لە ھەولێر ٢٠ پڕۆژەی نوێ لە كەرتی رێگاوبان جێبەجێ دەكرێن

هەولێر-KDP.info- بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای ھەولێر، ٢٠ پڕۆژەی نوێ خراونەتە واری جێبەجێكردنەوە و دەشڵێ، پردی گۆپاڵە تەواو دەكرێت و نێچیرڤان بارزانی رەزامەندیی نیشان داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە رێگەی ھەولێر- دھۆك بكرێتەوە.
ھونەر نووری، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رەزامەندیی نیشان داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا پڕۆژەی رێگەی ھەولێر - دھۆك بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و لە رۆژانی دابێ پڕۆژەكە لە شەقامی ١٥٠مەتری بۆ پردی گۆپاڵە دەست پێدەكات، ھەروەھا لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەی پردی گۆپاڵە لە ھەوڵداین پردەكە تەواو بكرێت، كە پێشتر بە ھۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیدا راگیرابوو و تەنیا ٣٠٠ مەتریشی ماوە تەواو بكرێت".
نووری ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٢٠ پڕۆژەی نوێ كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، كە پڕۆژەی جۆراوجۆرن، واتە پڕۆژەی ستراتیژی و مامناوەند و بچووك لە خۆ دەگرێت، یەكێك لەوانیش رێگەی تۆنێلی پیرمام بۆ كۆڕێیە كە بە تەواوبوونی، پڕۆژەی تۆنێلی پیرمام كۆتایی دێت و بە ڕووی ھاووڵاتیاندا دەكرێتەوە".
قائید میرۆ




