د. عەبدولحەکیم بەشار سکرتێرى پارتى دیموکراتى کورد لە سووریا لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ kdp.info : مەسعود بارزانى وەکو سەرکردەى گەل و میللەت هەڵسوکەوت دەکات

پێگەى kdp.info چاوپێکەوتنێکى تایبەتى لەگەڵ دکتۆر عەبدولحەکیم بەشار سکرتێرى پارتى دیموکراتى کورد لە سووریا و سەرۆکى یەکێتى سیاسى کردووە ئەمە دەقەکەیەتى:
- خۆزگە باسێکى کورتت لەبارەى بارودۆخى کوردى سووریا دەکردو هەتا گەیشتنتان بە پێکهێنانى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى و هۆکارى رەتکردنەوەتان لەنەچوونە پاڵ ئەنجوومەنى نیشتمانى سوورى و دواتر ئیئتیلافى نیشتمانى هێزەکانى شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنى سووریا؟
- گەلى کورد لە سووریا لەسەر خاکە مێژووییەکەى خۆى کە کوردستانە رووبەڕووى چەندان شێوەى ئازارو چەوسانەوەى سیاسى و رۆشنبیرى و ئابوورى بۆتەوە، بە هەموو شێوەیەک دژى ئەو میللەتە بوونە وەکو نەتەوەو وەکو پرسێک، بۆیە رێکخراوەکان و پارتەکانى رووبەڕووى چەندان شێوەى سەرکوتکارى بوونەتەوە، هەتا لەسەر ئاستى گوتارو ئامانج و ئامرازەکانیشەوە، بزووتنەوەکەى ئێمەش وەکو باقى رێکخراو و پارتەکانى دیکە خاوەن یەک گوتارى بووەو وەکو چەترێکى سیاسى کوردى کارى کردووە، پارتەکانى دیکەش وەڵامدانەوەى باشیان هەبووە، بۆیە توانرا ئەنجوومەنێکى سیاسى کوردى لە نۆ پارت و کۆمەڵە پێکبهێنرێت لە کۆى یازدە بزووتنەوەو رێکخراو، تەنیا (پەیەدە) ئامادەیى نەبوو بۆ کارکردن لە گۆڕەپانى نیشتمانى کوردى، دواتر چوارچێوەکەى گۆڕا بۆ بزووتنەوەى نیشتمانى کورد و دوازدە گروپ و رێکخراو پەیوەندیان پێوەکرد، دواتر ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى لە سووریا پێکهات، ئەوەش وەکو دەستپێشخەرییەک لە لایەن پارتەکەى ئێمەوەبوو وەکو پێداویستییەک و مەرجەعەیەتێکى کوردى کە پارتە کوردیەکان و کەسانى سەربەخۆو رێکخراوەکانى لاوان و ئافرەتان لەخۆ بگرێت، کۆنگرەى خۆیشى لە شارى قامیشلۆ لە 26/10/2012 ئەنجامداو منیش وەکو یەکەم سەرۆکى ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى سوورى دەستنیشان کرام. بەڵام هۆکارى نەچوونمان بۆ نێو ئەنجوومەنى نیشتمانى سوورى، دیارە هەندێ بۆچوونى جیاواز هەبوو بۆ ئایندەى سووریاو ستراتیژیەتى چارەسەرکردنى کێشەى کورد لەو وڵاتە، هەروەها لەسەر هەندێ ئاستى دیکە:
ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى داوا دەکات سووریاى ئایندە خاوەن دەوڵەتێکى لامەرکەزى سیاسى و دەستوورى عەلمانى بێت.
ئەنجوومەنى نیشتمانى سوورى بریارى ئەوەى داوە سووریا لامەرکەزى ئیدارى و خاوەن دەستوورى مەدەنى بێت.
بەڵام ئیئتلافى نیشتمانى کە لە دەوحە دروستبووە، هەتا ئێستا لەنێوان ئەو جیاوازیانە ماوەتەوە.
بەڵام سەبارەت بە کێشەى کورد، ئێمە جەخت لە بریارى دەستوورى بوونى کورد دەکەینەوە، هەروەها لەگەڵ دۆزینەوەى چارەسەرێکى دیموکراسى بۆ پرسى نەتەوەیین بە پێى بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان و، رەتکردنەوەى هەموو ئەو سیاسەتە شۆڤینى و رەگەزپەرستیانەى بەسەر میللەتەکەماندا سەپێنراوەو، هەروەها چارەسەرکردنى کێشەکان و بژاردنەوەى هەموو ئەو زەرەرو زیانانەى دەرهەق بە میللەتەکەمان کراوە، هەروەها گێڕانەوەى دۆخەکە بۆ پێش جێبەجێکردنى ئەو سیاسەتانەى دژ بە گەل و نەتەوەکەمان کراوەو، داننانى فەرمى بە زمانى کوردى، هەموو ئەمانە هەتا ئێستا لە گفتوگۆدایە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێکەوتنێکى کۆتایى.
-چۆن کۆنگرەى دەوحەو ئەنجامەکەى هەڵدەسەنگێنن، ئایا مەرجەکانى کورد چى بوون بۆ رازى بوون بە رێککەوتنى دەوحە؟
من سەرۆکى وەفدى کوردى بووم لە کۆنگرەى دەوحە، ئەو کۆنگرەیە پێشتر ئامادەسازى بۆ کرابوو لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەوەش لە وتەکەى سەرۆک وەزیرانى قەتەرەوە دەرکەوت، کە جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەنجامى ئەو کۆنگرەیە هەرچییەک بێت، ئەوان بەهیواى ئەوەن داننانێکى خێراى نێو دەوڵەتی بێت و سەرۆکێکیان بۆ ئەو ئیئتیلافە هەڵبژارد، ئەویش پێشتر ئامادەسازى بۆ کرابوو، زۆرێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان پێیان راگەیاندین کە مەعاز ئەلخەتیب کاندیدێکى گونجاوە، کە زۆربە پێیان وابوو ریاز سەیف دەبێتە سەرۆک، بە دانانى ئەوەى ئەو خاوەن ئەو دەستپێشخەرییە بوو هەر ئەویش ببێتە سەرۆک، ئێمە بۆ چوونە پاڵ ئەو ئیئتلافە ئەو داواکارییانەمان پێشکەش کرد:
1- دوبارە داڕشتنەوەى بەڵگەنامەى قەاهیرە بە شێوەیەک کە بڕیار لە مافەکانى گەلى کورد بدات بە شێوەیەکى ئاشکرا.
2- رێژەى نوێنەرایەتى کورد 15% و کاندیدەکانیشى لەلایەن ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردییەوە دەستنیشان دەکرێت.
3- کورد یەکێک لە پۆستە سەرکییەکانى پێبدرێت وەکو سەرۆک یان وەکو جێگر لە هەموو دەستو پێگەکانى ئیئتلافەکە.
4- ناوى سووریاى نوێ (کۆمارى سوریا) بێت و رەتکردنەوەى هەموو زاراوەیەکى دیکە کە دژ بەوە بێت.
5- دروستکردنى سوپایەکى نیشتمانى لە هێزەکانى سوپاى ئازادو هێزە شۆڕشگێڕەکان و چەکدارەکان بە پێى سازانى سیاسى و هەندێ بەندى دیکە کە کەمتر گرنگیان هەبوو.
- بیروڕاتان لەبارەى ئەوەى کە ئەگەر رێککەوتن نەکرا لەسەر مەرجەکانى کورد، بە تایبەتى دوا پێشکەوتنەکانى گۆڕەپانى ئەم دواییەى ناوچە کوردییەکان لە سووریاو هاتنى سووپاى ئازاد بۆ ناوچە کوردییەکان و بۆردومانکردنیان لە لایەن رژێمەوە؟
- باوەڕم وایە لەسەر ئێمە پێویستە بچینە نێو ئیئتیلافى ئۆپۆزسیۆنى سوریا و کارکردن لەگەڵ ئەواندا، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى ئیئتلافەکە بەدەم تەواوى داواکارییەکانى ئێمە نەهاتووە، بژاردەکانى دیکەش لێرەوە ماوەتەوە کە هەندێک پێیان باشە کورد بە دابڕاوى بمێنێتەوە، کە ئەوەش خۆکوشتنێکى سیاسییە، تەنسقیش لەگەڵ لایەنى دیکە لە بەرژەوەندى رژێمى دیکتاتۆرییەو ئەوەش بە هەموو شێوەیەک لە لایەن کوردەکانەوە رەتکراوەتەوە.
- ئەو هەوڵانەچیین کە مەبەستانە پێى راببن بە ئاراستەى یەک هەڵوێستى کورد لە سووریا، کە ئێستا هەندێ ناکۆکى و ململانێ و جۆرێک لە توندوتیژى و کوشتن و بنبزرکردنى چالاکوانى سیاسى و هێرشکردنە سەر هەندێ نووسینگەى پارتەکان لە ئارادایە..هتد.
- ئەو پەرتەوازییەو ئەو دابڕان و شپرزەیەى بزووتنەوەى کوردى بەدەستییەوە دەناڵێنێ، کاریگەرى سلبى کردووەتە سەر ئەنجامدانى کارەکانى، بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە بەدواى چارەسەرێکى مەعقول و جدیدا بگەڕێین بۆ ئەو شپرزەییەو پەرتەوازییە، ئێمە چوار پارتى نێو ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى (پارتى دیموکراتى کورد، یەکێتى، حزبى ئازادى) یەکێتییەکى سیاسیمان دامەزراندووە، بەناوى یەکێتى سیاسى دیموکراتى کوردى لە سووریا، وەکو هەنگاوێک بۆ یەکخستنى بزووتنەوەى کوردى لەو وڵاتەدا، بە هیواین پارتەکانى دیکەش لەیەکتر نزیکببنەوە لە رووى سیاسى و ئەو هەنگاوەى ئێمە بهاوێژن.
- چۆن دەڕواننە رۆڵى سەرۆک مەسعود بارزانى بەرامبەر بە بزووتنەوەى کوردایەتى لە سووریاو یەکخستنتان، ئەو نامە ئاراستەکراوانەى بۆ نەهێشتنى جیاکارى لەنێوان پارتە کوردیەکانى سووریا، میواندارى و چاودێرى رێککەوتنى هەولێرو واژوکردنى لەلایەن پارت و و رێکخراوە کوردیەکانەوە؟
- سەرۆک مەسعود بارزانى وەکو سەرکردەی گەل و نەتەوە هەڵسوکەوت دەکات نەک وەکو سەرۆکى هەرێمێک، سەبارەت بە ئێمەش هەر وایە، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى زانیارییەکى تەواوى لەبارەى هەڵوێستى لایەنە کوردییەکانەوە هەیە، هەتا ئەو هەڵمەتە سیاسى و راگەیاندن و هەتا چەکداریش لە دژى هەرێم بەرپاکراوە، بۆیە جەنابیان ئەوەى دیارى کرد کە ئەو بەیەک شێوەو بە یەک ئاراستە لەنێوان هەموویان وەستاوە، بەبێ ئەوەى جیاکارى و جیاوازی لەنێوانیاندا بکات، ئەو هەمیشە جەخت لە یەکریزى کورد دەکاتەوە، بە هەموو دڵسۆزییەکەوە لەو پێناوەدا کاردەکات، هەتا رێککەوتنى هەولێر بە چاودێرى و دەستپێشخەرى بەڕێزیان هاتەکایەوە، چەندا جار لەگەلڕَ بەرپرسانى پارتەکان چاوپێکەوتنى کردووەو پاڵپشتى خۆى بۆ ئەوان دووپاتکردووەتەوەو پابەندبووە بە یەکریزى کوردەوە، هەتا ئیًَستاش لە هەوڵەکانى بەردەوامە لەگەڵ لایەنە کوردیەکان بۆ جێبەجێکردنى دەقى بەندەکانى رێککەوتنى هەولێر،هەروەها لەگەڵ لایەنەکانى نێو ئۆپۆزسیۆنى نیشتمانى سووریا، بۆ ئەوەى دان بە مافەکانى کورددا بنێن و لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بۆ ئەوەى پاڵپشتى لە ماف و خواستەکانى گەلى کورد بکەن لە کوردستانى سووریا، بۆیە هەوڵ و تێکۆشانى بەرێزیان هەم لەسەر ئاستى کوردستان و هەمیش لەسەر ئاستى ناوچەکەو نێودەوڵەتى دیارو بەرچاوە، لەم بارەیەشەوە رووبەڕووى پاڵەپستۆى زۆر بۆتەوە هەم لە لایەن حکوومەتەکەى مالیکى و هەمیش لەلایەن وڵاتانى ناوچەکەوە، بەڵام ئەو لە هەوڵەکانى خۆى نەکەوتووەو بەردەوامە
- دواى ئەو یەکێتییە سیاسییەى کە چوار پارتى کوردستانى لەخۆ گرتووەو هەڵبژاردنى تۆش وەکو سەرۆکى ئەو یەکیـَتیە، ئایا گرنگى ئەو جۆرە یەکبوونانە لەنێوان پارتە کوردیەکان چییە، چونکە هەندێ دەنگى بەرهەڵستکار هەیە دەڵێت رێککەوتنى هەولێر کە بووە هۆى هاتنە کایەوەى کیانێکى سیاسى (دەستەى باڵاى کورد) ئەو یەکێتیە سیاسییە چییە، ئایا ئێوە رایەکى دیکەتان هەیە؟
- بەڵێ.. ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى و دەستەى باڵاى کورد، یەکێـییەکى سیاسى نییە، بە چەمکە راستەقینەکەیەوە، هەروەکو ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى کە هاوبەشى دەستەى کوردى باڵایەى لە پارت و کەسانى سەربەخۆ پێکهاتووە. بەڵام یەکێتى سیاسى، ئەوە یەکگرتنى چوار پارتە بە ئامانجى رێکخستنێکى هاوبەش لەنێوان هەر چوار لایەنەکەوە، ئەوەش هەنگاوێکى پێشکەوتووە بە ئاراستەى چارەسەرکردنى بارى پەرتەوازەیى لە بزووتنەوەى رزگاریخوازى کورددا.
- چۆن دەڕواننە ئەو رێککەوتنەى نێوان دەستەى باڵاى کوردو حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کردنەوەى دەروازەییەکى سنوورى لەنێوان هەرێم و ناوچە کوردیەکانى سووریا بۆ ئەوەى یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە گەلى کورد لە سووریا، ئایا رۆڵى ئێوە لە ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردى و دەستەى باڵاى کورد لەو بارەیەوە چییە؟
- حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە هەموو شێوەیەک هەولێداوە یارمەتییە مرۆییەکان بگاتە کوردستانى سووریا، بەڵام هەندێ بەربەست و لەمپەرى ئالۆز هەیە، چونکە ئەوە مافى هەرێمى کوردستان نییە لە رووى یاساییەوە دەروازەى سەرەکى بکاتەوە، چونکە ئەمە پێویستى بە رەزامەندى حکوومەتى بەغدایە، ئەوەش نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتى هەرێم بەردەوام هەولێداوە یارەمەتییەکان بگاتە کوردستانى سووریا، بەڵام کێشەى سەرەکى لە دەستەى باڵاى کوردەوەیە، چونکە ئەوە دەستەیەکە هەر بەناوە، بە حوکمى ئەوەى پەیەدە کۆنترۆڵى ناوچەکەى کردووەو لە بەرژەوەندى ئەوان نییە ئەو جۆرە رێککەوتنە فەرمییە هەبێت و کەلوپەلى خۆراک بگاتە ئەو ناوچانەو لە لایەن دەستەى باڵاى کوردەوە دابەشبکرێت، پەیەدە گەرەکییەتى خۆى ئەو کارە بکات و، گومرگیش بخاتە سەر ئەو جۆرە کەلوپەلانە، ئەوەش ناچێتە ژێر بارى هیچ جۆرە رێککەوتنێکەوە، بۆیە پەیەدە کۆسپ و لەمپەرى یەک بەدواى یەک دروست دەکات بۆ ئەوەى لە هەموو رەو رێککەوتنانە رابکات.
- چۆن دەروانیتە سووریاى نوێ، چارەسەرى گونجاو بۆ کێشەى کورد لە سووریا؟
- سووریا بە تونێلێکى زۆر تارێک گوزەر دەکات، چەندا سیناریۆ لە ئارادایە، لە سەرەتاى شۆڕش بابەتێکم بڵاوکردەوە، لە لایەن زۆر کەسەوە روبەڕووى رەخنەى زۆر کرامەوە، ئەو سیناریۆیانەش ئەمانەیە:
1- سەرنەکەوتنى دەوڵەتى سووریا بەهۆى نەبوونى مەرجەعیەتێکى سیاسى سەربازى، دواتر پەیدابوونى ئەوەى پێى دەڵێن (سەومەلەى دەوڵەت)
2- سەرهەڵدانى جەنکى تائیفى لەنێوان سونەو شیعەکان، ئەوەش ئێستا لەسەر ئەرزى واقیع بوونى هەیە، رەنگە پەلبهاوێ بۆ دەروەى وڵاتیش.
3- رەنگە جەنگى هەرێمایەتیش بێتەکایەوە.
4- بریارى دیکتاتۆرى سووریا لەبارەى کەنارەوە (ناوچەى عەلەویەکان) و راگەیاندنى شارەکەى بە پایتەختى کاتى سووریا، رەنگە ئەوە راگەیاندنى جەنگى تائیفى بێت و ئامادەکردنى پێداویستیەکانى بێت بۆ ئەوەى وڵاتانى دراوسێش بگرێتەوە وەکو (لوبنان و تورکیاو عیراق.
5- دابەشبوونى سووریا، ئێستا لە لایەن رژێمى سووریاوە ئامادەسازى دەکرێت بۆ دابەشبوونى سووریا ئەگەر ئەوە لەژێر حسابەکان رزگارى بکات، بۆ ئەوەى رووبەڕووى هەموو ئەو سیناریۆیانە ببینەوە، ئەوە پێویستە سوریایەکى نوێ بنیات بنێین، کە وڵاتێکى یەکگرتوو لەسەر بنەماى فیدراڵى و دەستوورى عەلمانى، کە ئەوە باشترین چارەسەر بۆ ئاینجەى سووریا، بە شێوەیەک کە چوار ناوچەى فیدراڵى سەرەکى دروست ببێت، یەکیان بۆ کوردو ئەوانى دیکە بۆ سوورییەکان.
چاوپێکەوتن: عماد مەحموود




