٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

قادری حاجی عەلی و ئیرهابی فیكری

سەرچاوە: KDP.info

زكری مووسا

بەڕێز قادری حاجی عەلی كە قیادەیەكی حزبی تەغییرە، لە دەستەواژەی ئیرهابی فكری ناڕه‌حەتە و، پێیوایە كە خەڵك ترسی لە ڕەخنە هەیە و ڕەخنەگرتن لە گەندەڵی بە ئیرهابی فكری دەزانن.
بەر لە هەموو شتێك ئەو بەڕێزە نابێ لەبیر بكات كە ئەوان خۆیان بەشێكن لە گەندەڵی و مەحروومكردنی دەڤەری سلێمانی. لەگەڵئەوەیشدا با وەك نەعامە خۆی لە بینینی ڕاستییەكان نەشارێتەوە. دەبێ لەوە تێبگەن لە كاری نۆساڵەی حزبەكەی چ كارەساتێك لە سلێمانی دروست بووە و، چۆنچۆنی مرۆڤی كوردی لەو دەڤەرەدا هەڵتەكێندراوە. ئیرهابە فكرییەكەی ئەوان تەنیا ئەو كڵێشە بچووكە نییە كە لە ڕەخنەی مەدەنیدا بچووك بكرێتەوە، بەڵكو ئیرهابی فكری تەوژمێكە بۆ شێواندنی ڕاستییەكان، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاره‌تی، بەدێوكردنی ئەویتر و فریشتەكردنی خود لە هیچوخۆڕایی.
ئیرهابی فكری چوارچێوەیەكی هزری و كرداریی ئاراستەكراو و مونەزەمە، لە چەشنی فاشییەت و بەعس و داعشباوەڕی و نەژادپەرستی.
لەم ئیرهابە فكرییەدا، میدیا و مەكینەكانی هۆنینەوەی درۆ و پڕۆپاگندە و ژمارەیەك قەڵەم و عەقڵ، كەوتوونەتە كار بۆ ئەوەی مانای ڕاستییەكان بشێوێنن.
كار لەسەر سپیكردنی ڕەش و ڕەشكردنی سپی دەكەن. لە ئیرهابی فكریدا دوو ڕەنگ هەیە، ڕەنگی سێیەم نییە.
لە ئیرهابی فكریدا فەشەلی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كوولتووری و ئەخلاقیی لایەنێك، دەخرێتە ئەستۆی لایەنێكی تر كە دەستی لەو فەشەلەدا نەبووە.
لە ئیرهابی فكریدا ئەوەی پێچەوانە بیر بكاتەوە، كۆیلە و ناپاك و خۆفرۆشە. بە ئاسانی سووكایەتیی بە خەڵك دەكرێت، بە جنێو وەڵامی ڕكابەر دەدرێتەوە، تەخوین دەكرێت. لە ئیرهابی فكریدا پەیوەندیی نێوان تاكەكان دەشێوێت، مرۆڤەكان بە شێوەیەكی دیكە لە چەمكی ئازادی و نان و دیموكراسی و مرۆڤ دەگەیێنرێن.
لە ئیرهابی فكریدا مرۆڤ ناچار دەكرێت، گرژ و هەڵچوو و تووندوتیژ بێت و دژی ئازادیی خۆی بجەنگێت، مرۆڤ فێری زبرگۆیی دەبێت، تەنگەنەفەسە و جاهیل، وا دەزانێ حەقیقەت تەنیا لەنێو جانتاكەی ئەودا دەدۆزرێتەوە.
ئیرهابی فكری، فكرێكی ڕێكخراوە بۆ دژایەتیكردنی مرۆڤ و سەربەستییەكەی. ئا ئەمە گلەییی خەڵك و چاودێرانە لە ئەدای حزبەكەیان و، دەبێ قبووڵیشی بكەن كە مامەڵەیەكی خەراپیان لەگەڵ هزروهۆشی خەڵكی سلێمانیدا كردووە. 

هەواڵی پەیوەندیدار