كوردەكانی سوریاو دەسەڵاتی جوگرافیای دابەشبوونیان لەنێوان عێراق و توركیا..

دهۆك: فیكین شیتیریان
و: شوكر سلێمان
كوردەكانی سوریا لە لایەن رژێمی بەعسەوە خراپترین مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە، بە شێوەیەكی زۆر سادە ئەوان هاووڵاتی پلە دوو بوونە، لە كاتێكدا كوردەكان نزیكەی رێژەی 10%ی دانیشتوانی سوریا پێكدەهێنن، كەچی نزیكەی 20 لەسەدایان هەتا ئێستا خاوەنی ناسنامەی خۆیان نین.
هەندێ لایەنی فەرمیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، چونكە ئەوانە لەكاتی خۆی لە بیستەكان و سیییەكانی سەدەی بیست بە شێوەیەكی نایاسایی لەنێوان سنوورەكانی توركیاو سوریا هاتووچۆیان كردووە، بۆیە نزیكەی 120 هەزار كوردی سوریا لە شەستەكان لە بوون بە خاوەنی ناسنامەی خۆیان بێ بەشكراون، لەگەڵ دەسپێكی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 نزیكەی 300 هەزار كورد بێ بەشبوون لە ناسنامەی خۆیان.
هەمیشە دەسەڵاتی ناوەند هەولێداوە هەر لە سەرەتای ساڵی 1965 ــەوە بە تایبەتیش لە حەفتاكان دەستی كردووە بە هێنانی خیڵی نیمچە عەرەبی شوانكارە بۆ ناوچە كوردییەكان، ئەمەش بە دەستبەسەرداگرتنی زەوی كشتوكاڵی كوردەكان و بەخشینی بە عەرەبكان ئەم سیاسەتەش بە (پشتێنەی عەرەبی) ناسێندرا، ئامانجیش لەمە لەباركردنی ناوچە سنوورییەكانی باكوور بوو بە دانیشتوانێك كە زیاتر مەیلیان بۆ دەسەڵات هەبێت و راگواستنی كوردەكانیش بۆ ناوچە بیابانەكان بە ئاراستەی باشووری وڵات.
هەروەها بێبەشكردنی كوردەكان لە مافی رۆشنبیری و قەدەغەكردنی خوێندن بە زمانی خۆیان، كەچی بە پێچەوانەوە هەندێ كەمە نەتەوەی دیكەی زۆر بچووك لە ناوچەكەدا وەكو ئەرمەن و ئاشووریەكان تەواوی ئەو مافەیان هەبوو لەوەی قوتابخانەی خۆیان هەبێت و بە زمانی خۆیان بخوێنن لەگەڵ هەندێ بەندوبار كە دەوڵت داینابوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەسەڵات یادكردنەوەی جەژنی نەورۆزیشی لە كوردەكان قەدەغەكردبوو، كە ئەوە جەژنی سەری ساڵی كوردیە، هەروەها بەعەرەبكردنی ناوچەو ناوی گەڕەك و نەهێشتنی هیچ ئاماژەیەك بۆ ناسنامەی كوردی لە پەڕتووكەكانی فەرمی قوتابخانەكاندا، بۆیە هەموو كەسێك پێشبینی ئەوەی دەكرد كە كوردەكان پێشەنگی شۆڕش بن، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو خۆپیشاندانە ئاشتیانەی هاتنە كایەوە، بەڵام ناوچە كوردنشینەكانی باكووری سوریا تا رادەیەك هێمن و ئارام بوون و، ئەو ناوچانە شۆڕشی چەكداری تێیدا رووی نەدا، زۆربەی دەزگەكانی راگەیاندنی خۆرئاواش شرۆڤەیان بۆ ئەو هەڵوێستەی كوردەكان ئەوەبوو كە كوردەكان گەرەكیانە ببنە خاوەن ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی نیمچە سەربەخۆ وەكو ئەوەی لە كوردستانی عێراقی دراوسێیان هەیە، لە لایەكی دیكەوە هێزەكانی بەرهەڵستكاری سوریا بە شێوەیەكی دیكە لەمە دەڕوانن، بەڵكو ئەوان پێیان وایە وا پێویست دەكات كوردەكان تەنیا لە چوارچێوەی مافەكانی خۆیاندا ئەو گفتوگۆیانە بكەن، چونكە ئێستا وڵات لەنێو شۆڕش و ئاگرو ئاسندا ژیان دەكات، لە هەموو حاڵەتاكانیشدا ئێستا كوردەكان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پارتی كرێكارانی كوردستان كە واپێشبینی دەكەن ئەوان هاوهەڵوێستبن لەگەڵ رژێمی سوریا كە هەندێ كاری ناشیرین ئەنجام دەدەن لە جیاتی ئەوان، بەڵام كوردەكان ئەوانە رەتدەكەنەوە، بەڵكو ئەوان قوربانییەكی زۆریان پێشكەش كردووە هەر لە راپەڕینی ساڵی 2004ــەوە كە ئەو كاتە هیچ جۆرە یارمەتییەكیان لەلایەن هێزە عەرەبیە بەرهەڵستكارە سوورییەكانەوە پێنەگەیشتووە.
لە دووتۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی كوردی كراوە، كە پێكهاتوون لە شازدە حزبی هاوپەیمانی سووری، كە پەیوەندیەكی باشییان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كە مەسعود بارزانی رابەرایەتی دەكات، ئەوان دەڵێن مافی ئێمە داننانە بە مافەكانمان لە ئۆتۆنۆمی و ناسنامەی رۆشنبیری و ئەو ئازارانەی لە رابردوو چەشتوومانە، بەڵام ئەوانە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە بە ساردو سوڕی وەڵامدراوەتەوە، هەروەها گوتیانە ئێستا قسەكردن لەو داواكارییانە كاتێكی گونجاو نییە، بەڵكو لەدوای تەواوبوونی شۆڕش دەكرێ قسە لەو داواكارییانە بكرێت، بەڵكو ئەوەی ئێستا پێویستە هەموو هێزەكان جەخت لە رووخانی رژێم بكەنەوە، هەروەها لەسەر هەندێ ئاستی دیكە بۆ نموونە نوێنەری پارتی یەكێتی دیموكراتی- سەركردایەتی سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سوریا، ئەوان بەهیچ شێوەیەك نابنە هاوپەیمانی ئەوان، بەڵكو ئەوەی ئەوان كاری بۆ دەكەن خەباتكردنە لەپێناوی مافی گەلەكەیان.
قسەكردنیشیان لەبارەی ناوچەكانی كە كورد تێیدا دەژی لە سوریا، چالاكوانانی پارتی یەكێتی دیموكراتی دەستەواژەی (خۆرئاوای كوردستان) بەكاردەهێنن، هەروەها هەڵوێستیان بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆنی سوریا باش نییە بە تایبەتی بەرامبەر بە سوپای سوریای ئازاد و هێزەكانی دیكەی سەربازی، گوایە ئەوان یارمەتی لۆجیستی لە توركیا وەردەگرن و ئەوانیش دوژمنی كوردەكانن.
دابەشبوون لەنێوان عێراق و توركیا
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە كوردەكان لەگەڵ ئەوەی لەلایەن رژێمی بەعسییەوە مامەڵەیەكی خراپیان دەرهەق كراوە، بەڵام هیچ داواكارییەكی سیاسیان نەبووە لەچوارچێوەی گۆڕەپانی سیاسی سووری بۆ چاكسازی و سووربوون لەسەر شۆڕش و بەرخودان، لەگەڵ ئەوەی كوردەكانی سوریا تەنیا چەند چالاكوانێكی كەمیان نەبێت لە چوارچێوەی بزووتنەوەی جوداخوازی سووری بوونە، بەڵكو ئەوان هەمیشە لە پەراوێزی ژیانی سیاسی سوریا بوونە.
هەر بۆ نموونە هەڵبژاردنی عەبدولباست سەیدا كە ئەوە كوردەو دووەم سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریا بووە، بەڵام زۆرێك لە چالاكوانانی كوردی سوریا دەبێژن سەیدا كە خۆی لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سوریادا بینیوەتەوە، بەڵام ئەو پەیوەندی بە كۆمەڵگەی كوردییەوە نییە.
لە رووی مێژووییەوە كوردەكانی سوریا جیابۆوەی كوردكانی عێراقن، بۆ بنەماڵەی بارزانی دەگەڕێنەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانی رابەرایەتییان دەكات، یەكەم پێكهاتەی سیاسیش كە بۆ شەستەكان دەگەڕێتەوە لەژێر كاریگەری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، كە ئەو كات لە دژی بەغدا خەبات و تێكۆشانی كردووەو پێویستی بە یارمەتی و پاڵپشتی سوریا بووە، بەڵام دواتر كە مام جەلال و ئەوانی دیكە هەستاون بە دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بارەگەیەكیان لە دیمەشق كردووەتەوە، بۆیە لە بەرژەوەندی ئەوان نەبووە هانی كوردەكانی سوریا بدەن بۆ شۆڕش كردن دژ بە نزیكەكانی خۆیان، بەڵكو ئەوان پێویستیان بە یارمەتی و پاڵپشتی سوریا بووە لەو ململانێیە ناوهاوسەنگەی دژ بە حزبی بەعسی عێراقی هەیانبووە.
دواتر هەندێ لە قوتابیانی چالاك لە ئەنقەرە رابوونە بە دامەزراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان و بارەگەیەكیان لە لوبنان كردووەتەوە بە تایبەتی دوای كوردەتای سەربازی توركی لە ساڵی 1980 و هەروەها رێكخراوی رزگاریخوازی فەلستینی یارمەتی داون، بەڵام رێگری كردن و گەمارۆدانی ئیسرائیل لە ساڵی 1982 بۆتە هۆی پچڕانی ئەو یارمەتییە لۆجیستیەی رێكخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان. لەمە بەدواوە هیچ رێگەیەكیان بۆ نەماوەتەوە تەنیا ئەوە نەبێت یارمەتی لە دیمەشق وەربگرن، ئەو كاتەش ناكۆكی و ململانێیەكی زۆر لەنێوان ئەنكەرەو دیمەشق هەبوو لەبارەی ئەوەی توركیا گەرەكی بوو 25 بەنداو لەسەر رووبارەكانی دیجلەو فورات بنیات بنێت، بۆیە دیمەشق كەوتە بەكارهێنانی كارتی پارتی كرێكارانی كوردستان وەك پاڵەپەستۆیەك بۆ سەر ئەنقەرە.
پارتی كرێكارانی كوردستان لە ماوەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو رەگ و ریشەیەكی قووڵی لەنێو سوریا داكوتی، هەرەها ئازادی ئەوەیشی هەبوو گەنجە كوردە سوورییەكان بخاتە نێو ریزی گریلاكانییەوە، هەروەها ئەوەی ببوایە گریللا، لە لایەن رژێمە سوورییەوە لە خزمەتی سەربازی بەزۆری دەبوێرا، بۆیە ئەویش بەردەوام بوو لە ناردانی گەنجەكان بۆ بەرەكانی جەنگ وەكو بەرگرییەك لە پرسی حزبەكەی.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستن تاكو ئێستا نزیكەی 7000 تاكو 10000 كوردی سووری كوژراون لەرێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەو ژمارەیەش رەهەندی تێكەڵاوبوونی ئەو پارتە دەسەلەمێنێ بەنێو كۆمەڵگەی كوردی لە سوریا، بەڵام دوای دەركردنی عەبدوڵا ئۆجەلانی سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان لە دیمەشق لە ساڵی 1998و دەستبەسەكردنی لە كینیا، دەسەڵات لە سوریا كەوتە داخستنی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و وەستاندنی چالاكیەكانیان، بۆیە ئەو پارتە لە دەیەی رابردوو لە لایەن هەموو هێزە هەرێمایەتییەكانەوە گەمارۆدراو، بۆیە بە ناچاری بارەگە سەركییەكانی خۆی گواستەوە بۆ چیای قەندیل.
سنوور لەگەڵ توركیا
بەهاری عەرەبی هات و ئەوەش بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان بووە نیعمەتێك، ئێران كەوتە رێككەوتن لەگەڵی و، دەسەڵاتی سوریاش كەوتە رێدانی بە كادیرە سووریەكانی لە ناوچە سنوورییەكانی توركیاو عێراق بۆ باكووری سوریا بێن و، دواتر لە حوزەیرانی ساڵی 2012 دەست بگرن بەەر ژمارەیەك شارۆچكە لەوانە مالكیەو كوبانی و عامۆداو عفرین.
پارتی یەكێتی دیموكراتی كە ئەوە لقێكی پارتی كرێكارانی كوردستانە، كەوتە خۆ رێكخستنەوەی خۆی لەو ناوچانەو كەوتە دامەزراندنی باڵێكی سەربازی كە ئێستا ژمارەی چەكدارەكانی بە شێوەیەك زۆربووە، خۆی دەدات لە ژمارەی چەكدارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چیاكانی قەندیل، كە هەندێ لە سەرچاوەكان ئەو ژمارەیە بە (6000-8000) دەخەمڵێنن، رووبەڕووبوونەوە چەكدارییەكان بەردەوامە لە سەری كانی لەنێوان هێزەكانی شۆڕشی سوریا وەكو (جبهە النصرە) و (غرباء الشام) لەگەڵ چەكدارە كوردەكان، ماوەیەكیش رووبەڕووبوونەوە لە ناوچەكانی عفرین و ئەشرەفیە لە حەلەب روویدا، بەڵام لە هەمووی مەترسیدارتر ئایندەی كەمە نەتەوەییەكانی كوردە لە سوریا.
ئەوەی شایەنی باسكردنە كوردەكانی سوریا بە گشتی لەناوچەیەكی دەشتایی ژیان دەكەن، بە پێچەوانەی كوردەكانی دەرو دراوسێیان لە عێراق و توركیا كە ناوچەكەیان زیاتر شاخاوییە، ئەمەش ئەستەمە بۆ بەرگری و ژیانێكی چەكداریانەی دوورو درێژ ئەگەر لە ئایندە بێتە پێشەوە.
ناوچەكانی دیكەی كوردیش بە درێاژیی ئەو ماوەیە لەنێو ململانێیەكی توند گوزەر دەكات بە تایبەتی لەم چەند مانگەی رابردوو، بەڵام هەندێ كەس مەترسی سەرهەڵدانی رووبەڕووبوونەوەی چەكداری دەكەن لەنێوان لایەنە سوریەكان و هێزەكانی پارتی یەكێتی دیموكراتی، هەتا هەندێكیان رەشبینن لەوەی ناكۆكی و ململانێ لەنێوان هێزە كوردیەكان بێتە كایەوە، بەڵام ئایا سەركردە كوردەكانی سوریا ئەوەندە دیبلۆماسی نەبن لەو قۆناغە مەترسیدارەی رووبەڕوویان دەبێتەوە خۆیان لەو مەترسیانە نەبوێرن كە لە ئایندە دێتە پێشەوە.




