مافی كورد و حەساسیەتی تورك

نووسەر" ئوراڵ چاڵشلار
سەرچاوە. رادیكاڵ
بۆ ئەم هەوڵدانانە كە دەبن هۆكاری گۆڕینی چارەنووسی دوو نەتەوەی برا ئەوەندە دەبنە هۆكاری هەستیار بوون و حەساس بوونی ئێوە؟
ئەمجارە لە نێوان هەر دوولا دا بۆ بێدەنگ كردنی یەكجارەكی چەكەكان سوور بوون و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە و دەتوانین بڵێن كە كۆمەڵگا بە شێوەیەكی بێدەنگ پشتگیری لەم هەوڵدانانە دەكات. ئەمە راستییەكی مێژووییە كە بۆ چارەسەركردنی هەر پرسێكی ئاڵۆز لایەنەكانی ئەم پرسە راستەوخۆ دەستیان بە دانووستاندن كردووە و هەوڵیان بۆ چارەسەركردنی پرسەكە داوە. بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ئاستەنگانەی كە دەكەونە سەر رێگای پرۆسەی چارەسەركردنی ئەم پرسە بە باشی هەڵبسەنگێنین پێویستە تۆزێك سەیری مێژووی رابردوو بكەین.
دوای ئاشكرا بوونی چاوپێكەوتنەكانی ئۆسلۆ، رەنگدانەوە نەتەوەپەرەست و رەگەز پەرەستەكان نەیانتوانی بگەنە ئەو ئاستەی كە چاوەڕوان دەكرا و بەشێكی زۆری كۆمەڵگا زۆر بە وریایی و بە سەرخۆیی هەڵوێستی خۆی نەواند. هەر لە سەرەتایەوە تا ئەمڕۆ چەندین دەسەڵاتی و ناوەندی دەسەڵات بۆ ئەوەی كە دەسەڵات و حوكمی خۆیان لە سەر توركیا بسەپێنن هەمیشە هەوڵیان بۆ ئاڵۆزكردنی مەسەلەكە داوە و كلیلی ئەم ئاڵۆزیانەیش شەڕ و گوڕتر كردنی ئاگری شەڕ بوو كە زۆر بە باشی بەكاریان دەهێنا.
ساڵانێكی درێژ بوو لە توركیا دەستوەردانی سوپا لە سیاسەت ببووە بەشێكی سەرەكی لە سیاسەتی وڵات و ئەگەر ئەم دەستوەردانانەی سوپا نەبوایە ئەوا لە توركیا شتێك بە ناوی سیاسەتیش نەبوو. هەر چەند ئەمڕۆ لە قوناغی ئێستادا دەستوەردانی سوپا لە نێو سیاسەتدا زۆر كەمكراوەتەوە و دەكرێتەوە، بەڵام چارەسەری سەربازی بۆ پرسی كورد و ملیتاریزە كردنی وڵات و گەل تەنیا هیوای ئەو كەسانە بوو كە هەمیشە هەوڵیان بۆ بەهێزتركردنی دەستوەردانی سوپا لە سیاسەت دەدا. چارەسەری سەربازی پرسی كورد تەنیا قەڵای ئەم هێز و ناوەندانەیە.
ئەم هەنگاوانەی چارەسەری كە بە نیسبەتی هەنگاوەكانی رابردوو تۆزێك متمانە پێكراوترن، خاوەن كاریگەرییەكی ئەوەتۆن كە پێویستە ستراتیژی و ئارمانجەكانی داهاتووی توركیا سەر لە نوێیەوە پێناسە بكرێنەوە. ئەگەرچی ئەمرۆ و بەیانی چارەسەرییەكی هەمیشەیی بە دی ناكرێت، بەڵام كاریگەری ئەو هەنگاوانە ئەوەندە گرنگە كە بێدەنگكردنی چەكەكان دەبێتە هۆكاری بە سەمەر گەیشتنی قۆناغی وەرچەرخان لە توركیا.
تێپەڕاندنی حەز و ئاواتە كلاسیكیەكانی توركیای رابردوو و هەنگاونانی بەمجۆرە گرنگە زۆر ئاساییە كە لە لایەن رەگەزپەرەستە شەڕخوازەكانەوە رووبەرووی رق و كینە و لێدوانی توند ببێتەوە.
چینی رەگەز پەرەست و شەڕخواز لەم رۆژانەی دواییدا بە مەبەستی ئاستەنگكردنی هەنگاوەكانی چارەسەری دەستیان بە ورۆژاندنی هەستە رەگەزپەرەستانەكانی چینی رەگەز پەرەست كردووە و دەڵێن باشە ئەگەر دەوڵەت ئامادەیە مافی كورد بدات و دان بە مافی كورددا بنێت ئەی حەساسییەتەكانی توركەكان چییان لێ دێت؟
بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەگەر ئەم قۆناغە بەمجۆرە بڕوات و هەنگاوی باشتر بنرێت و پرسی كورد لە چارەسەر كردنی نزیك ببێتەوە ئەوا لە رۆژئاوای توركیادا شەڕ لە نێوان كورد و توركدا دەستپێدەكات.
ئێمە باسی دوو گەلی تورك و كورد دەكەین كە بە هەزاران ساڵە پێكەوە و لە نێو یەكتردا ژیاون و شەڕی 34 ساڵەیش بە هیچ شێوەیەك نەیتوانیوە ئەم یەكێتییە لاواز بكات. بۆچی و چۆن دانی مافی كورد و دان نان بە مافی كورد دەبێتە هۆكاری تووڕەكردنی تورك و یاریكردن بە حەساسییەتەكانی گەلی تورك؟
ئایا دژایەتیكردنی ئازادی و مافی ئەو گەلەی كە بە هەزاران ساڵە پێكەوە دەژین حەساسیەتی گەلی توركە؟ ئایا پێكەوە ژیانی ئاشتییانە و ئازادانەی پێكهاتە ئەتنیكییە جۆراوجۆرەكان زەرەری بۆ حەساسیەتی گەلی تورك هەیە؟




