٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

جەنگی شیعەو سوننە لە سووریا

سەرچاوە: KDP.info

*سیریل تاوسەند

و: شوكر سلێمان

چیای قاسیۆن كە بەشار ئەسەد كۆشكێكی لەسەر بنیاتناوە درێژدەبێتەوە بۆ سەر شاری دیمەشق و چەند دیمەنێكی سەرنج راكێشی دروست كردووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو دیمەنانە هەر هەموویان شێواون بەهۆی ئەو دوكەڵ و ئاگڕو خۆڵ و دۆزەخەی شارەكەی داپۆشیوە، كە ئۆپۆزسۆنی سووریا چەند كیلۆمەترێك لە ناوەڕاستی پایتەختەوە دوورن، هاكا دەستیان بەسەر فرۆكەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتیدا گرت، رەنگە ئەوەش مەبەستی خۆیانی تێدا بێت، لەگەڵ ئەوەش سووریا لە هاوینی رابردوو سوپاكەی خۆی لە بەرزاییەكانی جۆلان كە شوێنێكی زۆر هەستیارە كشاندەوە بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بەرگری لە دیمەشقی پایتەخت بكات.

ئێستا گەلی سووریا لەنێو كۆمەڵێَك ئازاری جەرگ بڕدا گوزەران دەكات، ئەو گەلەی ژمارەی دانیشتوانیان زیاتر لە 22 ملیۆن كەسە، كە قوتابخانەو كۆمپانیاو ئاپارتمانی گشتی هەر هەمووی وێران بووەو بەسەر یەكا داڕووخاوە، نەخۆشخانەكان جمەیان دێت و دەرمانی پێویستیش نییە لە نەخۆشخانەكان، ژمارەی ئاوارەكانیش خۆی لە نیو ملیۆن كەس دەدات و رۆژانەش سێ هەزار كەس ئاوارە دەبێت بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەتا ئێستاش نزیكەی 40 هەزار كەس كوژراون.

بەشار ئەسەد خوێندنی بزیشكی لە شاری لەندەن تەواو كردووەو ئەسمای خێزانیشی لە خۆرئاوای شارەكە، بەڵام بەریتانیا هەست بە بێهیواییەكی گەورە دەكات، چونكە ئەسەد بەو شێوەیە كەوتە پشتگوێ‌ خستنی بەرنامەی چاكسازی و گۆڕانكاری لە سووریا، چونكە دەكرا بكرێت، بەڵام ئێستا دیلی دەستی توندڕەوەكانی رژێمە كە هەرگیز ناتوانێ سەركردایەتی میللەت بكەن، هەر چەندە ئێستا هەڵاتنیش بۆتە شتێكی مەحاڵ، ئەگەرچی جارێكیان بەشار بەڵێنی بە میللەتەكەیدا كە ئەو لە سووریا ژیاوەو هەر لەوێش دەمرێت، بۆیە ئەگەر پاش ماوەیەكی دیكە لە دیمەشقی پایتەخت لەگەڵ خێزانەكەی نەڕوات و بەدوای شوێنێكی ئارامدا نەگەڕێت، ئەوە بێگومان لە پایتەخت دەكوژرێت.

پێویستە ئەسەد لەوە تێبگات كە خەباتكردن لە پێناوی چاكسازی سیاسی لە سووریە، ئامانج لێی رێگەدانە بە گەلی سووریا كە خۆی ئیدارەی وڵاتەكەی بكات، نەك تەنیا بنەماڵەیەكی بچووك كە سەر بە كەمینەیەكی كەمن كە خۆی لەو رەچەڵەكەیە، كە هەر ئەمەیان بۆتە هۆی ناكۆكی و ململانێیەكی گەورەو فراوان لەنێوان سوننەو شیعە لە پێناوی هەژموون و دەستگرتن بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

لە كاتێكدا ئەگەر بەیانی توانرا كۆتایی بە رژێمەكەی ئەسەد بهێنرێت، زۆر پێدەچێت ئەو جەنگە بەردەوام بێت لە چوارچێوەیەكی فراوانتر، ئەو كاتە كێ‌ ئەو ئاگرە بڵێسەدارە بەرفراوانە دەكوژێنێتەوە؟

هەندێك وامەزندە دەكەن ئەو جەنگەی لە سووریا بەردەوامەو ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی كۆتایی، هەرچەندە ئێشتا زووە ئەو قسەیە بگوترێت، بەڵام ئەو هێزەی كە ئێستا خەریكی تەنگپێهەڵچنینی رژێمی ئەسەدە پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆوە بینیوە، كە بەم دوایانە دەستیان گرتووە بەسەر كۆگایەكی سەربازی گرنگ لە خۆرئاوای شاری حەلەب، بۆیە خۆ پرچەككردنی شۆڕشگێڕان لە فیشەك و پێداویستیەكانی جەنگی و سەركەوتنیان لە خستنەخوارەوەی بە لایەنی كەم هەلی كۆپتەرێكی حكوومەت بە بەكارهێنانی رۆكێتی دژە فرۆكە، تەواوی مەجرای پرسەكانی بە قازانجی شۆڕشگێڕان شكاندووەتەوە، بۆیە دەكرێ‌ بپرسین ئایا رژێمی ئەسەد ئێستاش لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت وەكو لە ساڵی رابردوو هەبوو.

واشنتۆن و لەندەنیش بە ئاشكرا دڵەراوكێیی خۆیان راگەیاند لە ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە لایەن رژێمی سووریاوە، لەم ماویەش لایەن بۆب بایەری بەكرێگیراوی پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریكاوە بڵاوكرایەوە كە گوتی (یەك كلاوەی جەنگی كە هەڵگری گازی سارینی ژەهراویە، ئەگەر لە گوللە هاونێكی 122 ملیمەتری بخرێت و لە شارێكی ئاوەدانی وەكو حەلەب یان حمس بدرێت، رەنگە نزیكەی 18 هەزار كەس بكوژێت، رەنگە بەكارهێنانی ئەو جۆرە چەكەش شتێكی گونجاو بێت بۆ ئەوەی بەر بە پێشكەوتن و هێرشی شۆڕشگێڕان بگیرێت و رژێمەكە بهێڵێتەوە. ئەگەری بەكارهێنانی چەكی كیمیایش شتێكی چاوەڕوانكراوە، ئەگەر بە دەستی هێنابێت، بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكان یان ئیسرائیل هەوڵیان دەدا لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە چەكە كیمیایی و بایلۆژییەكانی سووریایان تێكشكاندبا، ئەو كاتە ئەوەش دەبووە هۆی كوشتنی ژمارەیەكی زۆرو زیانێكی زۆریش بە ژینگە دەگەیشت.

بەڵام كێشەی لەوە گەورەتر كە رووبەڕووی واشنتۆن و لەندەن بۆتەوە ئەو گروپە ئیسلامیانەیە (جبهە النصرە)یە كە لە چوارچێوەی شۆڕشی سووریا كاردەكەن، هەروەها جەنگاوەرانی ئەو گروپانە لە سەرەتای ساڵەوە دەجەنگن بە شێوەیەكی زۆر باش راهێنانیان پێكراوەو زۆر بە باشی دەجەنگن، رەنگە هەر ئەوانە بووبێتن كە لە دژی ئەمریكا دەجەنگان لە عیراق. هەر ئەوانە چەند هێرشێكی ئازایانەیان كردە سەر بنكەو بارەگاكانی سوپای سووری، بەڵام وەكو دەبێژن ئەوانە پەیوەندییان بە رێكخراوی (قاعیدە)وە هەیە، هەروەها ئەوانە گوێ‌ بە مافەكانی مرۆڤ نادەن، بۆیە واشنتۆن ئارەزووی ئەوە دەكات كە ئەوانە پشتوێ‌ و پەراوێز بخات، چونكە چاوی خستووەتە سەر ئامانجێكی دوور لەو وڵاتە، بەڵام لەندەن خۆی دەپارێزی لە بڕیارێكی لەو شێوەیە.

نەتەوە یەكگرتووەكان چووە پاڵ هەر یەك لە شانشینی یەكگرتوو و فەرەنساو توركیاو وڵاتانی كەنداو لە داننان بە ئەنجوومەنی نیشتمانی سەر بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئەو ئەنجوومەنەش لە تشرینی دووەمی رابردوو هاتەكایەوە لە پێناوی رابەرایەتیكردنێكی باشتری گەلی سووریاو هەروەها وەكو دروستكردنی نەواتێكیش بێت بۆ حكوومەتی ئایندە، هەروەها گەرەكیەتی ئەنجوومەنێكی سەربازیش دابمەزرێنێت بۆ كۆنترۆڵی جەنگەكان كە دەزگەی قەزایش لەخۆبگرێت لەو ناوچانەی كەوتۆتە دەست شۆڕشگێڕانەوە، بەڵام هەتا ئێستا جێگەی متمانەی خەڵكی نییە، چونكە پێیان وایە زۆربەی ئەو كەسانە سەربە خۆرئاوان.

ئەوەی ماوە چەند رۆژێكی قورس و مەترسیدارە سەبارەت بە سووریەكان، هەتا رژێمیش رۆكێتی (سكۆد) ی لە دژی میللەتەكەی بەكارهێناوە، لە حەلەب خەڵكی بەدەست برسیەتییەوە دەناڵێنن، هەموو ئەمانەش لە وڵاتێكی عەرەبی گرنگ روودەدات كە خاوەن مێژوویەكی دێرینە.

 

*رامیاروانێكی بریتانی و ئەندامی پێشووی پەرلەمان.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار