بۆ "نشتیمان"ـی نەتەوەیەكی بێ روح!

پهرێز رهحیم
1-نایشارمەوە پاش ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 و ئەو تراژیدیا و كارەساتەی كە ڕووبەڕووی كورد لە باشووری كوردستاندا بوویەوە، گومانێكی زۆرم لەسەر هەموو بنەما و واتاكانی هزری و مادیی ناسنامە/نەتەوەبوونی "كورد" بە واتا مۆدێرنەكەی، بۆ درووست بووە! نەتەوەیەك كە تەنانەت هێشتا لە ئاگایی و هزری تاكەكانی، كورد-بوون لە چەمك و فۆرمی"كۆمەڵ" بۆ فۆرم و چەمكی"كۆمەڵگە" نەگوازراونەتەوە. بۆیە زۆر ئاساییە كە لە لوتكە و خاڵی كۆتایی گەیشتن بە رزگاری و ئازادی دا دیسانەوە ژێردەستەیی و هاوڵاتی! پلە دوو و سێ (تۆ بیخوێنەوە كۆیلایەتی!) قبووڵ بكاتەوە و تەنانەت بانگەوازیشی بۆ بكات.
2-لە ڕووی ئەزموونی تاكەكەسیشەوە، من لە شوێنێك دەژیم كە بەشیكی زۆر لە كەركووكییەكان لەپاش 16ی ئۆكتۆبەر لێی نیشتەجێ بوون، بۆیە كە دەچم/دەچوومە دەرەوە و لەو كاتانەدا سیمای پڕ لە هاواری بێكەسی و تەنیایی و ئاوارەیی لە نشتیمانی خۆت، تەژی لە خەم و پەژارە و ئازاری روحی و جەستەیی ژنان و پیاوان و تەنانەت مناڵانی كەركووكم دەبینی/دەبینم هەستیكی پڕ لە شەرمەزاری و تەنانەت سەرشۆڕی و بێدەسەڵاتی و ژێردەستەیی و دەتوانم بڵێم هەستی كۆیلایەتی سەرتاپای "بوونم" دادەگرێت.
3- لە نشتیمانێك دا كە پێگە/شوێنی قارەمانی نەتەوەیی و خەیانەتكاری نەتەوەیی بەپێچەوانە و گۆڕابێت و تەنانەت خەیانەتكار بە پاڵەوان بناسرێت و ئازادنە و بە شانازی لە نشتیمان بسووڕێتەوە و لەبەرامبەردا داوای لادان و دادگاییكردنی سەربەخۆییخواز و قارەمانی نەتەوەیی نشتیمان بكرێت، لەڕاستیدا هێشتا نەتەوە(بەواتا مۆدێرن و ڕاستەقینەكەی) لە نشتیمان دا بوونی نییە و هەر لە دایك نەبووە.
4-"عەفرین"ـیش كە كەوت و داگیركرا، ئەوە من بووم كە كەوتم و بەشیك لە ناسنامە و رۆحی تاك/نەتەوەیی من/ ئیمە داڕما و داگیر كرا..
5-لەپاش ئەو هەموو كارەساتانەش لەهەمبەر ئازاری خوشك و برایانم لەم رۆژانەدا لە خۆرهەڵاتی كوردستان و بەتایبەت بێكەسی و بەتەنیا مانەوەی بنەماڵەی "حوسەین پەناهی" و "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" و سەدان و هەزارانی تر لە نشتیمان لەلایەك و هەروەها خۆڕاگری و مانگرتن بەڵام تەنیایی "بانە" لەلایەكی دیكەوە، جارێكی تر، بەهۆی لاوازیی روحی نەتەوەیی و بێ هەڵوێستی و پەرتەوازەیی تاكی ئاسایی لە خۆرهەڵاتی كوردستان و هەروەها گرفتی بونیادی و پەرتەوازەیی، خۆخۆری و دووبەرەكی لە گوتار و لووتبەرزی و نەزانی لە رەفتاری پارتە سیاسییەكانی ئەو بەشەی كوردستان وام لێ دەكات كە ئەو گومانەم زیاتر بەهێز و قووڵ بێتەوە.
6- كە ئەو هەموو كارەسات و ماڵوێرانەش ڕوودەدات و تەنانەت سەدان جار "نشتیمان" هەم بە واتا گشتی و هەم بە واتا تایبەتەكەی "لاقە" دەكرێت و هەڕەشەی دەستدرێژی لێ كراوە/دەكرێت، بەڵام لە هەر پارچەیەك لە نشتیمانم بەشێكی زۆر لە "كۆمەڵی تاكەكانی" ئەو پارچەیە بێ ئاگا و بێ هەڵوێستە و تەنانەت "كۆمەڵی تاكەكانی" پارچەكەی تر بێ ئاگاترتر و بێ هەڵوێست، دیسان پرسیار لە سەر چەمكی "نامووسی نەتەوەیی" كورد(بە واتا یۆنانییەكەی "نۆمۆس") و گومان لە نەتەوە-بوونی كورد لەلام دروست دەبێت.
7- بۆیە "نشتیمان" بێ روحی "نەتەوە"، هەمیشە و تاهەتایە "بێ نشتیمانیی نەتەوەیەكی بێ روحە"!
له ئهكاونتی نووسهر له تۆڕی كۆمهڵایهتیی فهیسبووك وهرگیراوه.




