رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی داوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكەن
__2019_01_12_h13m4s50__HK.jpg)
دهۆك-KDP.info- لە پارێزگای دهۆك، ٥٠ رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی داوای پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و، دەخوازن لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دانوستان بكەن و پێكهێنانی كابینەكە دوا نەخەن.
هێرش ڕەشید، سەرۆكی ڕیكخراوی مەند بۆ یەكسانی، كە یەكێكە لەو ٥٠ ڕێكخراوانەی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "٥٠ ڕێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیی شاری دهۆك، بەیاننامەیەك دەردەكەن و دەیدەنە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پەرلەمان، بۆ ئەوەی پەلە لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتدا بكرێ و دەست بە دانوستان بكرێ و چیتر دوا نەخرێ".
ئەو دەشڵێ، ١٠٠ رۆژ زیاترە لایەنەكان لە پێكهێنانی كابینەكە دوا كەوتوون، بۆیە دەبێ بە زوویی لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و پەرلەمان گوشاری هەبێ.
جگە لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چینوتوێژەكانی دیكەی كوردستانیش داوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت دەكەن و دوێنێیش سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیداریدا لەگەڵ كۆنسووڵی توركیا، جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ بە زوویی دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێ.
كــاروان بــاعەدری




