جگە لە رێكەوتن

ئاریان فەرەج
ئەوەی كاك عەدنان موفتی دەیڵێ راستییە حاشاهەڵنەگرەكەیە، پارتی و یەكێتی جگە لە رێكەوتن، رێگە و بژاردەی دیكەیان لەپێش نییە. ئەم قسەیە سەبارەت پارتی و گۆڕان و حزبەكانی دیكەش راستە. هەوڵەكانیش هەر بەو ئاڕاستەیەن. نەخشەرێگاكەش دیارە، ئەوەی ئاستەنگ دێنێتەپێش و كارەكان دوادەخات، پێداگیری و نەرمینەنواندن و ئەوراق تێكەڵكردن و پێش مەرج و شتگەلێكی لەو جۆرەیە.
هەڵبژاردن كراوە و ئیرادە و دیزاینی خەڵك بۆ حكومەتی نوێ دیارو ئاشكرایە، لە هەمان كاتیشدا خەڵكی هۆشیاری كوردستان تەفەهومی ئەوەش دەكەن كە جگە لە ئیستیحقاقی دەنگ و كورسی، ئیعتباراتی دیكەش هەن و لە پێناو پێكهاتن و بەیەكگەیشتن دەبێ لە پاڵ ئیستیحقاقی هەڵبژاردندا، ئەوانیش رەچاو بكرێن. حكومەتێكی تابا و مونسەجیم لە هەرێم هەڵبەت لێكگەیشتنێكی سیاسیی گشتی نێوان پێكهێنەرانی حكومەتەكە دەخوازێ و ئەو لێكگەیشتنە گەرەنتی و پاڵپشت و سەرچاوەی هێز دەبێت بۆ حكومەت. خەڵك لەوەش حاڵین كە ئەو لێكگەیشتنە دەبێ هاوخیتابی و رێككەوتن لەسەر خاڵە گشتییەكانی سیاسەت، جیا لەهەرێم، لەسەر ئاستی عێراق و ئاستەكانی دیكەش بگرێتەوە، بێگومان كەركوكیش خەمێكی گشتییە و بە هەموانیش نەبێ رەوشی ناجۆری ئەو شارە چارەسەر ناكرێ.
كەواتە ئەگەر هیچ یەك لەو دۆسیانە كە هەمویان گرنگن و هەموشیان چارەسەر و لێكگەیشتن و لەسەر رێككەوتن دەخوازن، نەكرێنە پێش مەرجی یەكدی، بە ریزبەندییەكی ماقوڵانە وبەو جۆرەی بەرژەوەندی و ئەولەویاتی كوردستان دەیخوازێ، یەك بە دوای یەكدا بكرێنەوە و چارەسەر بكرێن، ئەوا چیتر هۆكارێكی دەستوپێگیر بۆ هەرچی زووتر پێكهێنانی حكومەت نامێنێ و ئەو خواست و ئیستیحقاقە میللیەی خەڵكی كوردستان پیادەدەكرێ.
دەمێنێ سپاردنی پۆست و ئەركەكانی حكومەت و بە حزبە بەشداربووەكان، ئەوەشیان لە زەمینەی لەیەكگەیشتنی نێوخۆیی هەر یەك لە حزبەكان و لە زەمینەی لێكگەیشتنی حزبەكان لەسەر كارنامەی حكومەت و لە سەرینی لێكگەیشتنی سیاسیی گشتیدا، نابنە گرێ كوێرە و رەنگە ئاسانترین قۆناغی دانوستان بێت بەرەو پێكهێنانی حكومەت.
كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لەم مانگەدا وەك ئەوەی دوێنێ راگەیاندرا، بەرەوپێشچونێكی گرنگە و سەرەتای هەنگاوەكانی دواترە. بەو ئومێدەی چیتر گرێ و گۆڵ نەخرێتە بەردەم دانوستان و لە نزیكترین كاتدا حكومەتێكی بەهێزی تەبای هاوپەیمانانە ببینین .




