٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

چاوپێكەوتنەكانی ئیمراڵی و هەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

نووسەر" نازڵی ئیلیجاك

سەرچاوە. سەباح

داننانی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بە هەبوونی دانووستاندن لە نێوان دەوڵەت و ئیمراڵیدا بوو بە هۆكاری رەد كردنەوەی ئەو بیانوویانە كە دەیانگوت بە مەبەستی شەرمەزار كردنی گۆشەگیری سەر ئوجەلان دەستمان بە مانگرتن كردووە. نەتەنیا ئوجەلان گۆشەگیر نەكراوە بەڵكو بە شێوەیەكی نەپەنی لەگەڵ دەوڵەتدا سەبارەت بە چارەسەر كردنی پرسی كورد و زاڵ كردنی ئاشتی دانووستاندنی كردووە. دوای ئاشكرا بوونی دانووستاندنەكانی نێوان ئوجەلان و بەرپرسانی دەوڵەتدا پرسیارێك دەكەوێتە عەقڵی مرۆڤ كە ئایا ئەمری دەستپێكردنی مانگرتن لە لایەن ئوجەلانەوە دەركراوە یا لە لایەن قەندیلەوە؟ بە پێ زانیارییەكان ئوجەلان بە هیچ شێوەیەك ئەمری نەداوەتە كەسێك كە دەست بە مانگرتن بكات. هەر بۆیە گۆمانەكان لە سەر قەندیلە و پێدەچێت كە قەندیل ئەمرێكی بەمجۆرەی دەركردبێـت. ئەگەر وابێت ئەوا یا پەكەكە لە قەندیل ئاگای لە دەست پێكردنی دانووستاندنەكان نییە یا ئاگای هەیە و دەیەوێ كونترۆڵی بارودۆخەكە لە دەستی خۆیدا بهێلێتەوە.

پەكەكە ئاگاداری دانووستاندنەكان بوو و دەیەویست لەم قوناخەدا هەر دوو لا ( دەوڵەت و ئوجەلان) حەسابی بۆ بكەن هەر بۆیە پەكەكە ئەمری دەستپێكردنی مانگرتنی دەركرد و دواتریش بە ئەمری ئوجەلان مانگرتنەكە كۆتایی پێهات.

مومكێنە هەندێك كەس بڵێن كە واتە لە نێوان ئوجەلان و سەركردەكانی پەكەكەدا ناكۆكی هەیە یاخۆ لە نێو پەكەكەدا دوو باڵی جیا هەیە. من بروام بەم جۆرە شتانە نییە چوونكە پەكەكە هێشتاكە گرێدراوی ئوجەلانە و هەر بۆیە گەر گرووپێك یا چەند كەسێك هەبن كە لە نێو پەكەكەدا باڵێكی جیا دابمەزرێنن، هیچ جۆرە چالاكییەكیان نییە و ناتوانن كاریگەری لە سەر ئەندامانی پەكەكە بكەن. بۆ نموونە براكەی ئوجەلان دەیەویست باڵێكی جیا دابمەزرێنێت بەڵام لە كۆتاییدا ناچار كرا قەندیل بە جێبهێلێت.

ئەگەر باسی چاوپێكەوتنەكانی ئەم دواییەی نێوان ئوجەلان و دەوڵەتدا بكەین ئەوا دەتوانین بپرسین كە ئایا هیچ ئەنجامێك لەم چاوپێكەوتنانە بە دەست دەخرێت یا نا؟ من وەكو نووسەر و چاودێرێك پێم وایا كە نابێت زۆر هیوادار بین كە لەم چاوپێكەوتنانەدا ئەنجامی ئەرێنی بە دەست دەخرێت. چوونكە لە ساڵی 2014دا لە توركیا دوو هەڵبژاردنی زۆر هەیە. دەتوانن بڵێن كە ئەم هەڵبژاردنانە بۆ ئەدرۆغان بە واتای مان و نەمانن. وەكو دەزانرێت ئارمانجی سەرەكەی دەوڵەت واز هێنانی یەكجارەكی پەكەكە لە چەك و شەڕی چەكدارییە بەڵام لە بەرامبەردا ئوجەلان وا بیر دەكاتەوە كە رێگای ئاشتی و ئاگربەست لە دەركردنی لێبووردنێكی گشتیدا تێپەڕ دەبێت و بۆ خۆیشی بۆ ئەوەی كە بتوانێت زۆر بە باشی پەكەكە كونترۆڵ بكات بیر لە زیندانی ماڵەوە دەكاتەوە ودەیەوێ لە گرتووخانەی ئیمراڵی دەربكریت و لە شوێنێك لە نێو ماڵێكدا زیندانی بكرێت. بێگۆمان ئوجەلان بۆ گەلی كوردیش داوای گەرەنتی یاسایی دەكات و دەیەوێ مافەكانی گەلی كورد وەكو مافی پەروەردە بە زمانی دایكی و چەندین زمانی دیكە لە نێو دەستووری نوێ توركیادا دانیان پێ بنرێت و گەرەنتی بكرن و دەسەڵاتێكی زیاتر بدرێتە بەرێوەبەرایەتییە هەرێمییەكان. نازانم ئایا رای گشتی توركیا بۆ ئەم مەسەلەیە ئامادەیە یا نا یا خۆ دەسەڵاتی سیاسی توركیا تا چەندە بۆ ئەم مەسەلەیە رای گشتی توركیای ئامادە كردووە. پارتی دەسەڵات ( ئاكەپە) بە بێ لەیەك گەیشتن و پێكهاتن لەگەڵ هەر یەكە لە جەهەپە، بەدەپە و مەهەپە مەحاڵە بتوانێت لەم روویەوە هیچ جۆرە هەنگاوێك بنێت. بە پێ ئەزموونی وڵاتانی جیهان هەر چەندە كە چەكەكانیش بێدەنگ بكرێن و پەكەكەیش واز لە شەڕی چەكداری بهێنێت بەڵام مەترسی دەست پێكردنی هێرشە تیرۆریستییەكان هەر لە ئارادایە.

ئایا رای گشتی توركیا ئامادەیە كە لە هەر بارودۆخێكدا هاوكاری و پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەرەو پێشەوە بردنی دانووستاندنەكان دەكات؟ ئایا سیاسی ئیرادە گەر بێتو رێژەی دەنگەكانیشی كەم ببێتەوە دیسان ئامادەیە بۆ زاڵ كردنی ئاشتی و چارەسەر كردنی ئەم پرسە درێژە بە هەنگاوەكانی خۆی بدات؟ پێویستە چاوەروانی رووداوەكانی چەند مانگی داهاتوو بین.....

 

هەواڵی پەیوەندیدار