٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بڕوخێ ... کێ؟

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

 

جارێکی دیکە ناڕەزایی لە عێراق بە جۆرێکی دیکە دەستی پێکردەوە، شەقامی عەرەبی سونە کەوتەوە جولە و ناڕەزایی، دیارە گرتنی پاسەوانەکانی عیساوی هۆکارن، بەڵام کێشەی سەرەکی خەفەکردن و داپلۆسینی چەند ساڵەی ئەو ناکۆکییە راستەقینەیە کە لە نێوان شیعە و سونە سەریهەڵداوە. لە ساڵەکانی پێشوو، وەکو ئاشی ئاو لێبڕاو بە خوێنی یەکتر تینو، کوشتو بڕیان کرد و ئەمجارە نەخێر لە شارە سونەییەکاندا بەدەیان هەزار کەس خۆپیشاندان چێ کردووە و داوای ئازاکردنی گیراوەکانیان دەکەن.. داوای روخانی رژێم دەکەن... رژێمی مالکی سەرۆک وەزیران.. یەکێک لە دروشمەکانی چەند رۆژی رابردوویان ئەوەیە (گەل داوای روخانی رژێم دەکات)ە. ئەم دروشمە هی خۆپیشاندان و شۆڕشی بەهاری عەرەبییە، کە جەماوەر دژی دەسەڵاتی سەرکوتکاری وڵاتەکەیان بەکاریان دەهێنا.. وێنەی رەجەب تەیب ئەردۆگانیان بەرزکردۆتەوە، لە سەرینی ئەو قسانەی دژی مالکی کردنی. کەچی کورد لەهەمبەر بەغدا تەنیا ئاڵای کوردستانی بەرزکردەوە، تاکو هەموو لایەک بگەڕێنەوە سەر مەنتیق و یەکسانی لە دەسەڵات و پارێزگاری لە مافی هاووڵاتی بوون..

سونەی عێراقیش کە تا ساڵی 2003 هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیریان بەدەستەوە بوو، ئەمڕۆ لە پەراوێزدا راودەنرێن و لێپچینەوەیان بە ناوی تیرۆر و توندوتیژی لەگەڵ دەکرێت، تەنگەتاو بوون.

لەبیری نەکەین هەڵومەرجی هەنووکە هەمان هەلومەرجی پێنج ساڵی بەر لە ئێستا نییە، شۆڕشی سوریا بیست و یەک مانگە درێژەی هەیە، هۆکارێکی گرینگی راستبوونەوەی سونە لە عێراقیشە، سوپای هاوشێوەیان دروستکردووە، هەورەها ئەو بڕواومتمانەیەی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتی نوری مالکی دا هەمان ئەو بڕواومتمانەیە نییە، کە ئێستا مالکی بەرەو تاکڕەویی بردووە. هاوپەیمانی ناوەخۆیی لەرزۆک و لەژێر هەڕەشەیە، تەنیا کاردەکرێت شەڕی نەتەوەیی لە نێوان هاوپەیمانە سەرەکییەی عێراق (کورد و شیعە) دروستبکرێت، لەپێناو فرەکردنی پێگەی تاکلایەنیلە دەسەڵاتدا.

گرینگ مالکی دوێنی بانگەشەی برایەتی سونە  و شیعەی کرد و زەمینەی فرەکردنی فشار و گەلەکۆمەکی عەرەبچیاتەی !!! دژی کورد راگەیاند و هەر لەژێر هەمان عەقڵیەتدا گرفتێکی دیکەی دژی سونە دروستکرد، کە ئێستا ناڕەزایی و یاخیبوونی لێدروستبووە. سونە داوای روخانی رژێم دەکەن و کورد داوای گۆڕانکاری لە شێواز و عەقڵیەتی دەسەڵات دەکرد. سونە پێگەی هەرێمایەتیان بەهێز بووە، لە نێو رەوشی هەموو فشارە نێودەوڵەتییەکان  بۆ راگرتنی باڵادەستی ئێران، گەرەکیانە قیت ببنەوە، کورد پێچەوانەی ئەوە داوای دیموکراسی و پابەندبوون بە دەستور دەکات..

مالکی هەڕەشەی قبوڵنەکردنی لە هەڵایسانی رەوشی تائیفی دژی سونە کرد، کە ئەمە کێشەیەکە لە مێژە دروست بووە و هەنووکە پێکهاتە عەرەبییەکەی عێراق بە کردەوە داکۆکی لێدەکەن و لە کۆمەڵگەی ئیسلامی  و عەرەبیش کێشەی  تائیفی لە نێوان سونە وشیعە بۆتە مەسەلەی سەرەکی ناکۆکییەکان.. لەهەمان کاتدا مالکی داوای گفتوگۆ لە یاخیبووەکانی سونە لە رومادی و ئەنبار و موسل و سامەڕا و سەلاحەدین دەکات و مێزی خۆشەویستی و برایەتی دەرازێنێتەوە.. ئەوانیش یێژن بڕوخێ رژێم..

کاتی ئەوە بەسەرچووە، لە سەرمێزەکان نوکتە و دەستی یەکتر گوشین هەبێت، لە ژێرەوەش پلان لەیەکتر دابرێژن.. رەنگە کێشەی شەقامی سونە، دانوستانەکانی هەولێر و بەغدای خێرا کردبێت، بەڵام نابێت لەبیر بکەین ئەمە یەکەمین رێککەوتن و هەڵوشانەوەی ئیلتیزام نەکردن بە رێککەوتنیش نییە لەگەڵ مالکی.. مالکی تاکو ئەو شوێنەی هەستی کرد لەروانگەی نەتەوەچییەتی سونەی دژی کورد لەگەڵ دان، هەڕەشەی لەدەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی کوردستان دەکرد، ئەمجارە سونەی لێقیتبوونەتەوە، دەیەوێت بە خشکە بەرەی کوردی رازی بکات و سونە تایفەچی و ئاژاوەگێر و رێگری شەقامە سەرەکییە نێودەڵەتییەکەیان سنوردار بکاتەوە.. کورد نایەوێت دەسەڵات بڕوخێنێت، بەڵام کار بۆ گۆرانکاری دەکات، وەلێ سونە ئاشکرا دەڵێن، ناوچەکە دەگۆڕێت و دەبێت رژێم بڕوخێت.. کەواتە دەوڵەت دەروخێت وەکو لە شوێنەکانی دیکە رویدا..! 

هەواڵی پەیوەندیدار