٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

شكستی ئابڵوقە

سەرچاوە: KDP.info

ئاریان فەرەج

ریفراندۆم، گەڕانەوەی سەركردایەتیی كوردستان بوو بۆ رای میللەت پاش ئەوەی هەموو رێگاكانی بە چارەسەرگەیشتن لەگەڵ بەغدای دەستوورشكێن و نكۆڵیكار لە مافەكانی كورد، بە بنبەست گەیشتن.
ریفراندۆم مومارەسەیەكی دیموكراتیانەی مەشروع و رێگەپێدراو بوو. نە دژی كەس بوو، نە بۆ لێدانی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێك بوو. بۆیە كۆی ئەو سزا و ئابڵوقە و پەلامارەی بە بیانووی ریفراندۆمەوە كرایە سەر كوردستان، ناڕەوا و زاڵمانە بوون. چارەنووسی هەموو زوڵم و ناڕەواییێكیش هەر بەكۆتاهاتن و پاشگەزبوونەوەیە. بە تایبەت پاش ئەوەی بۆ هەموو جیهان روون بووەوە كە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی رای گەلی كوردستان، دەرەنجامی پێشێل و ئینكاری مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بوو. بۆیەش لە ئێستادا كۆدەنگییەكی جیهانی و ئیقلیمی لەئارادایە كە چارەی گرفتی نێوان بەغدا و هەولێر، دابینكردنی كۆی مافە دەستوورییە پێشێلكراوەكانی كوردە و بەغدا هەر دەبێت مل بۆ ئەم راستی و ئیستیحقاقە بدات.
شكستی ئابڵوقە و پشتتێكردنی دیپلۆماسیانەی كوردستان، سەرەتای شكست و بەكۆتاهاتنی كۆی سزاكانە. سەردان و دیدار و پێشوازییە ئاستبەرزەكانی سەرۆكی حكوومەت و تیمەكەی لە وڵاتانی جیهان و ناوچەكە و بەشدارییەكانیان لە لووتكە جیهانییەكاندا، بەرجەستەی بەكۆتاهاتنی دابڕانی دیپلۆماسی و گەڕانەوەی پێگە هەرێمایەتی و جیهانییەكەی كوردستانە.
ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان هاوشانی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە داڤۆس، بەرجەستەكردنی ئاشكرای ئەو پەیامە جیهانییەیە كە دەڵێت: كوردستانێكی بەهێز و یەكگرتوومان دەوێت لە عێراقێكی دەستوورسالاردا.
ئەم گەمارۆ شكاندنە لە لایەكەوە ئاكامێكی چاوەڕوانكراوی ئەو راستییە بوو، كە كوردستان هەڵەی نەكردووە و شایستەی سزا نییە، لە لایەكی دیكەشەوە بەرئەنجامی سیاسەت و روانگا و هەوڵ و تەقەلای ماندوونەزانانەی سەرۆكی حكوومەت و تیمەكەی بوو كە هەر دەبوا بەم ئاكامە بگات.
شكاندنی گەمارۆی دیپلۆماسیی ناڕەوا لەسەر كوردستان، سەركەوتنی ئیرادەی میللەتەكەمان و داوا رەواكانیەتی، تەئكیدكردنەوەیە لەسەر پێگە و ئیعتباری سیاسی و ئابووری و ئەهەمیەتی جیۆسیاسیی هەرێمەكەمان. گێڕانەوەی بڕوابەخۆبوون و رەواندنەوەی نائومێدی و شینبوونەوەی ئومێدی بەكۆتاهاتنی باقی سزا و مەینەتییەكانی سەر گەلەكەمانە.
بەڵام بە دیوێكی دیكەشدا دەرفەتە بۆ داڕێژەرانی سیاسەت لە كوردستان كە ئەمجارە بە روانگایەكی دیكەی پراگماتیانەی بەرژەوەندخوازی دوور لە عاتیفە و شەرمی سیاسی، تەنیا لە كڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندیی كوردستانەوە لە پەیوەندییەكان بڕوانن و لەو روانگایەوە دۆستی نزیك و دۆستی دوور، دۆستی سەرڕاست و دۆستی دۆرزن و بێ ئەمەك دەسنیشان بكەن. بەرژەوەندیی كوردستان لە كوێ بێ، سیاسەتی كوردی و دیپلۆماسەتی كوردی لەوێ چالاك بێ، خێری كوردستان لە چیدا بێت، سەركردایەتیی كورد بێ سڵەمینەوە ئەوە بكات. كەسیش لە بەرخاتری كەس لە خۆی نەكات بە دوژمن. بەرژەوەندی و خێری كوردستان دۆستی هەمیشەیی بێت نەك ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت.

هەواڵی پەیوەندیدار