بێ سەرۆککۆمارێکی كورد، کوردستانێکی بەهێز بینا ده‌كرێ؟

به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
کارنامەی لیستی پارتی بۆ ٤ساڵی دابێی حوکمڕانێتی لە هەرێمی کوردستاندا، لەژێر دروشمی کوردستانێکی بە‌هێزدایە. فەلسەفەی ئه‌و دروشمه‌ش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەقڵیەتی بە زەبری چەک بەچۆکداهێنان و بەکۆیلەکردنی تاکی کوردە، تێگەیشتنە لە سیاسەتی سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی كورد.
کوردستانێکی بەهێز، بۆ بەرگرتنە لە زیندووکردنەوەی بەجاشکردنی کۆمەڵگای کوردستان و، هاوكات قەڵغان دەبێ بۆ پاراستنی ئەو تاپۆ ڕەشەی سنووری باشووری كوردستانی دیاری كرد.
ئەگەرچی تاپۆ ڕەشەکە بەرەنجامی ئیرادە و بڕیارە مێژووییەکەی خەڵکی باشووری کوردستان بوو و بارزانی ڕابەرایەتیی دەکرد، بە داخەوە هەندێکی ئەحزابی سیاسیی ناسەربەخۆ، سەربەخۆییان بە خۆیان و کوردستانیانیش بە ڕەوا نەبینی و، دواجار میدالیای ١٦ـی ئۆکتۆبەریان به به‌رۆكه‌وه كرد. ١٦ـی ئۆکتۆبەر خیانه‌ت كرا و قەتیش لە زهنی کوردستانیاندا ناسڕێتەوە، چجای ڕابەری ڕیفراندۆم کە باش لەوە گەیشتووە، كه قۆناغی دابێ کوردستانێکی بەهێزی ده‌وێ و، بێ سەرۆککۆمارێکی 'كورد' (بە باوه‌ڕ كورد و نه‌ته‌وه‌یی)یش کوردستانێکی بەهێز هیچ واتایەکی نابێ.
عەرەب بیزانێ، بۆ دەبێ لەنێو کورددا هەبێ نەیزانێ کە ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم و ماف و ئامانجەکانی نەتەوەی کود بوون، ناتوانن لە بەغدا ببنە بەرگریکار لەو ئامانج و مافانە!، لەبەر ئەوە پارتی پێداگری لە کاندیدی خۆی دەکات بۆ پۆستی سەرۆککۆماری، تا چی دی مساوەمەچی و هەرزانفرۆشانی دۆزی کورد، به هۆیه‌وه پێگەیان بەهێزتر نەبێ.
بۆیێ لەکن پارتی و سەرۆکەکەی، پۆستی سەرۆککۆمار تەنیا بۆ شیرینی و ئیمتیازاتی كه‌سی نییە، هه‌روه‌ها بۆ ئیدارەدانی سێ لیوا تایبەتەکەی سەرۆکایه‌تیی کۆماریش نییە، چونک ئەو ئەرکێکی قورسی لە ئەستۆیە کە پاراستنی دەستوور و مافە دیاریکراوەکانی گەلەکەیەتی لە نێویدا، هه‌موویش ده‌زانین لە ڕابردوودا هیچمان لێیان نەبینوە.
به‌ر له ڕیفراندۆم، دوژمن، داگیرکا‌ر و نه‌یارانی سه‌ربه‌خۆیی دەیانزانی، کوردستان خاوەنی هێزی خۆڕاگرە و ناسیۆنالیزمی کورد لە هەڵکشان بوو، دەیانزانی وا خەریکە کوردانی باشووری کوردستان قۆناغی پاشکۆبوون تێدەپەڕینن، بەمەش مرۆڤدۆستترین نەتەوە دەوڵەتی دیموکراتی فیدراڵی کۆماری لە چەقی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دادەمەزرێنن، بۆیە بە چەک بەریان پێی گرت.
خۆ ئه‌وان دەمێک بوو کاریان لەسەر ئەو بەر پێگرتنە دەکرد. حەنان فەتلاوی لە مانگی جوونی ٢٠١٦ پێزانینی هەبوو لەوەی، بەرلەوەی ئەوان ڕێ لە دابەشبوونی عێراق بگرن، یەکێتی و گۆڕان ئەو کارەیان کرد. هەر بە دوای ئەویشدا عەلی عەللاق، عێراقی و عێڕاقچییەکانی دڵنیا کردەوە کە ئەم دوو حزبە ناهێڵن عێراق دابەش بکرێ.
بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق و لێدوانە ئاگرینەکانی عەبادییان لە سەپتەمبەری ٢٠١٧ـدا کە دەیگوت: "ئەوەی کورد لە ساڵی ١٩٩١ و بە هۆی شەڕی کوێتـەوە دەستیان کەوتووە، هەڵدەشێنینەوە.. ئەوەشی دەنگی بە سەربەخۆیی دابێ دەبێ سزا بدرێ''، ده‌رككردن به‌و واقیعه بوو، بۆیه گه‌له‌كۆمه‌یان له سه‌ربه‌خۆخوازان كرد.
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌و ڕووداوه تاڵه مێژووییانه و بۆ به‌رگرتن له چه‌ندباره هه‌ڵكوتانه سه‌ر قه‌واره‌ی سیاسی و ئیداریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و، دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی له‌باربردنی كۆی ده‌ستكه‌وته‌كان، پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی دڵسۆزانه و له‌خۆبردووانه و بۆ پاراستنی كوردستان، كاندیدكردنی كوردێك به زه‌روره‌ت ده‌زانن و كار بۆ سه‌رخستنیشی ده‌كه‌ن.




