٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە بری بارهەڵگر بۆری نەوت لەنێوانی هەرێمی کوردستان و تورکیادا

سەرچاوە: KDP.info

ئازا حەسیب قەرەداخی
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هێڵێکی ناردنی نەوتی لە رێی بۆرییەوە بۆ بەندەری (جیهانی)ـی تورکیا هەبێ، بەڵام تا ئێستا ئەنقەرە لە رێی بارهەڵگرەکانەوە رێگەی داوە نەوتی هەرێم بگوازرێتەوە بۆ تورکیا.
حکومەتی تورکیا پشتیوانی لە ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و رێی داوە بە بارهەڵگرەکان کە ئەو نەوتە لە هەرێمەوە ببەنە ناو تورکیا بەڵام نەگەیشتووە بەوەی رێگە بدات بۆرییەکی جیاواز و سەربەخۆ بۆ هەرێم دابین بکات بە ناو تورکیادا بڕوا تا بەندەری جیهان. ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەپرسین بۆچی ؟!
ئایا ئەنقەرە هێشتا بەغداد بە تەنیا بڕیاردەر لە دەرهێنان و فرۆشتن و ناردنە دەرەوەی نەوت و گاز دەزانێ ؟! یان نایەوێ قەوارەی هاوکاری و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێردا تا ئەو رادەیە بەرز بکاتەوە نەبادا دەرەنجامی سیاسی گەورەی بەدوادا بێت بۆ کوردانی عێراق ؟!
دەستووری عێراقی فیدراڵ کە لە ساڵی 2005دا زۆرینەی عێراقییەکان پەسەندیان کردووە، ماف بە هەرێم و پاریزگاکان دەدات بۆ بەرهەمهێنان و سوودوەرگرتن لە سامانی سروشتیی وڵات بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.
لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دەستوورەی کردۆتە رێنیشاندەر بۆ ئیشکردن و پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت و گاز.
لەم هەرێمە فیدراڵەدا و بەپشت بەستن بە دەستوور بڕوایەکی جێگر دروست بووە بەوەی نابێ چیتر کار بە سستمی سەنترالیزەکردنی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی ئابووری بکرێ کە تا ئەم ساتە جگە لە نەهامەتی هیچی دیکەی بۆ گەلانی عێراق نەهێناوەتە بەرهەم.
تێکڕایی رۆژانەی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی رابردوودا (تشرینی دووەم) گەیشتە (2 ملیۆن و 620 هەزار) بەرمیل، کە داهاتەکەی (8 ملیار و 201 ملیۆن دۆلار) بووە و چۆتە پاڵ داهاتەکانی سەدان سەرچاوەی دیکە. هەروەها بودجەی ساڵانەی ئەم دەوڵەتە لە ساڵی 2011 دا ( 100 ملیار دۆلار) بووە و لە ساڵی داهاتووشدا، 2013، دەگاتە( 118،6 ملیار دۆلار). کەچی بەپێی راپۆرتی (ریکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی) عێراق سێیەمین گەندەڵترین دەوڵەتە لە جیهاندا. هەروەها بەپێی دوا راپۆرتی رێکخراوی ( مێرسر) شاری بەغداد بۆ ژیان و گوزەران و کارکردن خراپترین شاری جیهانە. هەڵبەت تیرۆر و تەقینەوەیش بەشێکی دیکەی ئەو بارودۆخە دراماتیکییەیە کە عێراقی تێدایە و حکومەتەکەیشی بە حکومەتی دروستکردنی قەیران پێناسە کراوە.
پێچەوانەکەیشی ئەوەیە کە هەێمی کوردستان ئارام و گەشاوەتەوە، هەنگاوی زۆر باشی بەرەو ئابوورییەکی سەقامگیر و بازاڕێکی بەپیتی سەرمایەگوزاری ناوە.
وڵاتی تورکیا لەم جموجووڵە ئابوورییەی هەرێمی کوردستاندا پێشەنگە و پشکی شێری هەیە. لە 1600 کۆمپانیای گەورەی سەرمایەگوزاری کە لە کەرتی بیناسازی و سەرمایەگوزاریدا بەشدارن، زیاتر لە 800 کۆمپانیایان تورکین. لە پشکی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمدا کاردەکەن، تورکیا 52،7% هەیە.
بێگومان ئەم بەشدارییە ساڵانە هەڵدەکشێ و زیاتر دەبێ. بۆ پەرەپێدان و فراوانبوونی زیاتریشی هەنگاوی باشتر لە حکومەتی تورکیا چاوەڕوان دەکرێ. بەمجۆرەی ئێستا ئەگەرچی باشە بەڵام لە ئاستی ئەوەدا نییە کە سەرمایەگوزاری تورکیا پێویستی پێیەتی حکومەتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بیکات.
هەنگاوی زۆر راستەقینە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی ئابووری ئەوەیە کە تورکیا بۆرییەکی تر بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بکاتەوە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بەشدار بێ لە پەرەپێدانی زیاتری جموجووڵی ئابووری لەم ناوچەیەدا.
بەڕێز (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووەم کۆنفرانسی نەوت و گاز، کە لە 3 ی دیسەمبەری ئەمساڵدا لە هەولێر کرا و حکومەتی عێراق نەیهێشت وەزیری وزەی تورکیای تێدا بەشدار بێ، وتی: (هەرێمی کوردستان ئێستا بەشێکی پتەوی هاوکێشەی هەرێمایەتی و جیهانییە لەبواری دابینکردنی وزە و لەسەر نەخشەی جیهانیی بەرهەمهێنانی وزەیە و یەدەگی هەرێم بە 45 ملیار بەرمیل نەوت و 3 ترلیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی دەخەمڵێنرێ).
لە بەغداددا تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەک بۆ نەوت و گاز دەربکەن، بەڵام لە هەرێمدا لە ساڵی 2007ـەوە ئەو یاسایە هەیە و بۆتە هۆیەکی یەکجار گرنگ بۆ بەرەوپێشچوونی خێرای پیشەسازی لەم کەرتەدا و نابێ تورکیا ئەمە رەچاو نەکات. دەرەنجام مانەوەی بۆشایی لەم بوارەدا رێگا بۆ خەڵکانی دیکە خۆش دەکات بەر لە هاوسێیەکەمان بێنە ناوییەوە.
پێشبینی دەکرێ لە ساڵی داهاتوودا هەرێمی کوردستان بتوانێ 250 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بکات. تا ساڵی 2015 ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و تا ساڵی 2019 دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل و زیاتریش. گەیاندنی ئەم بڕە گەورەیە لە بەرهەمی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، پێویستی بە بۆرییەکی تایبەتە و خۆ ناکرێ حکومەتی تورکیا هەر بە تەمای ئەوەبێ بە تانکەر بیگوازێتەوە.
ئێستا سەبارەت بە سەرمایەگوزاری و پێشەسازی نەوت و گەیاندن و جموجووڵێکی ئابووری چالاکی جیهانیی لەم ناوچەیەدا، تۆپەکە لە گۆڕەپانی تورکیادایە. یان وەکوو گەمەکەرێکی شارەزا یاریەکە دەکات و دەیباتەوە، یان دەرفەتەکە لە دەست خۆی دەدات و یاریزانێکی دیکە گۆڵەکان دەکات.
تورکیا دەبێ بزانێ کە بەرژەوەندی هاوبەش و ئابووری چالاک و بەسوود، گرێکوێرەکانی سیاسەت و دەمارگیریی نەتەوەیی دەکاتەوە و رێگە خۆش دەکات بۆ تێگەیشتن لە بڕیارەکانی ئایندە کە بە قازانجی هەمووانە.
یەک رۆژ سڵ کردنەوە لە دەرەنجامە سیاسییەکان، یەک ساڵ بەرژەوەندی ئابووری پەک دەخات و سوود و قازانجەکانی دوا دەخات. کەڵەکەبوونی زیانە ئابوورییەکان زیانی سیاسی گەورەتریان لێ دروست دەبێ. پێچەوانەکەیشی راستە کە یەک رۆژ پێشکەوتنی پەیوەندی ئابووری یەک ساڵ لێکتێگەیشتنی سیاسی نزیکتر دەکاتەوە و کەڵەکەبوونی سوودەکانی ئابووری قازانجی سیاسی گەورە بەرهەمدەهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار