٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەناردەكردنی نەوتی كەركووك به‌ هه‌رێمدا ھەنگاوێكی باشە بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- بڕیارە لە سەرەتای مانگی دابێ حكوومەتی عێراق ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران رابگرێت و، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ، باشترین ڕێگەچارە بۆ نەوتی كەركووك ئەوەیە كە لە رێگەی ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیھان بكرێت.

بڕیارە لە مانگی داھاتوودا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سزای دیكە بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بسەپێنێت و، لەو چوارچێوەیەدا حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ وڵاتی ئێران رابگرێت.

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، بڕیاری راگرتنی نەوتی كەركووك بۆ ئێران دەبێتە ھۆكارێك بەغدا بیر لەوە بكاتەوە كە نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بازاڕی جیھان بكات. لەو بارەیەوە، دانا جەزا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژانە بڕێكی زۆری نەوت لە رێگەی تانكەرەوە لە كێڵگەكانی پارێزگای كەركووكەوە ھەناردەی وڵاتی ئێران دەكرێت، بەڵام ئێستا كە حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە رایبگرێت، لەبەر ئەوەیە كە ناتوانێت بە فەرمی نەوت رەوانەی ئێران بكات".

لای خۆیشیەوە، دكتۆر سیروان عارەب، پسپۆڕی نەوت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "رۆژانە ٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەكانی كەركووكەوە ھەناردەی ئێران دەكرێت، ئەمە پڕۆسەیەكی قورسە، چونكە گواستنەوەی نەوت بە تانكەر خەرجییەكی زۆری دەوێت، دواتر زیانی زۆری ھەیە ھەر لە تێكدانی رێگەوبان تا كۆتایی، بەڵام ئێستا عێراق ناتوانێ بە فەرمی نەوتی كەركووك ھەناردەی ئێران بكات".

لە دوای رووداوەكانی داگیركاریی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، رۆژانە نەوتی كەركووك رەوانەی ئێران دەكرێت، كە پێشتر بەپێی رێككەوتنی نێوان ھەردوو حكوومەتی بەغدا و ھەرێم لە رێگەی ھەرێمەوە ھەناردەی توركیا دەكرا، وەك بەرپرسانی كورد لە كەركووك روونی دەكەنەوە، دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر مەلەفی نەوت لە كەركووك ناشەفافە و كەس نازانێ چەند ھەناردە دەكرێت و داھاتەكەی بۆ كوێ دەچێت.

دكتۆر سیروان عارەب دەڵێت: "بەپێی زانیارییەكانم، بەغدا ڕەزامەندی نیشان داوە ئەو ٣٠ ھەزار بەرمیلەی كەركووك لە رێگەی بۆڕیی ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیھانی توركیا بكرێت، كە پێم وابێت ئەمە سەرەتای ھەنگاوێكی باشە بۆ ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا، دەشكرێ ببێتە ھۆی ئاساییكردنەوەی رەوشی نێوان ھەردوولا".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار