نیشتمان و دەوڵەتی هەمووان

ئازا حەسیب قەرەداخی
کوردستان تا ئەم ساتەوەختە نیشتمانی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکان بووە.
چەند نەتەوە و شوێنکەوتووانی ئایینیی جیاجیای تێدا لە تاڵی و شیرینییەکان و لە سەرکەوتن و کارەساتەکاندا هاوبەش بوون. پێکەوە ئەنفال کراون و راگوێزراون.
هاوکات پێکەوە دژی زوڵم و زۆر راپەڕیون و بیست و شەش ساڵیشە پێکەوە بەشدارن لە بەڕێوەبردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیدا.
کۆی ئەم هاوبەشییە پڕاوپڕە لە دەستکەوتی گەورە و بنەمایی کە لەسەر ئەو پرنسیپە مەزنانە هەڵچنراون کە بناغەکەیان گیانی لێبووردەیی و یەکتر قبوڵکردنە. ئەم بناغەیە نەمرانی وەکوو شیخ عەبدولسەلامی بارزانی و مستەفا بارزانی کردوویانەتە روانگەیەکی سیاسی بۆ بزاڤی رزگاریخوازی و تێڕوانینێکی روون و زوڵاڵ بۆ ئایندە.
تا ئەم ساتە وەختە، کوردستان نیشتمانی هەمووان بووە، بەڵام لەدوای ریفراندۆم و سەرکەوتنی ئیرادەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت، ئیتر دەبێ دەوڵەتی هەمووان لە کوردستان دامەزرێنین. واتە لە نیشتمانی هەموواندا، دەوڵەتی هەمووان دامەزرێنین.
تورکمان و ئاشووری و کلدان و ئەرمەن و عەرەب وەکوو کورد بە پەرۆشەوە دەنگی بەڵێیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و گەڕانەوەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دا، چونکە کوردستان بە نیشتمانی هەمووان دەزانن و دڵنیاشن کە لەم نیشتمانە هاوبەشەدا دەوڵەتی هەمووان دادەمەزرێنرێ و مافەکانیان فەراهەم دەبێ.
گەڵاڵە نامە پەسەندکراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ مافی پێکهاتەکان بنەمای ئەو دەوڵەتەی هەمووانە کە سەربەخۆیانە، خۆمان دایدەمەزرێنین.
لە 2٥\9 دا هەموومان بە بەڵێ دەنگمان بۆ سەربەخۆیی دا، بۆئەوەی لە نیشتمانی هەموواندا، دەوڵەتی هەمووان دامەزرێنین. ئێمە پێشینەی کۆمەڵایەتی و ئایدیایی و سیاسی و ئەزموونی بیست و شەش ساڵی تاقیکراوەی رابردوومان لەم بورەدا هەیە و لەسەر ئەو بناغە تۆکمانە دەتوانین دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراتی بۆ هەمووان دامەزرێنین.
ئێمە لە دوای دەنگدانمانەوە بۆ سەربەخۆیی ئیتر نیشتمانی خۆرسکانەی هەموو پێکهاتەکان دەکەینە دەوڵەتی هەموو پێکهاتەکان و بەرگی سیاسی و یاسایی و دەستووریی لەبەر دەکەین و لە هەموو دامەزراوە سەروەرییەکاندا بەرجەستەی ئەو پێکەوەییە دەکەین.




