٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شەهیدانی ئاشتی

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی
ئەو تەوقیتەی سێ ژنە تێکۆشەری باکووری تێدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسادا تیرۆر کرا، سەعاتی سفری دژایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە سەرۆکایەتی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) بوو. بۆیە ئەم سێ شەهیدە شەهیدی ئاشتین بە پلەی ئیمتیاز.
تیرۆرکردنی سێ چالاکوان و سیاسەتمەداری بەرچاوی PKK پەیامی هەموو ئەو هێزانەیە کە نایانەوێ کێشەی کورد لە تورکیادا لە رێی دیالۆگ و گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان حکومەت و ئۆجەلانەوە چارەسەر بکرێ.
ئەو قسەیەی (ئەحمەد داود ئوغلو) وەزیری دەرەوەی تورکیا، دروستە کە دەڵێ پرۆسەی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە تورکیادا لە 2005ـەوە دەستی پێکردووە. وەلێ ئەم پرۆسەیە بە یەک ریتم نەچۆتە پێشەوە و هەمیشە رووی لە هەڵکشان نەبووە. بەڵکو لە هەڵبەز و دابەز و ژێر کاریگەری رووداو و فشارە جۆراوجۆرە ناوخۆییەکانی تورکیا و ناوچەکە و هێزە ئیقلیمییەکان و ئیرادەی هەردوو لاشدا بووە کە لە قۆناغی جیاجیادا پێیان وابووە دەکرێ بەهۆی زەبری سەربازی و گەریلاییەوە، لە گفتوگۆدا مەرجی زیاتر بەسەر لایەنەکەی دیکەدا بسەپێنن.
بەڵام سەرباری ئەوە، چەند بنەمایەک چەسپاون کە قابیل بە گەڕانەوە نین بۆ دواوە. گرنگترینیان ئەمانەن:
1- رای گشتی ناو تورکیا وەکوو کولتوور و بڕوایی گەیشتۆتە ئەو راستییە کە کورد لە تورکیادا نەتەوەیەکی جیاوازە. زمان و کولتوور و مێژوو خۆی هەیە. هاوڵاتی دەوڵەتی تورکیایە بەڵام تورک نییە.
2- ئەم نەتەوەیە خودان مافە و بەهۆی زوڵم و شۆفێنییەتەوە بۆتە پرسێکی کێشەدار. ئەم کێشەیە لەناو دەوڵەتی تورکیادایە و هەموو بنەماکانی دیموکراسی و ئارامی و ئۆقرەیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و شکۆمەندی تورکیای لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستۆتە ژێر پرسیار و گومان و بێمتمانەییەوە. بۆیە کە تورکیا دەیەوێ شوێن و پایەی خۆی لە ناوچەکەدا وەرگرێتەوە دەبێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
3- هەموو ئەزموونی خوێناوی سەد ساڵی رابردوو سەلماندوویەتی کێشەی کورد لە رێی بەکارهێنانی هێزەوە چارەسەر نابێ و توندوتیژی، توندوتیژی زیاتر بەرهەمدەهێنێ و رق و کینەی نەتەوەیی قوڵتر دەکاتەوە. بۆیە کێشەی کورد لە تورکیا کێشەیەکی سیاسییە و چارەسەرکەیشی هەردەبێ سیاسی بێت.
4- بۆئەوەی چارەسەری سیاسی شوێنگەی راستەقینەی خۆی لە ژیانی سیاسی و دەستووری تورکیادا بکاتەوە و جێی متمانە و پشتگیریی کوردان بێ، پێویستە دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ PKK و نوێنەرانی کورددا بکرێ کە ئەو حزبانەن لە پرۆسەی سیاسی تورکیادا بەشدارن و ئەندامیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی باکووردا هەیە.
5- بۆئەوەی ئەم دوو لایەنە کوردییەش مەرجەعێکیان هەبێ جێی متمانەیان بێت و کاریگەریی لەسەر رای گشتی کوردانی تورکیا هەبێ، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ لای (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)ـی سەرکردەیان و دیالۆگەکان ببرێتە زیندانەکەی ئەوەوە.
6- چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە تورکیا، هاوکات کە پشتیوانی هەیە، هەروەها نەیار و دوژمنیشی هەیە. چ لە ناوخۆی تورکیا چ لە ناوچەکەدا. بۆیە هەردوولا حکومەتی تورکیا و هێزە کوردییەکانیش پێویستە لە ئاستی درک کردنی مەترسی فشار و گێچەڵ و هەڵبەستنی ئەو قۆرتانەدا بن کە دێنە رێیان. پێویستە بزانن هەموو نەیارانی ئاشتی چ ناوخۆیی چ ئیقلیمی نەیاری هەردوو لایانن نەک نەیاری لایەکیان و دۆستی ئەوی دیکە بن.
7- ئێستا هێزە توندڕەوەکانی ناوخۆ ناتوانن گردبوونەوەی جەماوەریی لە دژی ئاشتی لە شەقامەکانی ئەستەنبووڵدا رێک بخەن. هەندێ گوتاری ئاگرینیان ماوە کە لە بارەگای حزبەکانی خۆیاندا یان لەبەردەم میدیادا دەیدەن و هیچ کاریگەرییەک لەسەر شەقام دروست ناکەن. وەلێ دەستی ترسنۆکی شاراوەی ئەوان بە هاوکاری ئەوانەی لە ناو دەزگا جیاجیاکانی دەوڵەتدان، لە نانەوەی پشێوی و ئاژاوەدا هەر بەکارە.
ئەم بنەمایانەی سەرەوە چەسپاون و قابیل بە گۆڕان و پاشەکشە نین. چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کوردیش لە تورکیا لە (زەمەنی سیاسی)ـدا زۆر نزیکە. رۆڵێکی گرنگیش لەم پرۆسەیە لە ئەستۆی سەرکردایەتی سیاسی کوردە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا. بەتایبەتیش کەوتۆتە ئەستۆی (سەرۆک بارزانی).
لە لایەکەوە (ئەحمەد داود ئۆغلو)، عەقڵی داڕێژەری سیاسەتی نوێی تورکیا، لە بارەی رۆڵی (سەرۆک بارزانی)ـیەوە دەڵێ: (بەڕێز بارزانی یەکێکە لەو فاکتەرە سەرەکیانەی کە تورکیا بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر زۆر پێویستی بە هاوکاری و رێنمایی ئەو هەیە و چاوەڕوانی ئەوە لە بەڕێزیان دەکەین لەم قۆناغەدا تورکیا بە تەنیا جێ نەهێڵێت و بۆ نزیک کردنەوەی هەردوولا هەوڵ و کۆششەکانی پێشکەش بکات).
لە لایەکی تریشەوە (ئۆجەلان)ـیش لەو ئەجندە شەش خاڵییەدا کە داوییەتە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (PDP) وەکوو بنەمایەک بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی تورکیا و دەستپێکردنی متمانە لە نێواندا، لە خاڵی پێنجەمیدا داوای کردووە: ( سەرانی PKK لە هەولێر کۆببنەوە).
تیرۆرکردنی سێ ژنە خەباتگێڕەکە لە پاریس ویژدانی هەموو ئازادیخواو ئاشتیخوازانی هەژاند و سەلماندییەوە کە گەلی کورد لەپێناوی ئاشتیدا قوربانی گەورە دەبەخشێ. تیرۆرکردنی ئەو سێ سیاسەتوانە چالاک و بەرچاوە پەیامی دوژمنانی ئاشتییە بۆ گەلانی کورد و تورک. ئەوە کەڵبەی خوێناوی ئەوانە کە نایانەوێ کورد بە مافەکانی شاد بێ و تورک بە ئارامی بژی و ئاشتی لە تورکیا بەرقەرار بێ، لە جەستەی ئەو سێ ژنە نەبەردە گیر بوو. وەڵامی راستەقینە و کەمەرشکێنی گەلی کورد و تورک، حکومەتی تورکیا و PKK و هێزەکانی دیکەی ئاشتیخواز بۆ ئەم کارە چەپەڵە و تۆڵەکردنەوە بۆ خوێنی ئەمان و هەزاران شەهید و قوربانی، سووربوونە لەسەر رێبازی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێی دیالۆگ و خەباتی سیاسی و مەدەنییەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار