ئایا داخوازییه‌كان جێبه‌جێ ده‌كرێن

كه‌ریم قادر
ره‌نگه پرسیاری زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به سه‌قامگیریی عێراق ده‌ده‌ن یا سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ناوچه‌كه هه‌یه، ئه‌وه بێت: ئایا هاوشێوه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه و به‌سۆدره‌بردنی "سه‌حوه" له دوای نه‌مانی رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده، ملیشیا ئێرانییه‌كان له عێراق به‌هه‌مان ده‌رد ده‌چن؟ ئایا داواكاریی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان وه‌ك پێویستییه‌كی كورتكردنه‌وه‌ی باڵاده‌ستیی ئێران و چاره‌كردنی كێشه‌ی سنوور له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر له‌سه‌ر بنه‌مای مادده‌ی 140ی ده‌ستوور، سارده‌كوتی وه‌ستایه‌كی نه‌شاره‌زای خوارییه‌كانه؟
هێرش و په‌لاماری سوپا، پۆڵیسی فیدراڵ و ملیشیا فره‌ره‌گه‌زه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له دوای 2003-ه‌وه به قۆناغێكی نوێی په‌یوه‌ندیی شلۆقی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر داده‌نرێت، كه بووه هۆی تێكدانی ئاسایش و ئارمیی ئه‌و ناوچانه و ئاواره‌بوونی زیاتر له 150 هه‌زار هاووڵاتی. ئه‌م په‌لاماره سه‌ربازییه و زێده‌ڕۆییه‌كان نیاز و نیه‌تی به‌غدای به‌رانبه‌ر ده‌ستكردن به دیالۆگی ئاشتیانه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌رخست، كه هاوئاهه‌نگ داواكارییه‌كی نێوده‌وڵه‌تییشه. هه‌روه‌ها ئه‌ركی حه‌یده‌ر عه‌بادی (كاندیده دڵخوازه‌كه‌ی ئه‌مریكا) به‌رانبه‌ر به‌جێگه‌یاندنی داواكاریی ئه‌مریكا بۆ دانانی سنوورێك بۆ جموجۆڵی سه‌ربازیی ئێران له عێراق خسته ژێر پرسیار، كه له یه‌كه‌م دیداریدا له‌گه‌ڵ دۆناڵد ترامپ ته‌كلیفی لێكرا، به‌م دواییه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه دووپاتی لێكرایه‌وه.
په‌یوه‌ندیكردنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی بۆ پشتیوانیكردن نییه له جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كان دژ به پێشمه‌رگه، كه ناتوانرێت قاره‌مانی و قوربانییه‌كانی له شكاندنی داعش به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیردرێت، به‌ڵكو له‌لایه‌ك بۆ ئه‌وه‌یه، پێویسته ئه‌م جموجۆڵه سه‌ربازییه بێ پاساوانه رابگرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ولێر گفتوگۆ بكات، له‌لایه‌كی دیكه بۆ ده‌ستكردنه به رێكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ملیشیاكان(حه‌شدی شه‌عبی). ئه‌مه‌ش به‌و مانایه لێك ده‌درێته‌وه، ئه‌گه‌ر عه‌بادی له ماوه‌كانی داهاتوو نه‌یتوانی یا نه‌یویست ئه‌وه بكات، ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ورووپا چیتر ته‌ماشاكار نابن، نه‌خاسمه به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ست هه‌یه، ئێران له پشت ئه‌و جموجۆلانه‌دا‌یه. به واتایه‌كی دی ئه‌گه‌ر لێره‌وه به‌ری لێ نه‌گیرێ، مه‌ترسییه‌كان سه‌ر بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه ده‌كێشێ.
به پێچه‌وانه‌وه‌ی جموجۆڵه شه‌قاوه‌ییه‌كانی ئێران له عێراق، ئه‌مریكا ده‌خوازێ وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌می رزگاركردنی عێراق له هه‌ژموونی ئێرانی و زه‌مینه‌خۆشكردن بۆ گفتوگۆی بنیاتنه‌ر له نێوان به‌غدا و هه‌ولێر به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر‌ی كێشه‌كانی سنوور و پرسه هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، درێژه بدرێت به گفتوگۆی نێوان شاندی سه‌ربازی عێراقی و كوردستانی به چاودێریی شاندی سه‌ربازی ئه‌مریكا بۆ هێوركردنه‌وه و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه. به دیوێكی دی ئه‌گه‌ر له ئێستایش دروشم عێراقێكی فیدراڵ و یه‌كگرتوو بێت، به‌ڵام گه‌ره‌نتی نییه به تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌و دروشمه هه‌روا بمێنێته‌وه، چونكه گه‌لی كوردستان له پرۆسه‌یه‌كی ئاشتیانه بڕیاری خۆی به هه‌موو لایه‌ك گه‌یاند، كه به شاهیدی چاودێران به پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو، بۆیه گه‌لی توڕه و برینداری كوردستان ناچار نییه ده‌ستبه‌رداری جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ی بێت.
له‌نێوان داخوازیی ئێستای ئه‌مریكا له عێراق و كوردستان، له‌گه‌ڵ بوونی ئاشكرای ئێران له عێراق، پرسیاری هه‌ره گرینگ ئه‌وه‌یه: ئایا عه‌بادی له‌وپێگه و هێزه‌دایه فه‌رمانه‌كانی به‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی جێبه‌جێ بكات، كه سه‌ره‌تا به فه‌توای مه‌رجه‌عیه‌ت دروست كراوه؟ ئایا ئێران بێ گوێبادان ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه‌كانی ده‌بێت یا به‌رده‌وامی به ئاژاوه‌كانی ده‌دات و ملیشیاكانی ده‌كاته سووته‌مه‌نی ئاگری فڕۆكه ناسنامه نادیاره‌كان؟ ئایا هاوپه‌یمانی جیهانی هه‌ر ته‌ماشاكارێكی بێتاقه‌ت ده‌بێت یا ئه‌وه‌ی بۆ له‌ناوبردنی داعشی كرد، به زیاده‌وه بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ملیشیا ئێرانیانه ده‌كات، كه مانه‌وه‌یان بۆ سه‌قامگیریی ئێستای عێراق و ئاینده‌ی ناوچه‌كه خه‌ته‌ره؟ ئایا له كۆتاییدا ناچار نابێت بوار بڕه‌خسێنێ بۆ دابه‌شكردنێكی نه‌رمی عێراق؟
له قۆناغه‌كانی داهاتووی كار و مامه‌ڵه‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر كۆی داخوازی و میكانیزمی چاره‌كردنی كێشه‌كان وه‌ڵامی ته‌واوی ئه‌م پرسیارانه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت، بۆیه له‌سه‌رمان پێویسته چاودێریی رووداوه‌كان بكه‌ین.




