حكومەتی عێراق خۆی سەرچاوەی كێشەكانەچۆن دەتوانێت چارەسەریان بكات؟

فەرهاد محەمەد
لەو كاتەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كشانەوە و بەپێی رێككەوتنی سۆفا دەسەڵاتی رەهای حوكمڕانی عێراق تەسلیمی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە كراوە، حكومەتی عێراق بە پشتیوانیی كۆی لایەنە سیاسییەكانی شیعە بریتی بووە لە (حكومەتی بەرهەمهێنانی كێشە) نەك چارەسەركردنی كێشەكان، هەربۆیە لە كابینەی دووەمی نوری مالیكییەوە هەتا ئێستا، حكومەتی عێراق لە بری ئەوەی هەوڵیدابێت كێشەیەك چارەسەر بكات، كێشەیەكی دیكەی دروستكردووە بۆ ئەوەی كێشەكەی پێشتری پێ بشارێتەوە.
ئەگەر لەو میتۆدەوە هەوڵبدەین بەناو ئەو كێشانەدا رۆچین كە ئێستا خەڵكی بەسڕەی هێناوەتە سەر شەقام و پارێزگا شیعەكانی دیكە بۆ هەمان كێشە و بۆ پشتیوانیی خەڵكی بەسڕە ئەوانیش رژاونەتە سەر شەقام، دەبینین هەموو ئەو كێشانەی هەن، هیچیان دەرهاویشتەی خراپیی كەمیی باری دارایی، یان هەژاری عێراق نین، بەڵكو دەرهاویشتەی سیاسەتی بەئەنقەستی ئەو لایەنە سیاسییانەی شیعەن كە لەژێر چەتری هاوپەیمانیی نیشتمانی كۆبوونەتەوە.
هەر بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری ئەوە بكەین، بۆچی جووتیارانی بەسڕە ئێستا كشتوكاڵ بەرهەم ناهێنن، ئایا خەڵكەكە حەزی لە كشتوكاڵ نییە، یان سیاسەتی حوكمڕانی لایەنە شیعەكان وایكردووە كە خەڵك نەتوانێت كشتوكاڵ بكات؟ بێگومان هەموو خەڵكی عێراق دەزانن، پێشتر تەنیا بەرهەمی كشتوكاڵیی ناوچەی زوبیر دەیتوانی پێداویستی چەندین بەرهەمی وەك (تەماتە و خەیار و باینجان و. هتد) لە سەرتاسەری عێراق بۆ ماوەی 4-5 مانگ پڕبكاتەوە، هەروەها خورمای بەسڕە بێجگە لە پێداویستیی ناوخۆ، رەوانەی دەرەوەش دەكرا، بەڵام ئێستا لە سایەی حوكمڕانیی فەشەلی لایەنە شیعیەكاندا، لە ئێرانەوە تەماتە و خەیار و باینجان و شووتی و خورما و. هتد بۆ بەسڕە دەهێنرێت، خەڵكی بەسڕە دەڵێن، لەبەر جیاوازی بەهای دراوی تمەن بەرامبەر دراوی دینار، نرخی بەرهەمە كشتوكاڵییە هاوردەكانی ئێران زۆر لە نرخی بەرهەمی خۆماڵی هەرزانترە، بۆیە جووتیارانی عێراق ئەگەر كاری كشتوكاڵی بكەن، لە بری قازانج، زەرەر دەكەن، بەڵام ئەگەر پرسیارێكی دیكە بكەین، ئایا بۆچی حكومەتی عێراق یاسایەك بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەرناكات؟ بێگومان وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەوەی ئەو شمەكانە لە ئێرانەوە بۆ عێراق هاوردە دەكات، خودی دەسەڵاتدارانی لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقن. یان ئەگەر بپرسین: ئایا بۆچی ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ شارێكی وەك بەسڕە دابین نەكراوە؟ ئەمەشیان وەك خەڵكی تەكنیكی بەسڕە ئاماژەی پێ دەكەن، چەندین جار بەناو پارە بۆ پڕۆژەی ئاوی بەسڕە دیاریكراوە و هەر جارێك لایەنێكی شیعە كە دەسەڵاتدار بووە لەو شارە پرۆژەكەی دواخستووە و پارەكەشی بێ سەروشوێنە.
حكومەتی عێراق بۆ وەڵامدانەوەی خواستەكانی خۆپیشاندەران، لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی كێشە بەپەلەكان چارەسەر بكرێت و ئەوانی دیكەش بەسەر بەرنامەیەكی مامناوەندی و دوورمەودا دابەش بكرێت، سەبارەت بە كێشە بەپەلەكان بە پلەی یەكەم دابینكردنی (ئاوی خواردنەوەی پاك و وزەی كارەبایە)، بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە چارەسەرەكەیان ئەوەیە بە تانكەر ئاو دابەش بكەن و بۆ كارەباش وەزیری كارەبایان رەوانەی كۆماری ئیسلامی كردووە، بۆ ئەوەی وزەی كارەبا لە ئێران بكڕێت، لێرەوە ئەگەر سەرنج لەم دوو چارەسەر بدەین كە حكومەتی عێراق بۆ ئەم دوو كێشە گرنگە دۆزیویەتەوە، دەبینین هەردووكیان دوو كێشەی دیكە دروست دەكەن، بۆ شاردنەوەی ئەم دوو كێشەی كە ئێستا هەن، سەبارەت بە یەكەمیان كە دابەشكردنی ئاوە بە تەنكەر، دیارە دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی لەمجۆرە بۆ دابینكردنی ئاوی پاك تەنیا بۆ شارێكی وەك بەسڕە كە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە چوار ملیۆنە، دەبێت پارەیەكی ئەوتۆی بۆ تەرخان بكرێت كە زۆر لە پارەی ئەو پرۆژە ئاوە زیاتر دەبێت كە بۆ 25 ساڵی داهاتوو كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ بەسڕە چارەسەر دەكات، بۆیە كاتێك ئەم پارەیە بۆ تەنكەری ئاو دابین دەكرێت، پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی بەسڕەو شارەكانی دیكە پەك دەخرێت، سەبارەت بە چارەسەری دووهەمیشیان بۆ دابینكردنی كارەبا كە بە حیساب لە ئێرانی دەكڕن، ئەمیش كێشەیەكی گەورەتر دروست دەكات، باشە ئێران چۆن تەنیا كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، لە كاتێكدا خۆپیشاندەران داوادەكەن هیچ بەرهەمێكی دیكەی ئێرانی بۆ عێراق هاوردە نەكرێت، بۆیە ئەگەر دابینكردنی كارەبا بەو مەرجە بێت، بە هەمان شێوەی جاران هەموو بەرهەمێكی ئێران بێتە عێراقەوە، ئەمەشیان مانای ئەوەیە بەشێكی دیكەی خواستی هاووڵاتیان پشتگوێ خرا و حكومەتیش ناتوانێت هەلی كار بۆ خەڵك دابین بكات.
كێشەیەكی دیكەی خەڵكی بەسڕەو باشووری عێراق، كێشەی بێكارییە، حكومەتی عێراق بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەش بڕیاری داوە 10 هەزار كەس بە شێوەی گرێبەست لەسەر وەزارەتە جیاوازەكانی حكومەت دابمەزرێنێت، ئەگەر سەیری ئەم چارەسەرەش بكەین، كە تەنیا بۆ بێكاریی خەڵكی بەسڕە پێشنیار كراوە، دەبینین ئەمەش كێشەیەكی دیكە بۆ هەڵاوسانی حكومەت دروست دەكات، ئەمە لەكاتیكدا چەندین كارگەی گەورە لە بەسڕە هەن كە دەتوانرێت بە مووچەی ساڵێكی ئەو 10 هەزار فەرمانبەرەی كە بەنیازن دایبمەزرێنن، دووبارە چاكی بكەنەوە و زۆر لەو 10 هەزارەش زیاتر هەلی كار دروست بكەن، بەڵام بۆچی هەنگاو بۆ چارەسەری هەڵدەگرن و خۆیان لە چارەسەری راستەقینە نزیك ناكانەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارەش وەك چاودێرانی سیاسی لە نزیكەوە دەیدەنەوە، ئەگەر بیر لە چارەسەری راستەقینە بكەنەوە، ئەوا دەوڵەتی عێراق بەرەو دامەزراوەییكردن دەچێت و دامەزراوەكان بەهێز دەبن، كاتێكیش دامەزراوە بەهێز بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە كە هێزی میلیشیایی و مەزهەبگەرایی دەپووكێتەوە و ئەو لایەنە سیاسیانەشی كە سیاسەتی میلیشیایی مەزهەبگەراییان كردووە بە خۆراكی سیاسەتی بەردەوامیان، ئەوا ئەوانیش دەپووكێنەوە و لە پرۆسەی حوكمڕانیدا نامێنن، بۆیە ئەم تاقمەی ئێستا بەناوی نوێنەرانی شیعەی عێراقەوە مۆنۆپۆلی سیاسەتی حوكمڕانی عێراقیان كردووە، قازانجەكەیان لەوەدایە بۆ شاردنەوەی هەر كێشەیەك، كێشەیەكی دیكە دروست بكەن، بەڵام پرسیاری گرنگ و كۆتایی ئەوەیە، ئایا تاكەی ئەم سیاسەتەیان بۆ دەچێتەسەر؟ بێگومان وەڵامی خۆپیشاندەران و پشتگیریی مەرجەعییەتی نەجەف ئەوەیە كە ئەمجارە دەبێت كۆتایی بێت و نابێت كێشەكان بە دروستكردنی كێشەی دیكە بشاردرێنەوە، ئەمەش عێراق دەخاتە ناو تونێلێكەوە كە زەحمەتە بە ئاسانی رووناكیی ئەو سەری تونێلەكەی لێ دەربكەوێتەوە.




