تێكشكاندنی ئیرهابی فكری

ئاریان فەرەج
هەولێر و دهۆك بێ ئەوەی هیچ خێرێكیان لە حزبەكانی زۆنی ئەولا بینیبێ، زەمینەی ئازادن بۆ هەڵسوڕانی سیاسیی هەموویان، كە هەڵبژاردنیش دێتە گۆڕێ، هەولێر مەڵبەندی بانگەشە و كەمپینی سەرەكییانە. بەرنامەی بانگەشە و دەنگ كۆكردنەوەشیان لە زۆنێكدا كە ئەوان بە پاوانی پارتی دەزانن، جگە لە تۆمەت هۆنینەوە بۆ پارتی، ئاشتەبای خوای تێدا نییە. كەچی سەروبنی زمانیان باسی نەبوونی ئازادیی قۆرغكارییە لە هەولێر و دهۆك.
لە سلێمانی وەكچۆن پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار و كەسابەت لە دواوەیە، ئەوهایش ئازادی پێناسەیەكی چەواشەكارانەی بۆ كراوە. تا ئەو دەمەی دەسەڵاتێك و مەركەزیەتییەك هەبوو لە شارەكەدا، ئازادی بریتی بوو لەوەی دژی پارتی بیت و تۆمەتبارانی بكەیت. ئازادی ئەوە بوو تۆ لە كار و كەسابەت و خزمەتگوزاری بێبەش بیت و، بەڵام لەبەرامبەردا بۆت هەبێت بە ئارەزوی خۆت هەڵكوتیتە سەر پارتی. كاتێكیش بوو بە پاشاگەردانی و شاری بێساحێب، هاوكات لەگەڵ درێژەدان بە پەلاماردانی پارتی، بۆ خۆیشیان كەوتنە لێكدی خوێندن و یەكدی شكاندن، ئەم حاڵە نائاسایی و ناسازندەیەشیان دیسان ناو لێنا ئازادی و فرەیی سیاسی.
ئامانج لە ئیرهابی فكری، بەزۆر سەپاندنی ناهەقییەكی گەورە و چەواشەكردنی خەڵكی ناوچەكە بوو بە ئاڕاستەیەكدا كە پارتی بە سەبەبكاری هەموو مەینەتییەكانیان بزانن و، بەوەش ئیرهابكاران شانی خۆیان لە هەڵە و بەدكاری بتەكێنن و لە مەسئولیەت قورتار بن. بۆیەش قەت نەیانهێشت خەڵك تێبگات كە ئەگەر پارتی لایەنی سەرەكیی حكوومەتیش بێت، بەڵام لە دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانیدا، هیچی بەدەست نەبووە و نییە، لە فلسێكی داهات و خەرجیی ئەو ناوچەیە بەرپرسیار نییە. بۆیەش لە مەینەتییەكانی شارەكە و ناوچەكە بەرپرسیار نییە.
سەروەختی ریفراندۆم، جەسارەت و كوردپەروەریی خەڵكی شار، ئیرهابی فكری لاواز كرد، ئێستا ئەو ساتەوەختەیە كە دەبێ بە یەكجاری بڕووخێ. ئێستا شار بە قۆناغێكی سیاسیی لەبەریەكترازاوی پەرتوبڵاوی پاشاگەردانیدا تێدەپەڕێ، دوای ئاكامەكانی ئەم هەڵبژاردنەش رەنگە هیچ هێزێك ئیدی نەتوانێت خۆی بە خاوەن شار بزانێ، كاتی ئەوەیە پارتییەكان بەوپەڕی جەسارەتەوە دیواری ئیرهابی فكری بشكێنن. ئەوانەش كە لەگەڵ نەهجی پارتی بوون و بەڵام ئەو ئیرهابە نەیهێشتووە تەعبیر لە هەڵوێستی خۆیان بكەن، ئیدی باشتر دەتوانن رای خۆیان دەربڕن. لە دوای هەڵبژاردن و لە ئایندەیەكی نزیكدا، ئەوانەی رەوشی سلێمانییان بەم رۆژە گەیاند، هیچیان دەستڕۆیشتووی یەكەم نابن، بۆیە هەموو هێزە سیاسییەكان دەتوانن خۆ بە خاوەنی شار بزانن، لەوانەش پارتی كە لەو شارە دامەزراوە و خوێنی ئەو شارەی لە جەستەدایە.




