٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئیرادە و ئازادی.. بێئیرادەیی و كۆیلەیی..

سەرچاوە: KDP.info

ئاریان فەرەج

سەربەخۆیی لە هیچ رزگارمان نەكات، لەم ترس و سڵەمینەوە و شەخسیەت لاوازییە رزگارمان دەكات.
تاكی بێ دەوڵەت هەمیشە دەترسێ، بڕوای بە خۆی كزە، هەموو كەس لە خۆی بەهیزتر دەبینێ، ئیمانی بە فەرهەنگ و كولتوور و توانا و كەسایەتیی خۆی نییە. هەمیشە چاوەڕێی پشتوپەنایە، دەترسێ بڕیار بدات و دوایی تووشی ماڵوێرانی و شەڕ و پەلامار بێت و بێ كەس كوژ بكرێت. راهاتووە خەڵك لە جێی ئەو بڕیار لە ژیان و چارەنووس و ئایندەی بدەن.

ئەوان پێی بڵێن كام رێگەیە باشە و كامەیان ترسناك. هەناسەدان و نانەسكێی لێ دەكەن بە مننەت و فەزل و مەكرەمە. بندەستی لێدەكەنە قەدەر و چارەنووس و ئیرادەی خودا. بەردەوام راڕایی و بێبڕیاری و بێئیرادەیی تێدا دەچێنن، لەسەر ژیانی كاتی و بێ ستراتیژ و بێ ئایندە رایدەهێنن. دەوڵەتداری و خۆبەڕێوەبردنی لێ دەكەنە كێوێكی هەزار بە هەزار و پێی دەڵێن، گەر پێیدا هەلزنێی دەكەویت و هەپرون بە هەپرون دەبی. پێی دەڵێن تۆ لە سایە و سێبەر و حیمایەتی خەڵكی دیكەدا دەژی، قەت ناتوانی سێبەر و سایەی خۆت بی. پێی دەڵێن گەر تۆ خێرت تێدا بوایە پێشتر شتێكت بە شتێك دەكرد. تازە بە درەنگەوە چت پێ دەكرێ.

ئەمە ئەو سایكۆلۆجیا ترسناكەیە كە داگیركەر لە دەروونی میللەتی داگیركراودا دەیچێنێ، بۆ ئەوەی هەمیشە سەركز و كۆیلەی بێت و لێی هەڵنەگەڕێتەوە.ئەم ژەهرە كوشندەیە، بەڵای سەری مرۆڤ و میللەتی بێدەوڵەت و ماف زەوتكراوە. رزگاربوون لەم دەردە دەروونییە چركەساتێكی مێژووییە، باوەڕهێنانی چركەیەكە بەوەی هەڵگەڕانەوە بە رووی داگیركەری ملهوڕ و زەوتكاردا، یاخیبوون نییە لە چارەنووس. چركەساتێكە تێیدا بڕیار دەدەی ژیانی كۆیلەیی بە قوربانی ئازادی بكەیت. چركە ساتێكی مێژووییە تێیدا رابەرێك هێزی ئیرادەی خەفەكراوی میللەتەكەی دەژێنێتەوە و بە ئاگای دێنێتەوە، ئیدی هەر ئەو ئیرادەیە سەراپای ترس و دڵەڕاوكێ و لاوازی و بڕوابەخۆنەبوون رادەماڵێ و رێی ئازادی دەگرێتەبەر و ناوەستێتەوە تا سەركەوتن.

ئەزموونی مێژووی گەلان پێمان دەڵێ: ئەوەی بە كۆیلەیی قایل بێت، پادداشت نادرێتەوە. بە شایستەی كۆیلەییی ئەبەدی دەزانرێ، نەك بە شایانی خەڵات. جیهان و یاساكانی تەنیا رێز لە میللەتی بوێر و ئازاد و خاوەن بڕیار و ئیرادە دەگرێ.

 

هەواڵی پەیوەندیدار