کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هیچی پێ نییە!!

غازی حەسەن
دوای ئەوەی ئەخزەر ئیبراهیمی سەردانی سوریا کرد و بیرۆکە کۆنەکانی خۆی بەسەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد راگەیاندەوە، لە دوای کۆبوونەوەکە راشکاوانە گوتی شتێکی نوێمان پێ نەبوو، هەر تەنیا بیرۆکەی خۆم بە سەرۆکی سوریا گەیاند، دەزگاکانی راگەیاندنیش گوتیان ئیبراهیمی نامەی لێکزیکبوونەوەی روسیا و ئەمەریکای بۆ چارەسەری کێشەی سوریای گەیاندۆتە ئەسەد. مەسەلە رەنگە وابێت و رەنگە واش نەبێت، چونکە کۆبوونەوە داخراو و کراوەکانەی ئەم دوو وڵاتە بۆ چارەسەری سیاسیانەی کێشەی سوریا بەردەوامە. و لەهەمان گاڤیشدا هیچی نوێیان بۆ چارەسەری کێشەکان نەخستۆتە روو.
حکوومەتی سوریا بە توڕەییەوە وەڵامی ئەخزەر ئیبراهیمی دایەوە و گوتیان ئەو لە نێوەڕۆکی ئەرکەکەی خۆی دەرچووە، چونکە ئیبراهیمی دواین دەستپێشخەرییەکەی ئەسەدی بە تائیفی وەسفکردووە هەروەها گوتیەتی ئەم خانەوادەیە چی دیکە کاتی حکوومڕانیان لەبەردەمدا نەماوە. ئەمە بەجۆرێکی دیکە گرژییەکان پەرەپێدەدات و دوور نییە ئاستەنگ لەبەردەم کۆششە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری سیاسی کێشەی سوریا ڕکو پڕ گرێتر بکات. بێگومان هەموو جۆرە دانوستان و دەستپێشخەرییەک رووبەروی رەخنە و هەروەها پشتگیری دەبێتەوە. بەشی هەرە زۆری وڵاتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و هەتا عەرەبییەکانیش دەستپێشخەرییەکەی ئەم دواییەی ئەسەدیان بە لە بارچوو و بێ ناوەڕۆک و جواوە دانا، تەنیا روسیا و ئێران نەبێت بە کارێکی گونجاو ئەژماریان کردووە. کەواتە هاوپەیمانییەتی وبەرژەوەندی و هەڵوێست لەبەرانبەر پرۆسەی سیاسی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا کە پتر لە شەست هەزار کەسی تێدا کوژراوە، زەق و دیارن و هیچ لایێک ناتوانێت بیانشارێتەوە.
رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا و ئەمەریکا بە ئامادەبوونی ئەخزەر ئیبراهیمی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی سازدرا، بەڵام لایەنە بەرپرسەکان هیچیان نەدرکاند، تەنیا ئەوە نەبێت کە هەردوو دەوڵەت جەختیان لەسەر چارەسەری سیاسی و گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی جنیڤ نەبێت، کردۆتەوە. ئیبراهیمی هەمیسان رایگەیاند "دیسان جەختمان لەسەر بیروراکانمان کردەوە کە چارەسەری سەربازی لە گۆڕێدا نییە، پێویستە بگەینە چارەسەری سیاسی لەسەر بنەمای رێککەوتنی جنێڤ کەلە 30حوزەیرانی 2012دەرچووە، گوتیشی "ئەگەر پرسیاریش لەسەر ئەوەیە کە چارەسەر نزیکە. من لەمە دڵنیا نیم"
کەواتە هیچ جۆرە دڵنیاییەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئارادا نییە، بۆ چارەسەری سیاسی، چونکە نێردەی نێودەوڵەتی "دڵنیا نییە لە چارەسەری سیاسی کێشەکان" و هەروەها لەوەپێشتریش رایگەیاند کە ئەگەر رێککەوتنی سیاسی سەرنەگرێت ئەوە دۆزەخ روودەدات. ئەوەی لە سوریا روودەدات بە خوێنێکی سارد و زۆر بەئاسایی رۆژانە بەدەیان کەس دەکوژرێن و ژمارەی پەناهەندە و راکردووانی دەستی شەڕ لە زۆربوونە و ئۆپۆزسیۆن فشارەکانیان دژی سوپای ئەسەد و ناوچە گرینگەکانی حکوومەتی سوریا فرەتر دەکەن و ئاراستەکان بەرەو ئەوەن فڕۆکەخانە ودیمەشقی پایتەخت ئابلوقە بدەن. لەبەرامبەریشدا حکوومەتی سوریا کار دەکات سود لەکات وەربگرێت و بە شێوەیەکی ئاسایی لەرێگەی بانگەشەی بۆ چارەسەری سیاسیو نیشاندانی لایەنە ئیسلامییە توندڕۆکان وەکو سلبیاتی شۆڕش لای ئەمەریکا و کۆمەلگەی نێودەوڵەتی، درێژە بە کوشاتار و ئەو دۆزەخە بدات کە رۆژانە لە سوریا روودەدات. سەرباری ئەوەی روسیا و ئێرانیش پێداگری لەسەر مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵات دەکەن. هەریەکەیان لە روانگەی جوداوە مەسەلە لێکدەدەنەوە. روسیا نایەوێت دواین پێگەی ستراتیژی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دوای لیبیا لەدەست بدات، نەبادە بەیەکجاری ئەو لە ناوچەکە درچێت و دەرگا لەبەردەم بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا والابێت و بە یەکجاری دەست بەسەر رۆژهەڵاتی ناڤیندا بگرن. بۆیە روسیا لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی هاوکاری دەسەلاتی ئێستەی سوریا دەکات و ناهێلێت هیچ بڕیارێکی کاریگەر دژی بەشار ئەسەد و رژێمەکەی دەرچێت و لە نێوەخۆشدا هاوکاری مرۆیی و تەکنیکی و سەربازی سوریا دەکات. ئێرانیش وەکو هاوپەیمانی ستراتیژی و مەسەلەیەکی چارەنووساز سەیری کێشەکانی سوریا دەکات، چونکە دوور نییە دوای روخانی بەشار ئەسەد هاوپەیمانەکانی لە لوبنا ن و عێراقو فەلەستینیش بڕوخێن. ئەگەر هەنگاوی دووەم لە دەڤەرەکە بۆ ئەنەبێت کێشەکە بخرێتە نێو خودی ئێرانیشەوە. بۆیە ئەگەر نەتوانێت لە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی هیچ کارێک بکات، لەبەر دابڕانی و کێشەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش و مەسەلەی چەکی، ئەوە لە ناوەخۆ و ناوچەکە بەهێزەوە پالپشتی ئابوری و سەربازی و تەکنیکی دەسەڵاتی ئێستای سوریا دەکات. بۆیە ئیبراهیمی ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچی بۆ چارەسەری کێشەکانی سوریا پێ نییە. لەبەر ئەوە دوور نییە لە ئەنجامی خەمساردی و درێژە کێشانی کێشە و کوشتار و دەستێوەردانەکان، دوارۆژی سوریا لەوە مەترسیدارتر بێت کە هەنووکە رەچاوی دەکەن. بەدڵنییاشەوە هەرچەندە کوشتار و شەڕ فرەتر و خراپتر بێت، ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکان و دوارۆژی پرۆسەی سیاسی لە سوریا ئاڵۆزتر و دژاورتر دەبێت. چونکە خەڵکی ناڕازیی بەرەو ئەوە دەبردرێن کە هەموو شتێک بەناوی حکوومەت بە دوژمن بزانن، ئەمەش وا دەکات دەوڵەتی سوریا هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە دەرفەتی گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕی سیاسی و پێکهێانی قۆناغی راگوزاری لەرێگەی چارەسەری سیاسی بەسەرچووە. ئەوەی لە مەیدان روودەدات شەڕێکی راستەقینە و کێشەی تائیفی بەرەو چەسپاندن دەچێت و دەوڵەت کۆنترۆڵ لەدەست دەدات و پێکهاتەکان گومانیان لەهەمبەر یەکتر پتر دەبێت. کۆمەلگەی نێودەوڵەتیش دابڕاو لە بڕیاری یەکلاکەرەوە حیساب دەکرێت. بۆیە ئاساییە لەئاکامی ئەم دابڕان و بێدەسەڵات بوونەوەی ئەوروپا و ئەمەریکا، لایەنە توندرەوەکان ئاسانتر دەسەڵات لە دوای ئەسەد بگرنە دەست، چونکە ئەوەی دەبینرێت لایەنە سەلەفیو ئیسلامی و هەتا توندڕۆکان لە مەیداندا بانگەشەی رزگاری دەکەن، ئەوانیش ترسی چەسپاندنی تایفیان لێدەکرێت. لەبەر ئەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچی نابێت، ئەوان بڕیار دەر دەبن. ئەوانیش نوێنەرایەتی سونە دەکەن، کە مێژووی دابڕاندان و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات لە پشتە، پێچەوانەی عەلەوییەکان، کە هەنووکە سوتاوی تێکەلبوونن لە دەسەڵاتدان. بۆیە ئاساییە گومان بکرێت کە کۆمەلگەی نێودەوڵەتی لەئەنجامی بەرژەوەندی و حیساباتی جود جودا هێچیان بۆ هاوکاری سوریا پێنەبێت. کوشار بەردەوام بێت وتوندڕەویی دوا رۆژی رووداوەکان کۆنترۆل و ئاراستە بکات.




