په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان و نیگه‌رانییه نابه‌جێكانی ئه‌مه‌ریكا

فەیسەڵ دەباغ
له ڕووی ئابورییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ له دوای ڕۆژ قوڵتر ده‌بنه‌وه و ئێستا هه‌رێمی كوردستان بووەته لایه‌نێكی گرینگی هاوبه‌شی بازرگانیی توركیا.
پێویستی توركیا به نەوت و غازی سروشتی هه‌رێم زۆره و پێویستی هه‌رێمیش به زۆر شتی توركیا هه‌یه، به تایبه‌ت له چۆنیه‌تیی وه‌به‌رهێنانی ئه‌و نه‌وت و غازه، بۆیه توركیا ئێستا خه‌ریكه به پاڵپشتیی حكوومه‌ت كۆمپانیایه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی دابمه‌زرێنێت بۆ وه‌به‌رهێنانی نه‌وت و غازی سروشتی له هه‌رێم و له ڕێگه‌ی بۆرییه‌كی ستراتیژیش یه‌كه‌مجار بگه‌یه‌نێته بازاڕه‌كانی توركیا و دواتر بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.
واشنتۆن له‌م په‌یوه‌ندییه په‌ره‌سه‌ندووه‌ی نێوان توركیا و هه‌رێم نیگه‌رانه، چونكه پێی وایه ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر ده‌كات و له سه‌ربه‌خۆیی نزیكتری ده‌كاته‌وه و واش له به‌غدا ده‌كات كه خۆی له ئێرانه‌وه نزیكتر بكاته‌وه.
ئه‌مه‌ریكا بوونی خۆی له عێراقدا له هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا نایه‌وێ خۆی له هه‌رێم نزیك بكاته‌وه نه‌وه‌كو ئه‌م نزیكبووه‌نه‌وه‌یه‌ی ببێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌غدا نه‌مێنی كه ئه‌سڵه‌ن نه‌ماوه.
كورد هیوایه‌كی زۆری به ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو به‌تایبه‌تی له چاره‌سه‌ركردنی گیر و گرفته‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام به داخه‌وه سه‌ره‌ڕای چه‌ندین به‌ڵێندان هیچ یه‌كێكیانی جێبه‌جێ نه‌كرد، نه‌ك هه‌ر ئه‌مه به‌ڵكو فشاره‌كانی خۆشی زێده‌تر كرد به‌تایبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و غازدا كه سه‌ره‌ڕای نه‌دانی مسته‌حه‌قاتی كۆمپانیاكان له لایه‌ن به‌غداوه كه‌چی ده‌یه‌وێ ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌رێم به به‌رده‌وامی تێكه‌ڵ بە بۆریه‌كه‌ی عێراق بكرێت.
ئامانجی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌ریكا له‌و فشاره‌یدا ڕۆیشتنی نه‌وتی عێراقه به نه‌وتی كوردستانیشه‌وه به بڕێكی زۆر چونكه هه‌نارده‌كردنی نه‌وت به‌و بڕه زۆره بۆ بازاڕه‌كانی جیهان نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێ كه ئه‌مه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی كار ده‌كاته سه‌ر ئابووری جیهان به‌تایبه‌ت ئابووری ئه‌مه‌ریكا، كه ئه‌مه‌یش هه‌مان ئامانجی مالیكییه، به‌ڵام جیاوازییه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌مه‌ریكا بۆ ئابوورییه‌كه‌ی خۆی هه‌وڵ ده‌دات كه‌چی مالیكی بۆ دروستكردنی زه‌عامه‌ته‌كه‌ی.
توركیا و هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی ئاقڵانه بیر له‌و هه‌موو ته‌حه‌دییاتانه بكه‌نەوە كه ڕووبه‌ڕووی هه‌ردوو لایان بووەته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییانه په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن و هه‌ر بۆ خۆیان بڕیار بده‌ن كه چی بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر بۆ هیچ فشارێك دانوێنن، نه فشاری عێراق و نه فشاری ئه‌مه‌ریكا و نه فشاری ده‌وروبه‌ری خۆیان، چونكه هه‌ر یه‌ك له‌مانه خه‌ریكی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌تی.
فشاری عێراق فشارێكی لاوازه و ده‌كرێ هیچ حسابێكی بۆ نه‌كرێ به حوكمی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێكی لاوازه و تا ئێستاش یاسای نه‌وت و غاز ده‌رنه‌چووه تا به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان پێی پابه‌ند بن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بوونی كێشه و گیر و گرفتێكی زۆر له‌نێوان هه‌ردوو لادا، به‌غدا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێ هه‌رێم پێشی بكه‌وێ، ئه‌م ڕه‌فتار و سیاسه‌ته‌ی توركیاشی پێ ناخۆشه، بۆیه هه‌میشه به‌وه تۆمه‌تباری ده‌كات كه گوایه به هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندی و سیاسه‌ته‌وه ده‌یه‌وێ عێراق دابه‌ش بكات، ڕاسته ئه‌مڕۆ به‌غدا كێشه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه سه‌باره‌ت به چه‌ند پرسێك كه یه‌ك له‌وان ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی هه‌رێم و توركیایه.
به‌ڵام كیشه‌یه‌كی دیكه‌یش هه‌یه كه په‌یوه‌ندی به ڕه‌وشی سووریاوه هه‌یه، عیراق ئه‌و ڕۆڵه‌ی توركیای پێ ناخۆشه كه له سوریا ده‌یبینێت و هۆكاره‌كه‌شی بۆ عێراق زیاتر تایفییه و پێی خۆش نییه ئه‌و ڕژێمه‌ی ئێستای سووریا بڕوخێ نه‌وه‌ك سوننه توندڕه‌وه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرن و ڕه‌وشه نوێیه‌كه‌ش كاریگه‌ری هه‌بێت به‌سه‌ر خودی عێراق و هه‌روا ده‌ور و پشته‌كه‌ی كه له‌وانه‌یه به هاندانی ئه‌مه‌ی دواییان به‌غدا ئه‌و هه‌موو گیروگرفته له‌به‌رده‌م هه‌رێمدا دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له مه‌سه‌له‌ی كوردی سووریاوه به‌دوور بگرێت و پشتیوانیان نه‌كات، چونكه ئه‌و پشتیوانییه به باوه‌ڕی ئه‌وان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا به‌هێزتر ده‌كات، پێشیان وایه كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه كوردییه‌كانی سوریا سه‌باره‌ت به یه‌ك ئامانج خزمه‌ت به‌و ڕۆڵه‌ی توركیا ده‌كات، له ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی هه‌رێم نه په‌یوه‌ندی به سیاسه‌تی توركیاوه هه‌یه و په‌یوه‌ندیشی به سیاسه‌تی هیچ لایه‌نێكی دیكه‌وە نییه، به‌ڵكو ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هه‌ڵقوڵاوی سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی هه‌رێمه كه ده‌یه‌وێ كوردی سووریاش بگه‌نه مافی ڕه‌وای خۆیان، به‌ڵام به مه‌رجی پاراستنی یه‌ك ڕیزی خۆیان و هیچ لایه‌نێكیشی نه‌بێته داروده‌سته‌ی ئه‌م یان ئه‌و.
به كورتی پێویسته هه‌رێم نه‌چێته ژێر باری هیچ فشارێك و گوێش نه‌داته هیچ به‌ڵێنێك كه پێی ده‌درێت چونكه به‌ڵێنی زۆری پێ درا و هیچ یه‌كێكیان جێبه‌جێ نه‌كران، به تایبه‌تی له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه كه ئه‌مڕۆ فشار ده‌خاته سه‌ر توركیا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا زۆر توندوتۆڵ نه‌كاته‌وه، ئه‌م هه‌ڵوێسته نوێیه‌ی ئه‌مه‌ریكا جێی هه‌ڵوه‌سته‌یه، چونكه له كاتێكدا كه په‌یوه‌ندی توركیا و هه‌رێم خراپ بوو ئه‌مه‌ریكییه‌كان هانی توركیا و هه‌رێمیان ده‌دا كه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌هێزتر بكه‌ن، كه‌چی ئه‌مڕۆ داوا هه‌م له هه‌رێم و هه‌میش له توركیا ده‌كه‌ن كه ئه‌و په‌یوه‌ندییه زۆر به‌هێز نه‌كه‌ن، به توركیا ده‌ڵێ واز له‌و پڕۆژه گه‌ورانه بهێنه كه له هه‌رێم ئه‌نجامی ده‌دات و به هه‌رێمیش ده‌ڵێ له جیاتی توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌هێزتر بكه‌ن، چونكه ئه‌مه له‌به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مه‌ریكایه!!
پرسیار ئه‌وه‌یه.. تا كه‌ی هه‌رێمی كوردستان باوه‌ڕ به به‌ڵێنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات؟ ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه هه‌رێمیش موراعاتی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بكات و چیتر ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ی نه‌كاته قوربانی ئه‌م و ئه‌و؟
كوردستان باشترین هاوڕێی ئه‌مه‌ریكا بوو نه‌ك هه‌ر له عێراق به‌ڵكو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا، به‌ڵام ئه‌و وڵاته به‌های ئه‌و هاوڕێیه‌تییه‌ی نه‌زانی و هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه بوو كه كوردستان بكاته قوربانی به‌غدایه‌ك كه ئه‌سڵه‌ن دژ به سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا كار ده‌كات، هه‌ر بۆ نموونه دژایه‌تی كردنی هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی ئه‌و كه ئه‌ویش سه‌رۆكی حكوومه‌تی توركیایه و هه‌روا له مه‌سه‌له‌ی بانكی ناوه‌ندی و به‌كارهێنانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند وڵاتێك و ڕێدان به‌و فڕۆكانه‌ی كه چه‌ك بۆ ڕژێمی سوریا ده‌به‌ن و هتد.
كوردستان حه‌زی له باشترین په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئیران، به‌ڵام ئه‌و وڵاته ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی نه‌بینی له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و دژی ئه‌وانه‌ش نه‌وه‌ستا كه داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی شیعه و كوردیان ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ڕۆیشتووه‌ی كه به‌سه‌ر هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا هه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌كانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عه‌ره‌بی سوننەنشینی و مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و ڕووداوانه به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ر زوو هاته سه‌ر خه‌ت و داوای هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێزی نێوان كورد و شیعه‌ی كرد كه ئه‌مه‌ش جیی پرسیارێكی دیكه‌یه.
كه‌واته ته‌نها شت كه ده‌بێ هه‌رێم له‌مه‌ودوا بیری لی بكاته‌وه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانییه‌تی، به واتایه‌كی دیكه پێویسته هه‌رێم پەیوەندییەكانی له‌گه‌ڵ توركیا به‌هێزتر بكات مادامه‌كی ئه‌و په‌یوه‌ندییه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌كات و پێویستیشه له‌سه‌ر توركیا به‌هه‌مان نه‌فه‌سی هه‌رێم كار بكات و ئه‌و په‌یوه‌ندییه بگه‌یه‌نێته ئاستێكی زۆر به‌رز و ستراتیژی و ئه‌مه‌ریكاش پێویسته چاو به‌و سیاسه‌ته چه‌وته‌ی خۆی بخشێنیته‌وه و پاڵپشتێكی به‌هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییه بێت.




