وڵاتی قەیرانی بنبەست

بەهزاد حەوێزی
دوابەدوای دواهەمین هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، دواكەوتنی لیستە برا و پێشەنگەكان لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، كەڵەكەبوونی كێشە و گیروگرفتەكان لەسەر هەموو ئاستەكاندا، بارودۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، سیستەمەكەش بەشێوەیەكی گشتی گڵۆڵەی كەوتۆتە لێژی.
هۆكاری ئەو ئاشوب و بێسەروبەریەی ئەو وڵاتە شتێكی تازە و سەیر نییە، بەڵكو ئەوەی ئەمڕۆ لەزۆربەی شارەكانی عێراق بەتایبەتی لە باشوور بەردیدە دەكەوێ و رۆژانە لەسەر شاشەی تیڤیەكان دەبینرێ، دەرەنجامێكی ماقووڵ و مەنتیقی شكستە یەك لەدواییەكەكانی ئەو پارتە سیاسی و كەسایەتی و سیاسەتمەدارانەیە كە جڵەوی حوكمڕانی و سیستەمەكەیان بەدەستە.
لە زۆربەی دیدارولێدوان و بەرنامەی میدیاكاندا بەگشتی سەرنج دەدەم ئەو كەسایەتی و سیاسی و ئەكادیمیستانە بەتەواوەتی نیشانە ناپێكن، زۆر مەوزوعیانە و بێلایەنانە رەوشەكە تاوتوێ ناكەن، جا چ خەڵكی مولتەزیم بن یا بەرپرسی ئەم یا ئەو پارتە یا ئەم رێكخراو ئەو لایەنە، راستە هۆكارەكان كەم نین و هەمەجۆریشن، راستە هی رۆژێك و دوان و مانگێك و ساڵێك و دوان نین، وەلێ ناشكرێ كێشە و كەموكوڕییە لاوەكییەكان ببن بە هۆكاری سەرەكی و راستەقینەی ئەو قەیرانانە، كە واخەریكە بە بنبەست دەگەن.
هەندێكیان هۆكارەكە بۆ سیستەمی كۆمەڵایەتی و نادادوەریی كۆمەڵایەتی دەگەڕێننەوە، هەندێكی دی بۆ تارادەیەك داكشانی ئاستی گوزەران و باری ئابووری، هەیشە بۆ شكستی نوخبەی سیاسی دەشكێنتەوە یا نەزعەی تایەفی و مەزهەبگەرایی یا نەتەوەیی یا دینی،..تد.
لەسەرووی هەموو ئەوانەوەش هۆكاری گرنگ هەن لەوانە:گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە و بەهەدەربردنی سەروەت و سامانی گشتی و دزی و رووتاندنەوەی موڵكی گشتی و دەوڵەت.
بێگومان كێشە و قەیران بەرلەوەی چارەبكرێ، پێویستە دەستنیشان بكرێ، گەرهاتوو بەوردی و دیقەت و رەوانیەوە شەنوكەو نەكرا و راستەرێی چارەی بۆ دیاری نەكرا ئەوە چاوەڕوانی چ ئومێدێكی گەش بۆ ئایندەی ئەو وڵاتە مەكە، بەڵكو بەپێچەوانە زیاتر بەرەو لێكترازان دەچێ.
كێشەی درێژخایەنی ئەو وڵاتە لەیەك زەمەن و لە یەك خاڵ بەرجەستە نەبووە و نابێ، بەڵکو هاوكێشەیەكی فرەڕەنگە و هەمەجۆرە لەرووی ناوەوە و دەرەوەدا، لەرووی پێكهاتەی نەتەوەیی و دینی و ئایینیەوە، لەرووی كولتوور و جوگرافیاوە، لەرووی دابونەریتەوە، لەرووی دەرەوەش كاریگەری و دەستتێوەردانی ئیقلیمی و دەولی و بەرژەوەندییەكان.
كەواتە ئێمە ئاماژە بە دەوڵەتێك دەكەین نە لەسەر پێیەكانی خۆی وەستاوە و نە راستەڕێی حوكمڕانی خۆیشی گرتووە و پیادەكردووە، بەپێی رێساویاسا باوەكان سەروەری خۆی لەدەستداوە، شكستخواردووە لە بیناكردنی دەوڵەتی موئەسەسات، توندوتیژی و شەڕ و كوشتار لێرەولەوێ بەردەوامە، گرژیی و ناسەقامگیریی، رەنگە بەردەوامبوونی دەوڵەتی شكستخواردوو ببێتە هۆی داڕمانی ئەو دەوڵەتە لەحاڵەتی كارلێككردنی نێوان گۆڕانكاریە دەرەكییەكان(ژینگەی دەولی وئیقلیمی) و گۆڕانكارییە نێوخۆییەكان(بۆنموونە شكستی سیستەمی سیاسی لە ئیحتواكردنی توندوتیژی، شكستی لە تەوافوق و تەوازون و شەراكەت لەنێوان حزبولایەنە سیاسیەكان و پێكهاتەكان، لە سەقامگیریی سیاسی، لە پیادەنەكردنی یاسا و دەستوور).
بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو سیستەمە دووچاری لێكترازان ببێتەوە، ئەگەر هاتوو فاكتەرە نێوخۆییەكان زەوی نەسازبن، وەلێ فاكتەرە ئیقلیمی و دەولییەكان هێشتا بەربەستن، بەهەرحاڵ دوا چارەسەر لەو دووڕیانە هەر ئەوەیە: یا ئەوەتا عێراق بگەڕێتەوە وەك دەوڵەتێكی بەهێزی دامودەزگایی، خاوەن سەروەری و ئابووریەكی گەشەكردووە و بەهێز، كە ئەمەش بەپێی ئەو دیفاكتۆ و دەرهاویشتە و رەهەندانەوە وەك خەون وایە، یا دابەش ببێتە سەر سێ هەرێمی جیاواز بەپێی چەند ماددەیەكی هەمواركراو لەو دەستوورە جا لەژێر هەر ناوێكی یاسایی-دەستووری و سیاسی بێ.




