بوختان له سه‌رده‌می ڕیفراندۆم دا

عەبدولڕەزاق عەلی
نه‌یارانی ناوخۆیی ڕه‌وتی سه‌ربه‌خۆییخوازیی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی ڕیفراندۆم نه‌كرێت، بوختان نه‌ما نه‌یكه‌ن، ڕێگه نه‌ما نه‌یگرنه‌به‌ر، تا گه‌یشته ناپاكی و په‌نابردن بۆ دوژمنانی كوردستان.
كاتێك زانییان سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌ڕاستێتی و ڕیفراندۆم ده‌كرێت، هه‌وڵیاندا خه‌ڵك ساردكه‌نه‌وه، كه ئه‌ویش نه‌بوو، گه‌یشته ناپاكی و هه‌وڵی ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به به‌غدا، ئێران، توركیا، یان هه‌ركه‌س كڕیار بێت.
دواجار ڕیفراندۆم، دوێنێ، 25/9/2017 ئه‌نجامدرا.
ئه‌مڕۆ كه هیچكام له بوختانه‌كان و هه‌وڵه‌كانی نه‌یارانی سه‌ربه‌خۆیی نه‌یانتوانی ڕێ له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و سووربوونی سه‌ركردایه‌تی سیاسی وڵات، بگرێت، باڵه‌كانی ئه‌و ڕه‌وته عێراقچییه كه به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌وه، سوپایه‌كی ئیعلامیی نامه‌سئوولیان له‌به‌رده‌ستدایه، هیچیان پێناكرێت، بۆیه ده‌ستیان داوه‌ته بوختانێكی زۆر ئاشكراتر، بوختانی سه‌رده‌می ڕیفراندۆم. ئه‌ویش مامه‌ڵه‌كردنه له ته‌ك وتار و لێدوانه‌كانی سه‌رۆك بارزانی و گه‌وره به‌رپرسانی كوردستاندا، به مه‌نتیقی "ولا تقربوا الصلاه"، ده‌ركردنی وتار و بۆچوونه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانه له سیاقی ڕوون و بێ چه‌ندوچوونی خۆیان. دوایین نموونه‌ش، ئه‌و شاڵاوی بوختانه‌یه كه به وتار و بۆچوونه‌كانی دوێنێ ی سه‌رۆكوه‌زیرانی كوردستانی ده‌كه‌ن.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م دوێنێ به‌یانی، له یه‌كێك له بنكه‌كانی ده‌نگدان له شاری هه‌ولێر، ده‌نگی به‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا، له پرێس كۆنفرانسێكدا وه‌ڵامی ڕۆژنامه‌وانانی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی دایه‌وه.
زێده‌ڕۆیی نییه، بڵێین، لێدوان و وه‌ڵامه‌كانی كاك نێچیرڤان تا بڵێی ڕوون و بێ ته‌مومژ بوون. زۆر به ئاشكرا په‌یام و بنه‌ما سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی خیتابی سه‌ربه‌خۆییخوازیی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و ته‌واوی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان و ئیراده‌ی پۆڵاینی خه‌ڵكی كوردستانی دووپات كرده‌وه.
كاك نێچیرڤان به ئاشكرا دووپاتی كرده‌وه، ئێمه ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین، ڕیفراندۆمه‌كه‌شمان بۆ سه‌ربه‌خۆییه. ده‌مانه‌وێت به دایه‌لۆگ و لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ عێراقدا، ئاشتییانه و دوور له شه‌ڕ و توندوتیژی بگه‌ینه سه‌ربه‌خۆیی. جوانیشی پێكا كاتێك هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌یده‌ر عیبادی به بڕیاره‌كانی مه‌جلیسی قیاده‌ی به‌عس شوبهاند. له باسی مه‌ترسییه‌كانی به‌رودراوسێدا، زۆر به‌ڕوونی پێی گوتن: دۆستینه، واز له زمانی هه‌ڕه‌شه بێنن و ئیراده‌ی خه‌ڵكی ئێمه تاقی مه‌كه‌نه‌وه، با دۆست بین، ڕێزتان لێ ده‌گرین، ئێوه‌ش ڕێز له بژارده و مافه‌كانمان بگرن، تێمانبگه‌ن، نیازمان پاكه، ئێمه دوژمنی نه ئێوه و نه هیچ كه‌س نین، وه‌رن با هاوسێتی باش، ڕێزگرتنی یه‌كتری، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش بكه‌ینه پردی نێوانمان، له جیاتی ئه‌وه‌ی گله‌یی له ئێمه بكه‌ن، له فه‌رمانڕه‌وایانی به‌غدا بپرسن، بۆچی كاره‌كه گه‌یشته ئه‌مڕۆ.
ده‌مێك پرسیاری هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشیان لێ‌كرد، كاك نێچیرڤان قسه‌ی دڵی هه‌موومانی كرد: هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌جلیسی ئه‌من، نائومێدی كردین به‌رانبه‌ریان.
كورت و كرمانجی، كاك نێچیرڤان، زۆر ڕوون و ئاشكرا قسه‌ی كرد، وه‌ڵامه‌كانیشی هه‌روا، ته‌نانه‌ت یه‌ك وه‌ڵامیشی نه‌بوو دوو ته‌فسیر هه‌ڵگرێت.




