٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێران و مامۆستایانی سلێمانی: پەلە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ بكەن

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ و چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پێویستە پەلە لە پێكهینانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بكرێ، چونكە دۆخی ناوچەكە وا دەخوازێ كە حزبەكان بە زوویی حكوومەت پێك بهێنن.

عومەر هەورامی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ناوچەكە و كوردستان، وا دەخوازێت حیزبەكان پەلە بكەن لە پێكهێنانی كابینەی 9ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

پارتی دیموكراتی كوردستان، كە زۆرینەی دەنگی كوردستانیانی لە هەڵبژاردنەكاندا بە دەست هێنا و خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانە، دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ براوەی دووەم و سێیەم دەست پێكردووە.

هەورامی گوتیشی: "پێویستە حیزبەكان لە دانوستانەكانیان لە بارەی پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، وەرەقەكان تێكەڵ نەكەن، تاوەكو هیچ گرفتێك بۆ پێكهێنان یان دواخستنی حكوومەت نەیەتە پێشەوە، پاشان حكوومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ حكوومەتی عێراق لەسەر پرسی كەركووك و پشكی كورد لە بەغدا دانوستان بكات:"

لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت لەسەر بنەمای ڕێژەی دەنگەكان و كورسیی پەرلەمانەوە، ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: "دەبێت دەنگی كوردستانیان یەكلاكەرەوەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت، هەر حیزبەی بەقەدەر ئەو كورسی و متمانەیەی بە دەستی هێناوە، قورسایی لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت".

 لای خۆیەوە، كوێستان لەتیف، مامۆستایی زانكۆی سلێمانی، ئاماژەی دا: "زۆر زەروورە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و، دانوستانەكانی حیزبەكان لەمەڕ پێكهێنانی حكوومەت بەرهەمی هەبێت، ناكرێت هیچ حیزبێك یاری بە كات بكات و بیەوێت پێكهێنانی حكوومەت دوا بخرێت، كە پێوەندی بە چارەنووسی گەلەكەمانەوە هەیە".

چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ دەڵێن، كوردستان و هاووڵاتیان زۆر لە حیزب و بەرژەوەندیی حیزبی گرینگترن، بۆیە دەبێت حیزب بەرژەوەندیی كوردستان لە سەرووی بەرژەوەندیی خۆیەوە سەیر بكات.

كوێستان لەتیف بڕوای وایە، كۆبوونەوەی 14-1-2019ی پارتی و یەكێتی دڵخۆشكەر بوو، بەوەی بتواندرێت پەلە بكرێت لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت، ناشكرێت ئیدی پێكهێنانی حكوومەت دوا بكەوێت، چونكە ناوچەكە لە گۆڕانێكی زۆر خێرادایە، دەبێت هەرێمی كوردستانیش كابینەی نوێی حكوومەت دروست بكات و ئامادەی هەر گۆڕانكارییەك بێت كە لە ناوچەكەدا ڕوو دەدات".

كوردستانییان داوا دەكەن، لەگەڵ ئەوەی كاتی پێكهێنانی حكوومەت دوا كەوتووە، بەڵام حیزبەكان حكوومەتێكی بەهێز پێك بهێنن كە لە چاوەڕوانی و جێگای متمانەی ئەو دەنگانەدا بێت كە پێیان دراوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی زیاتر گوتی: "دەبێت لە كوردستان حكوومەتێكی بەهێز پێك بهێندرێت، كە وەڵامدەرەوەی داواكاریی هاووڵاتیان بێت، هەروەها پێویستە تەواوی ئەو حیزبانەی كە بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن، پشتیوانیی كارنامەی حكوومەتەكە بن، نەوەك وەك چوار ساڵی ڕابردوو، كە پێیەكیان لە حكوومەت بوو و پێیەكەی تریشیان لە ئۆپۆزسیۆن".

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار