٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

داری ئازادی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی

"داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ" ئەو دێڕە شیعرەیە كە بۆتە ناونیشانی ژیان و قەدەری خەباتی كورد.

پاش تێپەڕینی زیاتر لە سەدەیەك ئایا هێشتا هەر ئەم ناونیشانە بۆ خەباتی كوردان رەوایە؟ ئایا قەدەری كورد هەر وەهایە كە دەبێ داری ئازادی بە خوێن ئاو بدات ئینجا بەر دەگرێ؟

ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە ئەم خوێنلەبەررۆیشتنە بوەستێ و ئینجا بە ئارەقەی خەباتی مەدەنی و سیاسی ئەو دارە ئاو بدرێ و بەر بگرێ؟

ئایا ئارەقەی ناوچەوانی كرێكاران و زەحمەتكێشانی بیر و بازووی كوردان بەشی ئەوە ناكات داری ئازادی پێ ئاو بدەن و بێتە بەر؟

ئایا ئارەقەی ماندووبوونی دیالۆگ و گفتوگۆی سیاسی هێندە بە پیت نییە داری ئازادی پێ ئاو بدەین و لە بەرەكەی بچنینەوە؟

ئایا ئارەقەی رێگەرۆیشتنی منداڵەكانمان تا دەگەنە قوتابخانەو تا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ بەشی ئەوە ناكات داری ئازادیمانی پێ ئاو بدەین و خۆیشیان لە سایەیدا بحەسێنەوە و لە بەرەكەی بخۆن؟

ئایا خوێنی ئەو سێ ژنە كوردە قارەمانەی باكوور دوا خوێنئاودانی داری ئازادیمان بوو، ئیتر لێرە بەدواوە بە ئارەقەی ماندووبوونی خەباتی سیاسی و دیالۆگ و بونیاتنان و فێربوون ئاوی دەدەین و بە بەرهەمەكەی شاد دەبین؟

ئەوەی رۆژی هەینی رابردوو لە توركیا روویدا گۆڕانكارییەكی یەكجار بەرچاو بوو. گەڕانەوەی تەرمی سێ ژنە شەهیدی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ زێدی خۆیان و باڵاپۆشكردنی تابوتەكانیان بە ئاڵای پەكەكە و پێشوازی كردنی جەماوەریی بەرفراوان لێیان و رێكخستنی مەراسیمی گەورە و خوێندنەوەی وتاری حەماسەتخولقێن و ناوهێنانیان وەكوو تێكۆشەران لە پێناوی ئازادیدا و ئاماژەكردن بۆ خەباتی سەختی گەریلاكان لە چیاكان و ناوهێنانیان بە خەباتكارانی ئازادی. هەر هەمووی نیشانەی حاشاهەڵنەگری ئەو گۆڕانكارییەن لە رای گشتی توركیادا سەبارەت بە پرسی كورد و ناسینی پەكەكە وەكوو نوێنەری كوردان بۆ دیالۆگ و ئاشتی، روویداوە.

ئەو گۆڕانكارییە نیشانەی سەرەتاییە بۆ ئەوەی كە گڕ و تینی نەتەوەپەرستی و دەمارگیریی توركایەتی رووی لە كاڵبوونەوە كردووە و خواستی ئاشتی و چارەسەركردنی پرسی كورد و دداننان بە بوونی نەتەوەیی و مافەكانی كوردان تۆخ بۆتەوە و رووی لەوە كردووە ببێتە راستیەكی سیاسی و كولتووری رای گشتی.

هەرچەندە تا ئێستا بكوژان نەدۆزراونەتەوە. پۆلیسی فەڕەنسا لەبارەیەوە هەر خەریكی پشكنین و لێكۆڵینەوەیە. حكومەتی توركیا و پەكەكە و هەموو لایەنە پەیوەندارەكانیش فشاریان لەسەر حكومەتی فەڕەنسا زیاتر كردووە كە بە زوویی بگاتە ئەنجامێك. وەلێ دایكی خاتوو (سەكینە)ی شەهید هەموو ئەوانەی لە یەك هەڵوێستدا چڕ كردەوە كە بە جەرگی سووتاوەوە خوێنی كچەكەی و هاوڕێكانی كردە دیاری و بەخشش بۆ ئاشتی. بەوەیش ئیتر رێگەی لەبەردەم هەر لایەن و كەسێكدا داخست كە ئەگەر نیازیان وابووبێ بازرگانی بەو خوێنەوە بكەن و بیكەنە پاساوی داڕمانی كۆڵەگەكانی ئاشتی و دیالۆگ.

تا ئێستا لە سەرینی ئەم رووداوە مەزن و جەرگبڕەوە لێدوانی هەندێك كەس نەبێ كە ئاماژەی نەرێنی تێدایە، ئەگینا تەواوی لێدوانەكانی دیكە ئەرێنین و ئاماژەی باش و گەشبینیان تێدایە و بەردەوامیش گەشتر دەنوێنن. ئەو وتارانەی لە پێشوازی تەرمی شەهیدەكاندا لەلایەن سەرۆك شارەوانییەكان و سەرۆك و هاوسەرۆكانی (پەدەپە)وە خوێنرانەوە. هەروەها لێدوانی سەرۆكی شارەوانی دیاربەكر (عەبدوڵڵا دیمیرباش) كە لە پانێلێكدا لە شاری سلێمانی رێكخرابوو، دەڵێ: (گەشبینم بە گفتوگۆكانی نێوان كورد و حكومەتی توركیا). وتار و هوتاف و پەرچەم و لافیتەكانی خۆپیشاندەران لە وڵاتانی ئەوروپا و لە هەرێمی كوردستان. لە هەموویشیان گرنگتر هەڵوێستی فەرمی حكومەت و پەكەكەیشە كە مامەڵەیەكی عەقڵانی و بەرپرسانەیان لەگەڵ رووداوەكەدا كرد.

ئایا كۆی ئەمانە و دەستپێكردنەوەی چاوەڕوانكراوی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی توركیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رابەری پەكەكە ئەو مژدەیەمان پێ دەبەخشن كە ئیتر مەرج و قەدەری كوردان نییە كە داری ئازادی هەر بە خوێن ئاو بدەن، بەڵكو زەوینە و ژینگەی گۆڕانكارییەكی مێژوویی هاتۆتە ئاراوە و داری ئازادی بە ئارەقەی خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیموكراسی ئاو دەدەن و دێتە بەر و نەوەكانی كوردان لە بەرەكەی دەخۆن.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار