٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

عێراق و چارەسەرییەكانی

سەرچاوە: KDP.info

نووسینی: كامەران عومەر

رۆژ لە دوای رۆژ تەنگەژەكانی عێراق قوڵتر و زیاتر دەبن و رێكارەكانی چارەسەریش ئەستەم تر !! لە دوای تەنگەژەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كە ئێستا لە رێگای دانووستانەكانەوە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت، هێوربوونەوەی بەخۆوە بینیوە، خۆپێشاندانەكانی جەماوەری سوننە مەزهەبیش لەدژی دەسەڵاتی حكوومەتی شیعەی عێراق هاتۆتە كایەوە، كە ئەویش بەرەو ئاقارێكی تووند دەڕوات و سیناریۆی دەرنجامەكانی ئەو پێكدادانەش لە عێراق، پێم وایە لەم چوار ئەگەر و سیناریۆیە خۆی دەبینێتەوە.

 ئەگەری یەكەم : (رووبەرووبوونەوە) لە كاتی بەریەككەوتن و پێكدادانی تووند، شەری ئەهلی و نێوخۆیی لەنێوان هەردوولا واتە شیعە و سووننەكان لە عێراق دروست دەبێت، ئەویش بەمانای گەڕانەوەی عێراق دەبێت، بۆ هەمان رەوشی ساڵەكانی 2005 و 2006 كە تێدا شیعەكان باڵادەستییان لەحوكمرانی عێراق نواند و، سوونەكانیش بەشێكیان لە دەسەڵات خۆی بینییەوە و بەشەكەی تریش بوون بە بەرهەڵستكار، بەپێی تای تەرازو و یەكسانی هێز لە ناوچەكە، شیعەكانی عێراق زیاتر و پشت ئەستوترن بە وڵاتانی دەورووبەر بەتایبەت ئێران، بۆیە ئەگەری دروست بوونی ئەو سیناریۆیە بۆ سوننەكان سەختە.

ئەگەری دووەم : (دابەشبوونی عێراق) دەستووری عێراق رێگا دەدات بە ناوچە سوونییەكان هەرێمێكی فیدراڵی، هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پێك بهێنن، بەڵام لەكاتێكدا وەك ئابووریناسەكان دەیبینن، لەبەر ئەوەی ناوچەی سوننە مەزهەبەكان لەعێراق بە پیتڕۆل دەوڵەمەند نییە و ژێرخانی ئابوورییەكەی بۆ سەربەخۆیی لەبار نییە، ئەو سیناریۆیەش بەدوور دەزانرێ كە لە داهاتوو بێتە ئاراوە، كە سوننەكان لە ئێستادا ئەو دابەشبوونە ناخوازن.

ئەگەری سیێەم : (هەڵوشانەوەی دامەزراوەكانی پەرلەمان و حكومەت ) هەڵوشانەوەی پەرلەمان و حكوومەتی عێراق و سازكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، ئەم رێگایە گومانی زۆری بۆ چارەسەركردنی تەنگەژەكان تێدا دەبینرێ، بەتایبەتی لەدەرنجامی هەڵبژاردنەكەدا نازانرێ كێ براوەی هەڵبژاردنەكە دەبێت، زۆربەی ئەگەرەكان لەلایەن چاودێرانەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، لەكاتی سازكردنی هەڵبژاردنێكی تازەدا، ئەو كەس و سەركردانە دێنەوە مەیدان و براوەی هەڵبژاردن دەبن، كە لەماوەكانی رابردوو دا، زیاتر تووندڕەویان پێوە دیار بووە، لەكاتی سەركەوتنی سەركردە تووندڕەوەكانیش بێگومان، ناكۆكییەكان دووبارە و چەندبارە دەبێنەوە و پەرلەمانی عێراقیش زیاتر لەئێستا بێ تواناتر دەبێت.

ئەگەری چوارەم: (دانووستان و گفتوگۆی دوولایەنەیە): حكوومەتی فیدراڵ دەتوانێ گشت تەنگەژەكان بەرێگای گفتوگۆ و گەڕانەوە و پابەند بوونی هەموولایەك بەدەستووری عێراق چارەسەر بكات، پێویستە حكومەتەكەی مالیكی، ئیرادە و نیەت پاكی خۆی بنوێنێ، لەپێناو دروست كردنی متمانەیی بەرامبەر لەنێو پێكهاتەكانی تری عێراق، بەوەی ئەم وڵاتە وڵاتی هەمووانە، بە گشت پێكهاتە و نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكانەوە،هەموو لایەك هاوبەشن لەوكمرانی ئەو وڵاتە، بۆیە پێویست دەكات، حكوومەت لە ئێستادا، داواكاری خۆپێشاندەران لە چوارچێوەی رەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی جێبەجێ بكات و لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەستوور بكاتە سەنگی مەحەك و ئەو كێشە و گرفتەهەڵپەسێردراونەی كە چەندین ساڵە وەك بۆمبی تەوقیتكراو ماونەتەوە و هەردەم هەڕەشەی راستەقینەن لەسەر یەكپارچەیی و پرۆسەی سیاسی عێراق، چارەسەری بنەرتییان بۆ دۆزیتەوە و چیدیكە بە ئیرەیی و دوژمنكارییەوە سەیری هەرێمی كوردستان نەكات.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار