کوردستانی عێراق، لە شوێنێکی وێرانەوە بۆ مۆدێلێکی سەرکەوتوو

ڕەیچەڵ ئاڤرەهام*
هۆشیار سیوهیلی كورداندوویهتی
لە کاتێکدا هەڵمەتی هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستانی عێراق دەستی پێکردوە، زۆر گرینگە کە بیرمان نەچێت سەرەڕای ڕووداوە سیاسییە ناخۆشەکانی ئەم دواییانە، لەوانە داگیرکردنی شاری کەرکووک کە شاری سەرەکیی بەرهەمهێنەری نەوتە و ناوچە جێناکۆکەکانی تر لە لایەن عێراقەوە، کە پێشتر لە بندەستی کوردەکان بوو، هەرێمی کوردستان کە لەژێر دەستەڵاتی سەرۆکوەزیرانی کوردستاندا ماوەتەوە، گۆڕانکاری گەورەی بەخۆوە بینیوە.
ئەم گۆڕانکارییانە، بێگومان، بۆ کوردان گرینگن، بەڵام لە هەمانکاتدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایش گرینگن؛ لەبەر هۆکاری ئابووری و جیۆپۆلیتیک و مرۆیی.
ئەوەی کە بریتی بوو لە خاکێکی وێران بۆ چەندین دەیە، لە ساڵی ٢٠١٤دا بووە سەنتەرێکی گەشتوگوزار، تا ئەو کاتەی داعش هەڕەشەی گەورەی لەسەر ئاسایشی هەموو هەرێمەکە دروست کرد. ئێستایش کە داعش لە پاشەکشێ و نزیکی تێشکاندایە، هەرێمی کوردستان نموونەیەکە بۆ ناوچەکانی تری عێراق، ئەگەر کاریگەریی خراپی حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی و ئێران بهێڵن.
لە کۆتایی هاشتاکاندا، هەرێمی کوردستانی عێراق وێرانە بوو، حکوومەتەکەی سەددام حوسێن سیاسەتی جێنۆسایدی دژی کوردان پیادە کرد و لە میانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەنفالدا، چەندین ژنان و پیاوان و زارۆکانی کوردان لە ماڵەکانیان بە زۆر دەرهێنران لە لایەن سوپای عێراق و جارێکی تر نەبینرانەوە. بەپێی زانیاریی پەرلەمانی ئەورووپا، تەنیا لە ساڵی ١٩٨٨دا ١٨٢،٠٠٠ کەس بێسەروشوێن بوون و ژمارەیەکی زۆر لەمانە لهدار دران، ٤،٠٠٠ گوند و شار و شارۆچکەی کوردان وێران کران. ئەم جێنۆسایدە گەیشتە لووتکە، کاتێک حکوومەتی عێراق چەکی کیمیاوی دژی کوردان لە هەڵەبجە بە کار هێنا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکات کە لە نێوان ساڵی ١٩٦٠ تا کەوتنی ڕژێمەکەی سەددام حوسێن، یەک ملیۆن کورد نەماون.
دوای جێنۆسایدی ئەنفال، کوردەکان ئاستێک لە ئۆتۆنۆمییان لە باکووری عێراق وەرگرت کە لە ڕێگەی دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بەهێزتر کرا کە لە لایەن فرۆکەکانی ئەمەریکا و بەریتانیاوە دەپارێزرا. کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی داگیر کرد و ناوچەکە ئاژاوەی تێکەوت، کوردەکان توانییان هەرێمێکی خاوەن ئەتۆنۆمی بۆخۆیان دروست بکەن. ئەم ناوچە خاوەن ئەتۆنۆمییە ڕووبەرەکەی گەورەتر بوو دوای ئەوەی کوردەکان بەشدارییان کرد لە شەڕی نێودەوڵەتی دژی داعش.
هەرچەندە کوردەکان لە ئەنجامی لەدەستدانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی ترەوە تووشی زیان بوون، بەڵام کوردستانی عێراق تا ئێستایش مەڵبەندی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی ژنان و مافی کەمینەکانە لە ناوچەیەکدا کە لە لایەن زۆردارانەوە حوکم دەکرێت. لەژێر دەستەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا یاسای باری کەسیی عێراق، کە وەک پاساوێک بۆ کوشتنی ئافرەتان بە کار دەهێنرا، هەموار کرایەوە. لە ئەنجامی ئەم هەموارکردنەوەیەدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی بە ناوی نامووسپارێزییەوە کوژراون بە ئەندازەیەکی زۆر کەمی کردووە. جگە لەمانە دەستەڵاتدارانی کورد هاوسەگیریی بە زۆر و خەتەنەکردنی کچانیان بە یاسا قەدەغە کردووە و فرەژنییان سنووردار کردووە و، چاکسازییان لە یاسای میراتگریدا کردووە بۆ ئەوەی ژنان لە میراتیدا بەشی عادیلانەی خۆیان وەربگرن.
بەپێی سەرچاوەیەکی لۆکاڵی کریستیانی، بە دریژاییی میژوو هیچ دژایەتییەک بەرامبەر کەمایەتییەکانی کریستیان و جولەکە و ئێزدی نەکراوە لە کوردستان و، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی هەموو ئایینەکان. بەپێی وتەی ئەندامی پێشووی یەکێتیی ئەورووپا، پاولۆ کاساکا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باشرترین شێوە ڕێزی لەو کەمایەتییانە گرتووە کە لە ناوچەکانی تری عێراق چەوسێنراونەتەوە.
لە کاتێکدا هەندێک لا، لەوانە کاربەدەستانی ئەمەریكا و کاربەدەستانی نێودەوڵەتی، رەخنەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستانی فەرمانڕەوا گرت بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ئەیلوولی ڕابوردوودا، لایەنی تر ئەو دەنگدانەیان وەک مافێکی ساکاری هەموو خەڵک سەیر کرد.
سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی کە جێگری سەرۆکی پارتییە، لە بڕوایەدا بوو کە دۆخەکە خراپتر دەبوو بۆ گەلی کورد ئەگەر ڕیفراندۆمیش نەکرایە:
"گەلی کوردستان شاهیدی ئەو ڕاستییەن کە ئەگەر خۆاگری و بەرگری و قوربانیدانی پارتی نەبوایە، ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو بە تەواوی چارەنووسی هەرێمی کوردستانیان بە شێوەیەک دەگۆڕی، کە کەس نەیدەتوانی پێشبینی ئەنجامەکانی بکات."
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئێستایش پارتە سیاسییەکەی پشتگیریی مافی گەلی کورد دەکات بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
دەکرێت بگوترێت، کە یەکێک لەو هۆکارانەی بووە هۆی ئەوەی دۆخەکەی ساڵی ڕابردوو خراپتر نەبێت، بریتییە لە سەرکەوتنی هەوڵەکانی بارزانی بۆ هێنانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ کوردستان. لە کاتێکدا ئێکسۆن مۆبیل و گهورهکومپانیاكانی تری بواری نەوت لە کوردستانن، ئەمەریکا بەرژەوەندی لەوێ هەیە بە هەمان شێوەی وڵاتانی تر کە لایان وایە ناوچەکە سەقامگیرە، کە ئەمەش وایکردووە بۆ وڵاتانی دراوسێ زەحمەت بێت سنوورەکانیان لەگەڵ هەرێم دابخەن.
ئەمەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە تورکیا سنوورەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا دانەخست سەرەڕای ناڕەزاییی لەمێژینەی بەرامبەر هەر جۆرە سەربەخۆییەکی کوردستان و، هێرشەکانی بۆ سەر جەنگاوەرانی کورد لە سووریا. تورکیا بێگومان دەزانێت سەربەخۆییی ئابووری بنەمای سەقامگیرییە. هەمان لۆجیک دەستی لەگەڵ بەغدا بەهێزتر کردووە و وایکردووە بتوانن کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارە بکەن.
ئەگەر ئەوە نەبوایە، کوردەکان زۆر زیاتر لە شاری کەرکووکیان دەدۆڕاند. بەگوێرەی لێکدانەوەی هەواڵگرییه جیاكان، ئەگەری ئەوە زۆر بوو کە رژیمی عێراق پشتگرتوو لە لایەن ئێرانەوە، پەلاماری کەرکووکی دەوڵەمهند بە نەوت و ناوچە جێناکۆکەکانی تریان بدایە، تەنانەت بەبێ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش.
*وتارهكه ڕەیچەڵ ئاڤرەهام نووسیویهتی و زە هیڵ (THE HILL) ڕۆژنامەی ناسراوی ئەمەریکایی، لە ڕۆژی ٢٩/٤ بڵاوی كردووهتهوه.




