٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

بە خەمساردی لە سوریا دەڕوانن

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

دوای پتر لە بیست مانگ لە شەڕو کوشتار لە سوریا، پێدەچێت ئەخزەر ئیبراهیمی کە نوێنەری کۆمکاری عەرەبی و نەتەوە یەکگرتووەکان  لە رۆژی دووشەممە بێ ئومێدانە سەردانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدی کردبێت. لەو قسانەی            دوای دیدارەکە کردنی، هەرهێندەی گوت " بەشار ئەسەد قسەی خۆی کرد و منیش بیرۆکەکانی خۆمم پێڕاگەیاند". بیرۆکەش باس لەوەدەکات کە ئەمەریکا و روسیا هاورابوون لەوەی حکوومەتێکی راگوزاری هاوبەش لە هەردوو لا حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنرێت و ئەدەسیش بێ دەسەڵات تاکو ساڵی ٢٠١٤ لە دەسەڵات بمێنێتەوە.

پێدەچێت ئەمەریکا و روسیا بۆ نزیکبوونەوە لەیەکتر و هەروەها وەکو باسدەکرێت بۆ سازاندنی بەرژەوەندییەکانیان، دوور نییە لە دیماهیدا سازشێک لەسەر سوریا بکەن. چونکە سوریا بۆ وڵاتێکی وەکو روسیا بۆتە دوا پێگە و ستراتیژی بەرژەوندییەکانی لە دەرەوە ی لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، هەروەسا لەرووی ئابوریشەوە هەروایە. ئەمەریکاش دەیەوێت بێ دەستێوەردان گۆڕانکاری لە سوریا بکرێت، ئەم بێ دەستێوەردانەش ژیانی بەسار ئەسەد و رژێمەکەی درێژ کردۆتەوە. چونکە پێیان وایە هەمان مەترسییەکانی میسر لە هاتنی ئیسلامییەکان بۆ دەسەڵات و کێشەکانی لیبیا لێرەشدا دوبارە دەبنەوە. ئەمەریکا بۆ پێشگرتن لەم مەترسییە "بەرەی نەسرەی ئیسلامی" کە توندڕەون و پەیوەندیان بە رێکخراوی قاعیدەوە هەیە خستە لیستی گروپە تیرۆرسیتییەکانە.

ئیبراهیمی لەترسی بەهێزبوونی ئۆپۆزسیۆن و فشار فشارە سەربازییەکانیان دژی فڕۆکەخانەی دیمەشق بە رێگەی پیادە لە سنوری لوبنان سەردانی دیمەشقی کردو لەمەش کاریگەرتر زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترسی لەوەش هەبووە تەنیا کۆشکی سەرۆکی سوریاش بکەوێتە نێو ئاگربارانی ئۆپۆزسیۆن چونکە ماوەیەکە ئەو ناوەش تەق و تۆقی تێدایە. هەورەها پەیامەکەشی بۆ هاوکاری گەلی سوریا، هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبوو، کە لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەر زوو رەتیان کردەوەو بەم پێشنیار و بیرۆکانەش رازی بن کە ئەسەد لەدەسەڵات دەهێڵتەوە.

حکوومەتی سوریا هەنووکەش خۆیان بە هێز دەبینن و رایانگەیاند ئەوان بە هیچ بەرنامە و فشارێکی دەرەکی رازی نابن. ئەسەدیش سورە لەسەر ئەوەی خولێکی دیکەش خۆی بۆ سەرکی سوریا هەڵدەبژێرێتەوە. کەواتە لە واقیعدا هچ شتێکی نوێ و هیچ گۆڕانکارییەک لە بۆچوون و هەڵویستەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسوریا روی نەداوە. تەنیا ئەوە نەبێت کە ئۆپۆزسیۆن لە سەر زەوی ئابلوقەکانیان دژی دەسەڵات بەهێز و کاراتر کردووە ولەهەمان گاڤیشدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دانان بە ئۆپۆزسیۆن وەکو نوێنەری گەلی سوریا وناردنی موشەکی پاتریۆت بترازێت، هیچ شتێکی نوێتری بۆ سوریا نیشان نەداوە.

وەلێ دوای دیدارەکەی ئەخزەر ئیبراهیمی باڵوێزی روسیا لە لوبنان گەرمتر لە حکوومەتی سوریا لێدوانی داوە و دەڵێت:  ئەسەد هەموو فشارێکی دەرەکی رەتدەکاتەوە و پێویستە ئێمە  و ئەمەریکا فشار بخەینە سەر هەردوو  لایان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ دەستپێبکەن. ئێمە کە باسی  گۆڕانی رژێم لە سوریا دەکەین مەبەستمان گواستنەوەی سوریا لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە، کارێکی زۆر ترسناکە دامودەزگای دەوڵەت و سوپا لەبەریەک هەڵبوەشێنرێتەوە بۆیە ئێمە دوبارەبوونەوەی هەڵومەرجی لیبیا لە سوریا قبول ناکەین".

دوور لە رای گشتی جیهانی ئۆپۆزسیۆن بازنەی فشار خستنە سەر دەسەڵاتی سوریایان لە دیمەشق بەرتەسک کردۆتەوە، رۆژانە هەواڵی گرتنی شوێنی نوێ لە سەربازگە و پێگەی سەربازی سوپای سوریا لەلایەن ئۆپۆزسیۆن بڵاودەبێتەوە، وازهێنانی ئەفسەر و کەسانی نزیکی دەسەڵات لە فرەبوونە، دیمەشق بۆتە ئامانجی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، تەنیا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەسەد هێزەکانی بۆ ناوچەکانی لەدایکبوونی خۆی کۆبکاتەوە و تەنیا بیرۆکەی ئەوەش هەیە لە ئایندەدا دەوڵەتێکی عەلەوی بۆ پاراستنی ئەم پێکهاتەیە کە ئەمڕۆ تەواوی جومگە گرینگ و ستراتیژییەکان دەوڵەتیان بەدەستەوەیە پێکبهێنرێت. چونکە لای هەمووان ئاشکرایە کێشەی مەزهەبی لە سوریاش دەتەقێتەوە، ئەو کاتە سونییەکان تۆڵەی خۆیان لە عەلەوییەکان دەکەنەوە. ئەمەش کێشەیەکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گیرۆدە  کردووە و لەهەمبەر بڕیاردانێکی یەکلاکەرەوە بۆ سوریا و پەلەکردنی لە روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.

سوریا لە ناوەوە رووداوەکانی پێچەوانەی لیبیا و تونس و میسر گەورەو گوڕە و ئۆپۆزسیۆن شەڕی مان و نەمان لە دژی سوپا و دەسەڵاتی دیمەشق بەرێوەدەبات، بەڵام راگەیاندنی بێگانە و ئەنتەرنێت هەمان ئەو رۆلە خێرایە لە پرۆسەی داهێزراندنی دەسەڵاتی سوریا نابینێت وەکو لە وڵاتەکانی دیکە لەسەرەتای شۆڕشی بەهاری عەرەبی گێڕای، بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە خەمساری سەیری رووداوەکانی سوریا و دوارۆژی ئەم وڵاتە دەکات.

هەواڵی پەیوەندیدار