نێچیرڤان بارزانى و دیپلۆماسیەتى قیبلەنما

د عومهر نوورەدینى
چەمکى دیپلۆماسیەتى قیبلەنما، هەڵگرى مانا و دەلالەتێکى تایبەتە و بەرجەستەکەرى جۆرێک لە دیپلۆماسیەتى کارا و بزێوى ئەوتۆیە، کە کاتێک دەوڵەتێک، قەوارەیەکى سیاسى، حکوومەتێک، کاروانى بوون و مانەوە و پێشکەوتنى رێگا بزر دەکا و دەکەوێتە ناو تەمومژى چڕى کیشە و هەڕەشەوه، یان کاتێك کەشتىی ئامانج و دەستکەتەکانى دەکەوێتە ناو گیژاو و زریانى سەختى ڕێگاونکەر، ئەو دیپلۆماسیەتە وەک قیبلەنمایەکى ڕاستبین و وردبین، ڕێگاى ڕاست و سەلامەتیی کاروانى بەردەوامى و مانەوە و گەشەسەندن دەدۆزێتەوە و کەشتیى دەستکەوتەکان لە نقوومبوون و تێداچوون دەپارێزێ و دەیگەیێنێتە کەنارى ئارامى.
لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوودا هەرێمى کوردستان خرایە ناو قەیرانێکى سیاسى و داراییى نەخوازراوى سەخت و دژوارهوه، هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانى پشت دروستبوونى ئەو قەیرانە زۆربەیان لە دەرەوەى ویست و دەستەڵاتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوون، قەیرانى سیاسیى ناوخۆ کە زیاتر پەیوەندى بە ڕیکخستنى یاساییانەى سیستەمى سیاسیى هەرێمى کوردستان و بەتایبەتى هەموارى یاساى سەرۆکایەتیی هەرێمەوە هەبوو، بەهۆى پابەندنەبوونى بەشێک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان بە پرنسیپى تەوافوقەوە بوو، کە خالێکى جەوهەریى بەرنامەى کابینەى هەشتەمى حکوومەتى هەرێم بوو ڕێککەوتنى لەسەر کرابوو، هەروەها پاشەکشەى ناوەخت و بێ پاساوى بەشێک لە پارتە سیاسییە بەشدارەکان لە حکوومەت.
قەیرانى دارایى دەرهاویشتەى کۆمەڵێک هۆکار بوو کە لە سەرووى دەستەڵاتى حکوومەتى هەرێم بوون وەک: جەنگى داسەپاوى داعش، رووکردنە هەرێمى کوردستانى ملیۆنان پەنابەر و ئاوارە، دابەزینى خێرا و چاوەڕواننەکراوى نرخى نەوت، بڕینى بودجە و مووچەى گەل و قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکوومەتى بەغداوه، جەنگى سیاسى و یاسایى لە دژى سیاسەتى سەربەخۆیى ئابووریى هەرێمى کوردستان، کردنى ڕیفراندۆم بە پاساو بۆ سزادرانى ئابوورى و سیاسى و سەربازی و دیپلۆماسیانەى خەڵکى کوردستان و داخستنى فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان و..هتد..
ئەو قەیرانە سیاسى و داراییەى بە مل حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا هێنرا، هەڕەشەى گەورەى لەگەڵ خۆىدا هێنا، بە ڕاددەیەک مەترسیى جیددى لەسەر بوون و مانەوەى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى دروست بووو، هەرەک چۆن لە ڕووداوەکانى مانگى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٨دا بینیمان و کار بەوەگەیشت حکوومەتى عیراق لە دەرەوەى دەستوور و ڕێککەوتن و بە زەبرى هێزى سەربازى بکەوێتە دووبارە داگیرکردنەوەى بەشێک لە خاکى هەرێمى کوردستان و، لە یاساى بودجەى ساڵى ٢٠١٨ دا لەجیاتى زاراوەى (هەرێمى کوردستان) ناوى پارێزگاکان بنووسێ، ئەمە لەکاتێکدا کە دەستوورى عێراق دانى ناوە بە هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى دەستوورى و سیاسى.
لەناو گێژاوى قەیران و شێواویى ونکردنى ڕێگا و ئاسۆى ڕووناکدا، نیچرڤان بارزانى وەک سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و کاراکتەرێکى سیاسیى میحوەرى و بزوێنەر و کۆسپشکێن، توانى لەسەر ئاستى ناوخۆ سەقامگیریى سیاسى و یەکگرتووییى سیاسى و ئیدارى و حوکمڕانیى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان بپارێزێ کە دوژمنانى دەرەکى و نەیارانى ناوخۆ کاریان بۆ دەکرد، لەسەر ئاستى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى لە میانەى پەیڕەوکردنى میتۆدێکى سیاسى کە ئاوى لە سەرچاوەى تێزى (هێزى نەرم) دەخواردەوە و تێکهەڵکیش بوو بە سەرکێشى و ئازایەتى و ورەو ئیرادەپتەوى، دیپلۆماسیەتى قیبلەنمای خستەگەڕ، هەروەها بە ڕەچاوکردنى ئسلوبى پشوودرێژى و دانبەخۆداگرتنێکى پراگماتیانەى تاڵ، کەشتیى هەرێمى کوردستانى بە ناو زریان و شەپۆلى هەڵچووى ڕقى دوژمنان و گێژاوى قەیرانى سیاسى و داراییى تودنددا بە سەلامەتى دەرباز کرد و گەیاندیە کەنارى ئارامى.
کردنەوەى فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان، شکاندنى گەمارۆى دیپلۆماسى و گەڕانەوەى بەهێزى هەرێمى کوردستان بۆ ناو دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییهكان، هەر بۆ نموونە (دیدارى سەرۆکى حکوومەت نیچیرڤان بارزانى لەگەڵ سەرۆکى فەڕەنسا و ڕاوێژکارى ئەڵمانیا و سەرۆکوەزیرانى هۆڵەندا و سەرۆکى رووسیا و وەزیرى دەرەوى ئەمریکا و پاپاى ڤاتیکان و پاشاى ئوردن، بەشداریى لە دیدارى ئابووریى داڤۆس و کۆنگرەى ئاسایشى میونشن) و ..هتد .. هەروەها بەرگریى دەوڵەتە زلهێزەکان لە بوون و مانەوەى هەرێمێکى کوردستانی یەکگرتوو، ئارامکردنەوەى سیاسەتى هەڵچووى پایتەختەکانى تاران و بەغدا و ئەنقەرە بەرامبەر بە هەرێمى کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەکانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ سەرۆککۆمارى ئێران و سەرۆکوەزیرانى عێراق و پاشان سەرۆکى تورکیا، بووە مایەى خاوبوونەوەى گرژییەکان و هەڵوەشانەوەى تەونى نەخشەى هاوبەشیان بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان، هەروەها بەردەوامبوون لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتى عێراق و گەیشتن بە جۆرێک لە ڕێککەوتن لەسەر پرسى بودجە و مووچە و ڕەچاوکردنى کۆمەڵێک هەنگاوى ناخۆیى بۆ بەخۆداچوونەوەى ئابوورى و دارایى، توانرا پێداچوونەوە بە سیستەمى ناچاریى پاشەکەوتى مووچە لە بەرژەوەندیى موچەخۆراندا بکرێ و، جۆرێک لە بوژانەوە بگەڕیتەوە ناو ژیانى ئابووریى هەرێمى کوردستان و سەرەنجام هەرێمى کوردستان قۆناغێکى سەخت لە ڕووبەڕووبوونەوەى قەیران تێپەڕێنێ، لە دەربازکردنى ئەم قۆناغە سەختەدا سەرهڕاى خۆڕاگرى و جوامێریى گەلى کوردستان و ئازایەتى و بەرخۆدانى پپشمەرگە، دیپلۆماسیەتى قیبلەنماى نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵى میژوویى گیڕا و بوو بە کلیلى کردنەوەى دەرگا داخراوەکان.




