٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

گۆڤاری تایم: حكوومەتی هەرێم بە چەندین شێوە یارمەتی پەنابەرە كوردەكانی كامپی

سەرچاوە: KDP.info


سەمیرە سیلۆ كوڕە تەمەن 2 ساڵەكەی خستبووە باوەشی و لایە لایەی بۆ دەكرد. ئەو بە ئاراستەی سووریا سەیری دۆڵێكی دەكرد و لە نزیك كامپەكەیشیان چەند مەڕ و بزنێك دەلەوەڕان.

لە پشتەوەیشی، كەل و پەلی خانەوادەكەیت دەبینی كە بەهۆی بارانبارینەكەی هەفتەی ڕابردووەوە بە تەواوی تەڕ بوو بوو.

زەوی چادرەكەی خانەوادەكەی سەمیرەیش قوڕ بوو.

دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكان ئاسان نییە
ئەو كوردانەی كە سووریا بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە كامپی "دومز" دەكەن لە بارودۆخێكی سەختدا ژیان بەسەردەبەن، بە تایبەتی ئەوانەی كە ماوەیەكی كورتە گەییشتوونەتە كامپەكە.

ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی كورد سنووری سووریا بەجێ دەهێڵن و دێنە كامپەكەوە. هەربۆیەیش دابینكردنی تەواوی پێداویستییەكان بۆیان كارێكی ئاسان نییە.

بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا دەڵێت "دوو هەفتە پێش ئێستا 35 هەزار پەنابەرمان هەبوو، بەڵام ئەم ژمارەیە پێش كریسمس بۆ 60 هەزار كەس بەرز بووەتەوە."

نەتەوەیەكگرتووەكان و دابین نەكردنی پێداویستییەكان
سیلۆی تەمەن 28 ساڵ و خانەوادەكەی لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا "دیمەشق"ـیان بەجێ هێشت، ئەوەیش كاتێك شەڕی ناوخۆی سووریا بە تەواوی لەو شارە نزیك بووەوە.

سەرەڕای ئەوەیش، ژیانی ئەم پەنابەرانە لەم كامپەدا زۆر زەحمەتە. كۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی ئەم كامپە دەكات، بەڵام ناتوانێت پێداویستی پەنابەرەكانیش دابین بكات.

ئەم كۆمسیۆنە تەنانەت نەیتوانیوە چادر بۆ پەنابەرەكانیش دابین بكات. سیلۆ دەڵێت "ئەوان چادرەكەیان لە هاوڕێیەك وەرگرتووە و توانای ئەوەیشیان نییە كە چادرێكی باشتر بكڕن." سیلۆ باس لەوەیش دەكات كە نرخی چادر لە بازاڕدا سەدان دۆلاری ئەمەریكییە و هەربۆیەیش ناتوانن بیكڕن.

وەرزی زستان لەم ناوچەیەی عێراقدا زۆر ساردە و بارانێكی زۆر دەبارێت. هەربۆیەیش كاتێك باران دەبارێت هەموو شت بە تەواوی تەڕ دەبێت. منداڵەكان تووشی هەڵامەت بوون و كەش و هەوا زۆر ساردە و ئەمەیش ترسێكی زۆری لای سیلۆ دروست كردووە.

یارمەتیدانی برا كوردەكان
دانیشتووانی ئەم كامپە دەیانتوانی بچنە ئوردن، كە زۆر لە "دیمەشق"ـەوە دوور نییە، بەڵام ئەوان پێیان باش بوو ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، تەنانەت ئەگەر بۆ گەییشتن بەم هەرێمەیش وا پێویست بكات سەدان كیلۆمەتر ببڕن.

دەكرێت بگوترێت تەواوی ئەو پەنابەرانەی لەم كامپەدان كوردن. سوورییەكان زۆر خاكی وڵاتەكەیان بەجێ دەهێڵن، بەڵام بەرپرسانی عێراق تەنیا ڕێگەیان بە 9 هەزار عەرەبی سووریا داوە بچنە ناو عێراقەوە، ئەوەیش لە ترسی ئەوەی پریشكی شەڕی تائیفی سووریا بگاتە عێراق. كوردەكان ئامادەن بە هەموو شێوەیەك یارمەتی برا ئاوارەبووەكانیان بدەن.

تاوەكو ئێستایش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 11 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بۆ ئەم كامپە تەرخان كردووە، بەڵام یارمەتی لەوە زیاتر پێویستە. فەلاح موستەفایش لەو بارەوە دەڵێت "پلانی ئەوەمان هەیە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی یارمەتی و كۆمەك بۆ ئەم پەنابەرانە كۆبكەینەوە."

پەنابەرانی ئەم كامپە تەنیا بەدەست كەمی چادرەوە ناناڵێنن، بەڵكو ئەوان كێشەی خواردن و ئاویشیان هەیە. ڕاستە ئەوان ئەوەندە كارەبایان هەیە كە گڵۆپ داگیرسێنن، بەڵام كارەباكە بەشی پێكردنی هیتەرەكان ناكات كە بۆ ئەم وەرزی سەرمایە زۆر پێویستە.

زۆری ژمارەی پەنابەران
هۆكاری سەرەكیی كەمی ئەم پێداویستیانە پەیوەندی بە لقی پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە هەیە، چونكە ناتوانێت پێداویستییەكان دابین بكات.

گوتەبێژی ئەو لقەیش جیرۆم سیریگنی دەڵێت "ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان پێشبینی ئەو هەموو پەنابەرەی بۆ ناو كامپەكە نەدەكرد." ئەو دەڵێت "لە مانگی دیسێمبەری ساڵی 2011ـەوە خەڵكی سووریا ڕوو لێرە دەكات.

لە مانگی نیسانی ئەو ساڵەوە تاوەكو مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ مانگانە هەزار كەس دەهاتنە ئێرە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە مانگی ئابەوە تاوەكو ئۆكتۆبەر هەفتانە گەییشتە هەزار كەس. هەرچەندە لە دوو مانگی نۆڤەمبەر و دیسێمبەردا ژمارەی پەنابەران كەم بووەتەوە، بەڵام ڕۆژانەیش 200 تاوەكو 500 كەس ناوی خۆیان بۆ مانەوە لە كامپەكەدا تۆمار دەكەن."

كردنەوەی قوتابخانە بۆ قوتابییەكان
لقی پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و "یو ئێن ئێچ سی ئاڕ" قوتابخانەی سەرەتایی كامپەكەیان بە جۆرێك گەورە كردووە كە ئێستا هەزار و 800 قوتابی تێدا جێ دەبێتەوە، بەڵام ئەوەیش هێشتا كەمە. هەربۆیەیش ئێستا دوو قوتابخانەی دیكە دروست دەكرێن.

یەكێك لەو قوتابخانانە لە لایەن "یو ئێن ئێچ سی ئاڕ"ـەوە خەرجیەكەی دابین دەكرێت و ئەوی دیكەیشیان لە لایەن كەرتێكی تایبەتەوەیە.

ئەوەی كە جێی نیگەرانییە بارودۆخی ئەو قوتابیانەیە كە قۆناغی سەرەتاییان تەواو كردووە، چونكە تاوەكو ئێستا نازانرێت ئایا ئەو قوتابیانە دەتوانن لە قوتابخانە ئامادەیی و زانكۆكاندا درێژە بە خوێندن بدەن یان نا. فانكا ڕەشید ئومێدەوارە كە كوڕە تەمەن 18 ساڵەكەی لە یەكێك لە زانكۆكانی كوردستاندا درێژە بە خوێندن بدات.

كارئاسانیكردنی حكوومەتی هەرێم
هەرچەندە پەنابەرە سوورییەكانی ناو كامپی "دومز" پێویستیان بە یارمەتی و پێداویستی زیاتر هەیە، بەڵام بارودۆخی ئەم پەنابەرە كوردانە زۆر لە بارودۆخی ئەو 450 هەزار پەنابەرە سوورییە باشترە كە لە وڵاتانی توركیا، میسر، لوبنان و ئوردن دەژین.

پەنابەرە كوردەكان پاش تۆماركردنی ناوەكانیان بە ئازادانە بە ناو هەرێمی كوردستاندا دەگەڕێن. ئێستایش نزیكەی 15 هەزار كەسیان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانیدان. مەزلوم شانكی تەمەن 19 ساڵ دەڵێت "دەمەوێت بچم بۆ هەولێر بۆ ئەوەی هەندێك پارە بەدەست بهێنم و بیهێنمەوە بۆ خانەوادەكەم. ئێمە كوردستانمان خۆش دەوێت. دەمانەوێت لێرە بمێنینەوە."

یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی ئەم پەنابەرانەیش دابینكردنی ئەو هەموو وەرەقەیەیە لە لایەن حكوومەتەوە بۆ ئەو پەنابەرانەی كە بە پەلە كامپەكە بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە شوێنەكانی دیكەی هەرێمەكە دەكەن.

حكوومەتی هەرێم تاوتوێی ئەوە دەكات كە چ شتێك بكات و چۆن یارمەتی زیاتری ئەم پەنابەرانە بدات. حكوومەت لە ڕابردوودا ئایدی كارتی داوەتە پەنابەرە كوردییەكان، بەڵام ئەم ئایدی كارتانە زۆر كەمن بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەرانە كە دەیانەوێت لە كامپەكەدا بچنە دەرەوە.

توركیا و پشتگیریكردن لە كورد
سیاسەتمەدارێكی ناسراوی كورد قوباد تاڵەبانی دەڵێت "حكوومەتی توركیا داوای ئەوە دەكات كە ئێمە ڕۆڵێكی كاراتر لە شەڕی دژ بە ئەسەددا بگێڕین." ئێمەیش دەڵێین "زۆر باشە ئێوەیش پشتگیری لە دابینكردنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا بكەن."

تاڵەبانی هەروەها دەڵێت "ئەوەی كە پەیوەندی بە كوردی سووریاوە هەیە، ئۆپۆزسیۆنیش ئەوەندەی ڕژێمی ئەو وڵاتە خراپە." نیگەرانی كوردەكانیش لە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن كاتێك كۆتایی پێ دێت كە ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی ڕێزگرتن لە مافەكانی گەلی كورد بدات."

پەنابەرەكانی ئەم كامپە بە گومانەوە لە هەموو شت دەڕوانن، جگە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەربۆیەیش ئاڵای كوردستان لە سەر دەیان چادری كامپەكە دەشەكێنەوە. شانكی دەڵێت "من نە بۆ ئەسەد و نە دژی ئەسەد دەجەنگم، بەڵام ئامادەم ژیانم بكەمە قوربانی كوردستان." پەنابەرەكانی دیكەیش هەمان هەڵوێستی شانكییان هەیە.


وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
ئامادەكردنی: جەی نیوتن سمۆڵ
سەرچاوە: گۆڤاری "تایم"ـی ئەمەریكی

هەواڵی پەیوەندیدار