٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ریفراندۆمەكەی باشوور، شەرم یان شانازی؟

سەرچاوە: KDP.info

هەرمان بۆکانی

پاش راپەڕینە مەزنەكەی 91ی باشوور، ریفراندۆم تاقە هەنگاوێكی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەیە كە هەموو نیشتمانپەروەرێكی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان شانازیی پێوە دەكات. ئەو ریفراندۆمەی كە نیشتمانپەروەران شانازیی پێوە دەكەن و نیشتمانفرۆشانیش لەبەردەم ئاغا داگیركەرەكانیاندا لە سۆنگەیەوە ئارەقەی شەرمیان لێ دەتكێ.
ئەو ریفراندۆمەی كە نەیارانی گەلی كورد لەسەر ئێمەیان كردووەتە شمشێرەكەی داموكلێس و لەگەڵ دوژمنە دەرەكییەكانی كورد، كۆمەڵێك كوردزمانی سەر بەوانیش لە نێو خۆی كوردستانەوە ئەم زوڕنایە دەژەنن، لە راستیدا روونترین و مەشرووعترین مافی مییلەتی كوردە.
ئەو كوردزمانانەی دژایەتیی ریفراندۆم دەكەن، وا نییە نەزانن كە ریفراندۆمیش وەك داوای مافی دیاریكردنی چارەنووس و مافی قسەكردن و خوێندن و نووسین بە زمانی كوردی و مافی ئازادیی بیروڕا دەربڕین، مافێكی سروشتیی ئەو مییلەتەیە، نەخێر، نەك دەیزانن بەڵكو رێك لە سۆنگەی ئەو ئاگاداربوونەشیانەوەیە كە دژایەتیی ریفراندۆم دەكەن.
ئەوانە بۆ ئەوە دژایەتیی ریفراندۆم ناكەن، بڵێی پێیان وابێ ریفراندۆمەكە نان و دۆی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، بەڵكو سوێندیان بۆ دوژمنانی كورد خواردووە هەر بەدڵی ئەوان قسە بكەن. ئەگینا ئەگەر ریفراندۆمیش نەكرابایە، ئەوا پاش شەڕی داعش هێزە سەركوتكەرەكەی سەر بەئێران لە بەغداوە هێرشی هەر دێنایە سەر خاكی كوردستان. ئاماژەكانی ئەو هێرشە چەند مانگێك پێش گیرانەوەی حەویجە ئەوەندە ئاشكرا بوون، كە نەك خەڵكی ژیر و بە مشوور، بگرە تەنانەت گێلێكیش ئەو خەتە نەنووسراوەی دەخوێندەوە.
هەر بۆیە ریفراندۆمەكە كرابایە و نەكرابایە ئەو هێزە هەر دەهاتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڵام وەك ئێستا لە سۆنگەی ریفراندۆمەكەوە تۆ بەڵگەیەكی گەورەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەت بەدەستەوەیە، ئەو كات نەك وەها بەڵگەیەكت نەدەبوو، بگرە بۆ تا هەتایە زۆر شوێنەواری دیكەشیان دەسڕییەوە كە ئیتر ئێستا ناتوانن دەست بۆ هەموو شتێك بەرن.
لەلایەكی دیكەوە، ریفراندۆمەكە، هەنگاوێكی دیكە بوو بۆ چاوكرانەوەی زیاتری خەڵكی كوردستان و گۆڕانی روانگەی تاكی كورد بەرانبەر رۆژئاوا. چونكە تا پێش ریفراندۆم ئێمە هەر بە روانینێكی ئایدیالیستییەوە لە رۆژئاوامان دەڕوانی، ئێستا لە سۆنگەی ریفراندۆمەوە كە روخساری رۆژئاوامان باشتر بۆ دەركەوتووە، خوێندنەوەكانیشمان جیاواترن.
لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا ریفراندۆمەكە هەنگاوێكی بوێرانەی خەڵكی ئەم بەشەی كوردستان بوو، كە بە جورئەتەوە دەكرێ بڵێم، پاش راپەڕینە مەزنەی 91 تاقە شتێكە بتوانین هەموومان و نیشتمانپەروەرانی هەر چوارپارچەی كوردستان شانازیی پێوە بكەین.
لەو نێوەدا، دوژمنانی كورد و گوێلەمستە كوردزمانەكانیان با هەر بەردی نائومێدی لە سینگی خۆیان بدەن، چونكە ئیتر ریفراندۆم بەڵگەیەكی مێژووییە بەدەست میللەتی كوردەوە لەم بەشەی كوردستاندا. خۆ ئەگەر قەول وابێ ریفراندۆمچییەكان دادگایی بكرێن، ئەوا دەبێ 93%ی خەڵكی كورد ببرێنە بەردەم دادگا. هەر وەك چۆن خەونی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆمیش بۆ بەغدا نەك نەهاتە دی، بەڵكو لێی بوو بە كابووسێكی سامناك. ئاخر ریفراندۆمێك كە 93% دەنگی بەڵێی وەرگرتبێ، ئیتر بە بڕیارێكی سیاسی هەڵناوەشێتەوە مەگەر ریفراندۆمێكی دیكەی بۆ بكرێتەوە و لەو خەڵكە بپرسنەوە ئاخۆ، هەڵیوەشێنینەوە یان نا؟

لە "هەولێر"ەوە

هەواڵی پەیوەندیدار