ئیرادەی كوردستان سەركەوت

ئاریان فەرەج
لە ساڵی 1931دا، مەلیكی كوردستان شێخ مەحموودی نەمر لە نامەیەكدا بۆ عوسبەتولئومەم (نەتەوە یەكگرتووەكانی ئێستا) دەنوسێ: (ئێوە بە زۆر و بێ رەزامەندیی خۆمان ئێمەتان لكاند بە عێراقی عەرەبەوە، لە ئێستاوە تا سەد ساڵی دیكە، هەر كارەساتێكمان بەسەرهات، لە ئەستۆی ئێوەیە).
لە بەرواری ئەو نامەیەوە تا دوێنێ، هیچ نەما بەسەرمان نەیەت، ئەنفال و جینۆساید و ماڵوێران كراین، سەربڕین و نانبڕین و جەور و ستەمی دنیامان چەشت، عوسبەتولئومەم یان نەتەوە یەكگرتووەكان، نە خستییە ئەستۆی خۆی و نە دەستی جەللادەكانی گرتین و نە دەنگی بیستین و نە بە هاوارمانەوە هات.
دوێنێ 25-9-2017 گەلی كوردستان لە رابوونێكی مێژووییدا بە هەموو جیهانی گوت: ئیتر بەسە!! چیدی ئێمە لە زیندانی عێراقدا ناژین. چیتر زوڵم و ستەم و پاشكۆیەتی بە چارەنووسی خۆمان نازانین و مێژوو دەگۆڕین و خۆمان بە دەستی خۆمان چارەنووسی دڵخوازی خۆمان دەنوسینەوە.
دوای سەد ساڵ بندەستی، میللەتی كورد كۆدی سەركەوتن و دەرگای رزگاربوونی دۆزییەوە، تێگەیشت ئازادی و سەربەخۆیی دەسەندرێ و هەرگیزاو هەرگیز نادرێ. تێگەیشت سەدان ساڵ بندەستی بە چركەیەكی رابوونی میللی دەكرێ كۆتایی بێت. تێگەیشت ئازادی تەنیا دوو كەرەستەی هەڵكەوتووی دەوێت: رابەرێكی بە ئیرادە و خۆڕاگر و نەترس و پێداگر و سەركردایەتییەكی هاوكار لە هەموو هێزەكان، گەلێكی بێزار لە بندەستی تا ئەو حەددەی ئامادە بێت نەمێنێ ئەگەر بە ئازادی نەژی.
هەردوو مەرج و كەرەستەكە هاتنە وجود. ئیرادەی پۆڵایینی سەركردە و ئامادەیی گەل و هێزە سیاسییەكانی، ئیدی كاروانی بەرەو خۆر كەوتە رێ و، توانی بەسەر هەموو تەڵەزگە و دڕك و داڵ و هەڕەشە و رێگری و ئاستەنگەكاندا سەركەوێ و نەوەستێ و نەكشێتەوە و نەشكێ و نەبەزێ، تا دوێنێ لە كەرنەڤاڵێكی پڕ پڕ لە شانازی و زیندوویی و ئایندەخوازییدا، سندووقەكانی پرۆسەی دیموكراتیانە و شارستانییانەی ریفراندۆمی پڕ پڕ كرد لە دەنگی (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان).
لێرە بەدواوە جیهان و دەوروبەر لە بەردەم بڕیاری گەلێكی بەئیرادە و قارەماندان. گەلێك لە نێوان ئازادی یان مردن، رێگەی دیكە شك نابات. جیهانیش زوو یان درەنگ، جگە لە رێزگرتن لەم ئیرادەیە، مەحاڵە بژاردەیەكی دیكە بدۆزێتەوە.




