له دا‌كۆكیكردن له ماف و خواسته‌كانی گه‌له‌كه‌مان.
یه‌كێك له قۆناغه زێڕینه‌كانی خه‌باتی ئه‌م سه‌ركرده‌یه له ره‌وشی دژواری دوای پیلانی 1975ی جه‌زائیر و نسكۆی شۆڕشی كوردستان بووه، كه له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانیدا بووه‌ته سیمبولێكی خۆڕاگری و ئومێد و هه‌ستانه‌وه و هاوشانی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌م رێبازه بۆ دۆست و دوژمنانیان سه‌لماندووه، كه گۆڕه‌پانی خه‌بات چۆڵ نه‌بووه و چۆڵیش نابێت و درێژه‌دان به تێكۆشان باوه‌ڕ و ئامانجێكی هه‌میشه گه‌رم و گه‌شه‌و به هیچ پیلان و كاره‌ساتێك وون و خامۆش ناكرێت، كه هه‌ر ئه‌م ئیراده‌یه‌ش بوو نه‌ته‌وه‌یه‌كی له تونێڵی پیلانێكی سه‌ختی وه‌ك رێككه‌وتنی شومی جه‌زائیر ده‌رباز كرد و گه‌یاندیه راپه‌ڕین و ده‌سكه‌وت و پێشڤه‌چوونه‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆمان. هه‌ربۆیه‌ش ئه‌ركێكی نیشتیمانیه كه، هه‌میشه ناو و خه‌باتی ئه‌م سه‌ركرده جوانه‌مه‌رگه وه‌ك شانۆیه‌كی كوردستانپه‌روه‌ری له هه‌ست و بیر‌و به‌رچاوانمان بێت و، چۆن ئه‌و له دڵی مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌یدا زیندووه به‌و چه‌شنه‌ش دڵسۆزی و كارامه‌یی و خه‌باتی به‌رهه‌مداری ئه‌و ئاماده‌یی به‌رده‌وامیی هه‌بێت له دڵ و هزری هه‌ر كورد و كوردستانیه‌كدا.




