ستافی کوردستان تیڤی لە لایەن بەرپرسانی ئەمنی زانکۆی سلێمانییەوە بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکران

سلێمانی -KDP.info- لە کاتی ڕوماڵکردنی مانگرتنی قوتابیانی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی، گروپی کوردستان تیڤی لە لایەن بەرپرسانی ئەمنی زانکۆکەوە دەستبەسەر کراون و ڕێگەیان پێنەدراوە لە زانکۆکە بچنە دەرەوە.
ئاراس ستار پەیامنێری کوردستان تیڤی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "قوتابیانی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی خۆپێشاندانیان رێکخستبوولە بەردەم سەرۆکایەتی زانکۆ، ئێمەش وەک ستافی کوردستان تیڤی ویستمان ڕووماڵی ڕاستەوخۆی خۆپێشاندانەکە بکەین، کە لەگەڵ کامێرەمانی ھاوکارم توانا حەمە قادر بووین، دواتر یەکێکی قات لەبەر ھاتە پێشمان و دەستی دایە کامێرەکەو دەستی بەسەرداگرت، ئەو کەسە چەندین قسەی نەشیاوی بە پارتی و کەناڵی كوردستان تیڤی گوت، نزیکەی کاتژمێرێک و دە خولەک لە ناو حەرەمی زانکۆ دەستبەسەرکراین، نەیاندەھێشت بچینە دەرەوە.
ھەروەھا ئەو پەیامنێرە وتیشی، کە قوتابیەکان دڵخۆش بوون بە گواستنەوەی ڕووماڵی کوردستان تیڤی.
ھەڵکەوت محەممەد




