كردنەوەی دۆسییەكی نوێ لەبارەی هاوكاری نێوان ئەمریكا و رووسیا
*مادلین ئۆلبرایت.
*ئیگۆر ئیڤانۆف
لەم چەند هەفتەیەی رابردوو كەش و هەوای پەیوەندییەكانی ئەمریكاو رووسیا تێكچوونێكی خێرای بەخۆوە بینی، بێگومان ئەو جۆرە ئاراستانەش خزمەت بەهیچ یەكێك لە بەرژەوەندییە ستراتیژییە دوورمەوداكانی وڵاتەكانیان و ئاسایشی نێودەوڵەتی بە گشتی ناكات، ناشكرێت پەیوەندییەكانی ئێمە هەر دەستەمۆی سیاسەتەكانی ئەو دوو دەوڵەتەبن، بەڵكو پێویستە نەخشەرێگەیەكی نوێ بگرینە بەر لە ساڵی نوێی 2013 و لەوە بەدواوە.
لەگەڵ دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆك ئۆباما و دووبارە بوونەوەی سەرۆك پۆتین لە بەرپرسیاریەتی مۆسكۆ، ئێستا كاتی ئەوەیە كە ئەو دوو سەرۆكە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو رووسیا پەرەپێبدەن و كارای بكەن، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دایە و زیاتر دەبێتە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و جیهانیش زیاتر سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت. دیارە رێككەوتنی (نیوستارت) دەسكەوتێكی گرنگ بوو، بۆ كەمكردنەوەی مەترسی ئەتۆمی، بەڵام دەكرێ هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكان كە رێككەوتنەكە ئاماژەی بۆ دەكات (بۆچی چاوەرێی ساڵی 2018 بكەین بۆ ئەوەی بگەینە سنوورێكی ناگەهان بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكە) با دەست بە گفتوگۆی دوولایەنی بكرێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو پرسە ئەتۆمییەی هەیە.
رووسیاو ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە رێژەی 90-95 %ا دەستیان گرتووە بەسەر چەكی ئەتۆمی لە جیهاندا، بۆیە ئەگەر ئەو دووانە رێكبكەون، ئەوا بێگومان وڵاتانی دیكەی خاوەن ئەو چەكە دێنە ژێر باری كەمكردنەوەو وەلانانی ئەو چەكە و هاتنەریزی ئەو رێككەوتنە بۆ كەمكردنەوەی چەكی ئەتۆمی و ئەو هەوڵە دیبلۆماسیەش سەردەكەوێـت و چڕتر دەبێتەوە لە گۆشار خستنە سەر ئێران لە رێگەگرتنی لە بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی.
ساڵی 2013 یادەوەری پەنجایەمین ساڵەی مرۆكردنی رێككەوتنی ئەزموونی چەكی ئەتۆمییە، یادەوەری یەكەم رێككەوتنی دانانی ئاستێكە بۆ چەكی ئەتۆمی، هەروەها ئەو ساڵەی كە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا رێككەوتنێكی گشتگیری خستەڕوو بۆ قەدەغەكردنی ئەزموونی چەكی ئەتۆمی، كە ئەوە نزیكەی پازدە ساڵە پشتگوێ خراوە، دەكرێ ویلایەتە یەكگرتووەكان بچێتە پاڵ رووسیا و ئەو وڵاتانەی واژوویان لەسەر رێككەوتنەكە كردووەو ئەو پەیمانە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
هەتا ئێستا ململانێیەكی دوور و درێژ لەسەر رۆكێتی بەرگری هەیە و هەتا ئێستاش پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە، ئەمە سەرەڕای دەربڕینی خواستەکانی هەر یەك لە ناتۆ و رووسیا لەبارەی هاوكاری كردنی یەكتری لەو بارەیەوە، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە زیاتر داهێنان بكەن و كەمتر ئەندێشەی تاكلایەنی بكەن و هەردوو لا بگەنە ئەو راستییەی كە ئەوان هاوپەیمان و پارێزەری ئەوروپان.
هاوكاری نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و رووسیا گرنكیەكی تایبەتی هەیە لەبارەی چەندان پرسەوە، هەر بۆ نموونە ئەمریكا و رووسیا ئارەزووی ئەوە ناكەن ئەفغانستان بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوكمی تالیبان یان ببێتە وڵاتێكی سەرنەكەوتوو، رەنگە هەر ئەمەش بێت وای لە رووسیا كردووە ئاسانكاری بۆ ئەمریكا بكات لە گەیشتنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی ناتۆ لە ئەفغانستان، ئەگەرچی ئێستا پرۆسكە خەریكە كۆتایی پێ دێت، بەڵام لەسەر واشنتۆن و مۆسكۆ پێویستە پاڵپشتی لە سەركردەكانی ئەفغان بكەن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی سەقامگیرو بتوانێ پاڵەپەستۆ بخاتە سەر گروپە توندڕەوەكان و لەسەر پێی خۆی بووەستێت.
لە لایەكی دیكەوە قووڵكردنەوەو گرنگیدان بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكا، كە ئێستا كێرڤی ئەو پەیوەندییە زۆر نزمبۆتەوە، ئەمە بە بەراورد بۆ ئەو توانا ئابورییەی هەردوو لا هەیانە، هەروەها بەم دواییە رووسیا هاتە نێو رێكخراوی بازرگانی جیهانی و ئێستا بارودۆخەكە باشتر گونجاوە بۆ ئەوەی تەواوی ئەو بەندانەی نێو بازاڕی بازرگانی جیهانی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها كۆنگرێسی ئەمریكاش بەم دواییە بڕیاری هەڵوەشانەوەی ئەو كۆت بەندانەی دا، كە لەسەردەمی جەنگی سارد هاتبوونە كایەوەو فراوانكردنی سروشتی پەیوەندییە بازرگانییە هەمیشەییەكان كە رووسیا ماوەیەكی زۆرە لە چاوەڕوانی دایە.
بە دڵنیاییەوە هاوكاری لەبارەی هەموو پرسەكان واتای ئەوە نییە مۆسكۆ و واشنتۆن لەسەر هەموو پرسەكان رێكبكەون، چونكە هەتا ئێستا ئەستەمە ئەوان رێككەوتن لەسەر هەموو شتێك بكەن، چونكە بۆچوونی جیاواز لەنێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەبارەی پرسی سووریا و مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسییەت هەیە، جا ئەگەر جیاوازییەكان چەندان گەورەو ئاڵۆزو بەیكاچوو بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بەردەوامی گفتوگۆكان و هاوكاری و بوونی پەیوەندییەكانە لەسەر هەموو ئاستەكان، گرنگ بوونی گفتوگۆكانە لەبارەی هەموو پرسەكان، باسەرنجەكان و تێروانینەكان جیاواز بن لەبارەی هەر پرسێكەوە.
مێژوو ئەوەمان بیردەخاتەوە كە پەیوەندی نێوان واشنتۆن و مۆسكۆ گرنگی خۆی هەیە، هەرچەندە هەندێک لە چاودێران پێیان وایە گەڕانەوەی پۆتین بۆ پۆستی سەرۆكایەتی رووسیا، ئەوا پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكا ئەستەمتر دەبێت، بەڵام لێرەدا ئێمە باسی ئەو هۆكارانە ناكەین، بەڵام ئەو پەیوەندییەی ئێستا هەیە لەنێوان ئەو دووانە، زۆر باشترە لەوەی كە لە ساڵی 2008 هەبوو، رەنگە ئەو پێشكەوتنە رووبدات، ئەگەر بۆتینیش بەرهەڵستی بكات، چونكە ئەو تەحەدییەی ئەمڕۆ رووبەڕووی هەردوو سەرۆك دەبێتەوە، گواستنەوەیە بۆ نێو قۆناغێكی نوێ، ئەویش كرانەوەی هەوڵێكی دیكەی مێژووییە بۆ دەسپێكی گەڕێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان رووسیاو ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
* مادلین ئۆلبرایت.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا لە ماوەی نێوان ساڵانی 1997-2001.
*ئیگۆر ئفانۆف.
وەزیری پێشووی دەرەوەی رووسیا لەماوی نێوان ساڵانی 1998-2004.




