ژیانمان بە ئێوەوە جوانە

ئازا حەسیب قەرەداخی
ئەو هونەرمەندە دەنگخۆشانەی گۆرانیمان بۆ دەچڕن و خەیاڵی سادەمان هەڵدەفڕێنن بۆ كەشكەڵانی فەلەك...
ئەو موزیكزانانەی بە ژەنینی ئامێرەكانیان گوێ و مێشك و دەروونمان پڕ دەكەن لە ئاوازی بە سۆز و ئارامی دەبەخشن بە ڕووحمان...
ئەو شێوەكارانەی بە تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەكانیان، بە هێڵ و فیگەر و پانتایی و فەزاكانی كۆنتراس یان هارمۆنی چاومان لێوان لێو دەكەن لە جوانی و هاوسەنگی و جووڵە و زیندوویەتی...
ئەو پەیكەرتاشانەی لە بەرد یان لە قوڕ و دار و چیمەنتۆی بێگیان، جوانی بەرجەستە دەكەن و جووڵە دەكەنە تەواوكەری بینینمان...
ئەو سیرامیكسازانەی كەرەستە كیمیاییەكانیان لە قوڕ هەڵدەكێشن و لە كوورەی ئاگردا دەیانگۆڕن بۆ قەوارەیەك لە ڕەنگی هارمۆنی و بریسكەی جوانیبەخش...
ئەو شاعیرەی بە دیار وشەیەكەوە شەونخوونی دەكات تا ماناكانی ژیان و نەمریی پێ ببەخشێ و بیكاتە پلیكانەیەك مرۆڤ و جوانی پیاهەڵزنێن تا ترۆپكی چێژ...
ئەو نووسەرەی لە جەنجاڵی حیبكەی چیرۆكێكدا و لەناو كوچە و كۆڵانە تێكچڕژاوەكانی ڕۆمانێكدا بە دوای ئێمەدا دەگەڕێ و دەیەوێ سەرلەنوێ ژیان و مانا و ڕەهەندێكی نوێمان پێ ببەخشێ...
ئەو وەرگێڕەی لە ناو ئاڵۆزییەكانی زماندا، لە ناو لێكچوون و لێكنەچوونی زاراوەكاندا بە دوای وشەیەكدا عەوداڵە بۆ ئەوەی بەرانبەری بكاتەوە لە زمانێكی تردا و هەمان ڕووح و مانای لێ دروست بكاتەوە...
ئەو ئەكتەرەی لە خۆی دادەماڵرێ و دەچێتە كەسایەتییەكی دیكەوە و بە ئێمەی دەناسێنێ و لە ئێمەیشەوە ئەو دەناسێتەوە و بە هەردووكیشمان كەسێكی دیكە لە ماناكانی هەموومان دروست دەكاتەوە...
ئەو دەرهێنەرەی لە دوو توێی سیناریۆیەكدا یەكە یەكەی كارەكتەرەكان دەنەخشێنێ و پانتایی قسەكردن و جووڵە و پێوەندییان دیاری دەكات و وەكوو خۆیان كە ببنە بەشێك لە ئێمە نماییشیان دەكاتەوە....
ژیانی ئێمەی مرۆڤ بە كار و بەرهەمەكانی ئەوانەوە جوانە. ژیان ئەگەر كار و بەرهەمی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و نووسەرانی تێدا نەبووایە، بۆ یەكجاری دەبووە دۆزەخ. دەبووە شوێنێك و كاتێك هیچ تەحمول نەدەكرا.
سامانی نیشتمانی یان سامانی گشتی تەنیا پارەی مۆڵ نییە، بەڵكوو بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەكان سامانی هەرە گەورەی ئێمەن. سامانی ڕەمزیمانن كە پێویستە پارە مۆڵەكانیان بخەینە خزمەتەوە.
شانازیكردن بە سامانی ڕەمزییەوە بەخشینی ماناكانی ژیاندۆستییە بە مێژووی میللەتێك كە دەیەوێ لەناو سوتماكەوە هەڵسێتەوە و نەتەوە بونیات بنێ...
ئەوانەی گۆرانی دەچڕن و مووزیك دەژەنن و تابلۆ دەكێشن و نماییش دەكەن و دەنووسن و دەهۆننەوە و سەما دەكەن، ژیانی ئێمەیان جوان كردووە. ڕووناكییان بەخشیوە بە هەموو كونجەكانی بوونمان.. نهێنییەكانی گەردوون و سرووشت و جووڵە و وەستان و هارمۆنی و كۆنتراسەكانیان بۆمان شی كردوونەتەوە.. مانایان بە مرۆڤبوونمان بەخشیوە. شاییستەی بەرزترین ڕێزن.




