٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چۆن کێبڕکێی ئەسپی كوردی شۆڕشێك لە جیهانی دیپلۆماسیەتدا بەرپا دەکا؟

سەرچاوە: KDP.info

د. سامان سۆرانی

پرۆسەی ئامادەکردن و ڕێکخستن و ئەنجامدانی کێبڕکێی ئەسپ لە وڵاتان هەوڵێکی سەرکەوتووە بۆ بە هێزکردنی پەیوەندی و هاوکارییەکان لە ڕێگەی شێوازێ لە دیبلۆماسیەت، کە بە "دیبلۆماسیەتی ئەسپ" ناسراوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ئەم وەرزشە تایبەتە، دەبینین تاڕادەیەكی زۆر هاوکاربووە لە نزیککردنەوەی سەرکردە و گەلان و وەرچەرخانێکی ڕاستەقینەی لە پرۆسەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دێرینی نێوان سەرکردەکان و دەوڵەتەکان درووستکردووە. 
بەهەمان شێوە دەکرێ کێبڕکێی ئەسپ کاریگەری زۆر باشی هەبێ لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و  دەرفەتێکی لەبار بڕەخسێنێ بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار لە بوارە جیاجیاکانی وەکو پەروەردەکردنی ئەسپ و چاودێری ئاخوڕ و مەشق وڕاهێنانی ئەسپ و سەرجەم ئەو کارە هونەرییانەی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پەروەردەکردنی ئەسپ هەیە، سەرەڕای درووستبوونی دەرفەت بۆ وەبەرهێنانکردن لە بواری ئەسپ.
ئەگەر ئێستا لەگەڵ ڕابووردوو بەراوورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێ، کەوا ئەمرۆ دیبلۆماسیەتی ئەسپ کاریگەرییەکی ئەرێنی گەورەی لەسەر پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکان درووستکردووە و کێبڕكییەکانی ئەسپ بوون بە باڵێۆزخانەیەکی دامەزراو بۆ ڕیکلامکردن بۆ شكۆی دەوڵەت و خزمەتکردنی ئەو ئارمانجە ستراتیژییانەی، کە دەوڵەت لە هەوڵدایە بۆ دەستەبەرکردنیان.
هەندێ وڵات خاوەندی مێژوویەکی دێرینە لە بواری ڕێکخستنی کێبڕکێی ئەسپ. شاراوە نیە، کەوا دەوڵەتەکان لە ڕێگەی  پەرەپێدانی کێبڕکێی ئەسپ کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم وەرزشە لە لایەن زۆربەی گەلان ببێ بە باو و پەسەند بکرێت.
بێجگە لەوەی ئەم وەرزشی ئەسپ سواری سەرچاوەیەکی باش دەبێ بۆ داهات. هەروەها دەکرێ لە ڕێگەی پێشانگای تایبەت بە ئەسپ ڕیکلامی باش بۆ گۆڕانکاری و پیشكەوتنەکان لە وڵات بکرێ. 
دەکرێ کۆمپانیا ناودارەکانی بواری ئەسپ و باڵیۆزی وڵاتان و کەسایەتیە دیبلۆماسیە ناودارەکان دەتوانن بانگهیشتی ئەو پێشانگایانە بکرێن بۆ ئەوەی ئەوانیش لە لای خۆیانەوە بەشداری بکەن و پەیوەندی دیبلۆماسی خۆیان لە ڕێگەی ئەم وەرزشەوە بەهێزتر بکەن.
هەروەها دەکرێ ئەسپ سواری زۆر بە باشی گرێ بدرێ بە کەرتی پەروەردە و کەرتی گرینگی تری وەکو وەرزش و لاوان.
زۆر جار لە مێژوودا باس لە بە دیاری کردن و پیشکەشکردنی ئەسپ کراوە. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەسپ لە دێر زەمانەوە بە سیمبولی هێز و دەسەڵات دانراوە و لە هەمان کاتدا خاوەندارێتی ئەسپ بە هۆی گرانی بەهای ئەسپ لە چوارچێوەی چینێکی دیاریکراو سنووردار بووە.
مێژوو نایشارێتەوە کەوا ئەو کەسانەی ئەسپ سوارییان کردووە سەر بە چینی ئەرستوگرات بوون و بەو شێوەیە ئەسپ بە دیارییەکی تایبەت ئەژمار کراوە، بەڵگەش بۆ ئەو دیاردەیە  ئەوەیە، زۆر جار پاشاکان بە سواری ئەسپەوە وێنەیان کێشراوە.
لە مێژووی نزیك شا لویسی چواردەیەم لە ساڵی ١٦٩٩ لە لایەن سوڵتانی مەغریب مەولای ئیسماعیل چەندین ئەسپی بە دیاری پێ گەیشتوە بەمەبەستی خۆ نزیك كردنەوە لە فەرەنسا.
هەروەها ناپلیۆن زۆر ئەسپی وەکو دیاری لە لایەن سوڵتانی عوسمانی پێشکەش کراوە، بە تایبەتی باس لە ئەسپێ دەکرێ کە ناوی "وەزیر" بووە و چەندین ساڵ لە کاتی حوكمڕانی خۆی هاوەڵی ناپلیۆنی کردووە. ئێستاش ئەو نەریتە بەردەوامە،  سەرۆکی فەرنسا ئیمانوئێل ماکرۆن لە ساڵی ٢٠١٨ ئەسپێکی پێشکەش بە سەرۆك کۆماری چین، شی جین پینگ، کرد. 
ئەوەی کەوا ئەسپ سیمبۆلی دەسەڵاتە تەنها سنوور و ناوچەیەکی دیاریکراو ناگرێتەوە، زۆرێ لە دەسەڵاتداران بۆ نموونە، کیم ئیل سونگ و ماوتسی تۆنگ و جەنەراڵ دیگۆل و وینستۆن چێرچڵ و تەنانەت فلادمیر پوتین، ئەسپیان وەکو هێمایەك بۆ دەسەڵات بەکار هێناوە. 
زۆر جار لە فیستیڤالی وەرزشی ئەسپ و ئەسپ سواری و لە کاتی جامی هەرێمی و جیهانی ئەسپ چەندین گەڕ بە بەشداریکردنی سوارچاک لە هەردوو ڕەگەز ڕێکدەخرێ، تیایدا لە هەر گەڕێ جۆرە ئەسپێ بەکار دەهێنرێ بۆ مەودای زیاتر لە یەك کیلۆمەتر و نمایشی بڕینی ستوون و پازدان بەسەر بەربەستەکان پێشکەش دەکرێ.
ئێمە پێمان باشە دانیشتوانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی حکومەتی هەرێمی كوردستان گرینگی بە وەرزشی ئەسپ و بە پرۆسەی پەروەردەکردنی ئەسپ و بەشداری کردنی ئەسپی كوردی بدات لە بۆنە وەرزشیە جیهانییەکان، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە دەرفەتێ بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری پەروەردەکردنی ئەسپ و وەرزش و هونەرەکانی وابەستە بە ئەسپ بڕەخسێ و گەلان بە ئەسپی كوردی و ناوچەکانی پەروەردەکردنی ئەسپی كوردی و پێگەی ئەسپ و پاشخانی فەرهەنگی پەیوەست بە ئەسپ لە هەرێمی كوردستان ئاشنا بن و دەرگای پتەوکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان هەرێم و وڵاتان واڵا تر بێت و دەرفەتی بەهێزکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی زیاتر بێت و كوردستان بتوانێ بچێتە ڕیزی گەلانی گەورەی جیهان لە بواری ئەسپ سواری.
پێویستە پێگەی ئەسپ وەکو ئاژەڵێکی نەجیب لە ناو مێژوو و شوناسی ڕۆشنبیری نیشتمانی و بیری کۆمەڵ بەرز ڕابگیرێ و لە ڕێگەی کۆڕ و کۆڕبەندی زانستی هەستی پەروەردەکردنی ئەسپ باشتر بکرێت و زانیاری زیاتر بە جەماوەری كوردستان بدرێ سەبارەت بە پێگەی ئەسپ لەناو کەلەپوری زارەکی کوردی و گرینگی لە پەیوەندی دیبلۆماسی و ئاڵوگۆڕی نێوان هەرێم و دەرەوە.


 

هەواڵی پەیوەندیدار