ئێمە و ئەوان

فرسەت سۆفی
ئێمە بە جورئەوەتەوە شان دەدەینە بە بەرپرسیاریەتی و لە رۆژە تاڵ و ناخۆشەکان لە کاتی قەیران و کارەساتەکان پشت ناکەینە میللەتی خۆمان و، بە دەنگێکی دلێر و بە وێژدانێکی ئاسوودە دان بە هەڵە و کەموکوڕیەکانمان دادەنێین. ئێمە راستگۆیانە بە میللەتی خۆمان دەڵێین لە ماوەی ساڵانی رابردوو رێڕەوی حوکمڕانیمان هەڵە و کەموکوڕی و گەندەڵی زۆری تێدابووە، چۆن بوێریی ئەوەمان تێدایە دان بە نەواقسەکانماندا بنێین بە هەمان شێوە شیانی ئەوەشمان هەیە رێگای راست بۆ بەڕێوەبردن و حوکڕانی بدۆزینەوە. ئێمە چۆن جوانییەکانمان دەبینین، رووەکەی دیکەش کە رەش و ناشیرینە دەیبینین.
ئەوان هەمیشە لە بەرپرسیاریەتی رادەکەن و لە دەستکەوت شەریک و لە شکستیش تەریک، ئەوان بە قەد هەموو دنیا گەندەڵی و خێچوخوارییان هەبێت، تەنها جوانییەکانیان دەبینن.
ئێمە ساڵانێکە بەرپرسیاریەتیی دۆسیەی ئاسایش و پارێزگاری لە ئارامی کوردستانمان لە شانە، توانیومانە ئاسایش و ئارامی بۆ کۆمەڵگەکەمان دابین بکەین، ژمارەی هەموو کردە تیرۆرستییەکانی لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا لە کوردستان کراون، هەمان ئەو ژمارە لە کردەی تیرۆریستی لە ماوەی یەک هەفتە لە بەغدا کراون.
ئێمە سەرکردایەتیی دۆسیەی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی دەرەوەمان کردووە و بە شانازییەوە هەرێمی کوردستان لەم ماوەیە بەرەو لووتکە هەڵکشا. کاتێکیش لە بەرەنجامی موئامەرەیەکی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمی هەنگاوەکانی لاوازکردن و تەنانەت لە باربردنی ئەزموونی هەرێمەکەمان دەستیان پێکرد، هەر ئێمە پێشەنگی شکاندنی گەمارۆکان بووین و جاریکی دیکە بەهێزەوە گەڕاینەوە. ئێمە دەستمان بە کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستانهوه گرت و هەموو ئەو خەونانەی ئەوانهمان بە ناکامی ناشت کە دەیان ویست جارێکی دیکە کوردستان پارچە کەنەوە و، حەشد و سوپای پاسدارانیشمان بە گیانی خۆمان وەستاند.
ئێمە پێشڕەوایەتیی مافی چارەنووسی گەلی کوردستانمان کرد و تا هەتایە تاپۆیەکی رەشمان بۆ میللەتەکمان نەخشاند و دیواری ترس و خۆبەدەستەوەدانمان رووخاند.
ئێمە کوردستانمان لە وڵاتێکی وێران کە هێشتا بۆنی خەردەل و کیمیاوی و ئەنفال و زیندەبەچاڵی لێدەهات، گەیاندە وڵاتێک کە دوورترین گوند کارەبا و قوتابخانە و بنکەی تەندروستی لێبێت، دەیان زانکۆ، فڕۆکەخانە و تونێل، بەرزەپرد و رێگای ستراتیژی، وەبەرهێنان و نیشتەجێکردن، ئەمانە و چەندانی دیکە دیوە گەشەکانی ئێمە بوونە و دەشزانین دەیان خاڵی رەش و دەیان و بگرە سەدان گەندەڵییش لە هەمان رێگای حوکمڕانی ئێمە سەریان هەڵداوە، بەڵام ئێمە سوورین زوو یان درەنگ بەربەستەکان رادەماڵین و بە ئیرادەی پڕ باوەڕمان هاوشێوەی شەڕی داعش بە سەر گەندەڵیشدا سەردەکەوین. ئێمە سەرکردایەتیی گەورەترین سەرکەوتنمان کرد بە سەر تیرۆر بە سەر داعش، لەم پێناوەش هەزاران شەهید و قوربانیمان بەخشی و سەربەرزانە لە پێناوی نیشتمان پلەی شەهادەتیان وەرگرت.
ئێمە هەمیشە لە نێو تاریکدا رووناکیمان دۆزیوەتەوە و سەدان هەورازی سەختمان تێپەڕاند و لە نێو بێهیواییدا گەورەترین هیوامان دروست کردووهتەوە. ئێمە پەیامی ئاشتەوایی و زمان پاکی و کولتووری یەکتر قبووڵکردن و کوردایەتیمان پەخش کردووە.
ئەوان بەبێ سڵمینەوە، بە بێ پشوودان ساڵانیکە کار دەکەن بۆ بەخشینەوەی بێهیوایی، بۆ لەناوبردنی متمانە، بۆ زاڵکردنی کولتووری ناشیرکردنی یەکتر و شکاندنی پیرۆزییەکان. بۆ روواندنی تۆی دووبەرەکی، بۆ گەورەکردنی دوژمن و خۆ بچووککردنەوە، بۆ شارچیەتی و ناوچەگەری، بەڵی هەموو ئەمانە فەرهەنگی ئەوان بوون کە لە چاوی بەرتەسکی حزبدا سەیری هەموو دنیایان کردووە.
ئێمە بە کردار کاروانی رێگاکەمان درێژەی دەبێت و تا نەگەینە لووتکە کۆڵ نادەین و، بە شەهامەتیشەوە رووبەڕووی خاڵە لاوازەکانی حوکمرانیمان دەبینەوە و بە گیانیکی تازە بۆ بەیانییەکی رووناک چاوەڕوانی پشتیوانیی گەلی کوردستان دەکەین.




