برایەتی لەگەڵ کورد
لە سەردەمی عوسمانییەکاندا هاوکات لەگەڵ مودێرنیتەی تازە پێگەیشتووی تورکیادا لە دژی ئەو سیستەمە ئیدارییە کە هەوڵ بۆ بەمەرکەزی کردنی دەدرا بێجگە لە تەڤگەرە ئیستیسناییەکان شێخەکانی نەقشبەندی و خالێدی لە کوردستاندا سوودیان لە بۆشایەتی دەسەڵات وەرگرت و هەوڵیان بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشایەتییەدا. بێجگە لەم هەوڵدانانە لەو سەردەمانەدا هیچ جۆرە ئاڵۆزییەک رووی نەداوە. لە کاتی شەڕی رزگاریشدا سەرەڕای هەر هەمووی جیاوازییەکان بەڵام بە هۆی ئیسلام و ئیسلامییەتەوە هەر کەس لە دەور یەک خاڵی گرنگ کە ئەویش ئیسلام بوو کۆ ببوویەوە. بەڵام هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنی سەردەمی کۆمار لە تورکیادا بارودۆخەکە گۆڕانکاری یەکجار زۆری بە خۆیەوە بینیوە. هۆکاری بەشداری کردنی خەڵک بە تایبەتی کورد و تورک لەم شەڕانەدا پاراستنی مقامی خەلافەت و ناسنامەی ئیسلامی کۆمەڵگە بوو. لە سەردەمی کۆماردا لە ناو بردنی خەلافەت و بە زمانی تورکی وتنەوەی بانگ لە لایەن مسڵمانەکانەوە وەکو خیانەتێکی گەورە شرۆڤە دەکرا هەر بۆیە مسڵمانەکان لە تورکیا هەستیان بەوە دەکرد کە بەشدارییان لە خیانەتێکی گەورە لە دژی ئیسلامییەت کردووە. چوونکە ئەو سۆز و بەڵێنانەی کە لە کاتی شەڕی رزگاریدا درابوون بەو کەسانە کە لەم شەڕەدا گیان و ماڵی خۆیانیان فیدا کرد هیچیان بەمجۆرە نەبوون. دەست پێکردنی راپەرینی شێخ سەعید کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی هەڵوەشاندنەوەی خیلافەت، جۆرەیەک بوو لە تووڕە بوون و رەق و کینی کۆمەڵگە لە دژی کۆمار و هەڵوێستە لائیکەکانی کۆمار.
هەر لە سەردەمی شێخ سەعیدوە تا ئێستا یەکێک لە پایە گرنگ و فاکتەرە سەرەکییەکانی پرسی کورد کە تا ئەمرۆیش هەر بەردەوامە ئیسلامییەت بووە. زۆربەی هەرە زۆری سەرۆک عەشیر و سەرۆکی تەڤگەرەکانی ناوچە کوردییەکان یا شێخ بوونە یا مەلا. هەر چەند لەگەڵ ساڵەکانی 1949دا بیروڕای چەپگەریش وردە وردە توانی جێگای خۆی لە نێو پرسی کوردیدا بکاتەوە بەڵام تا ساڵی 1990 زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ناوچە کوردییەکان گرنگییان بە حەرەکەتە ئیسلامییەکان دەدا.
ئەو پێگە زۆرە جەماوەرییە کە لەو ناوچانەدا لە دەردوری ئایدئۆلۆژیای میللی گۆرشدا کە پارتەکانی وەکو پارتی نیزامی میللی، پارتی سەلامەتی میللی و پارتی رەفای لە ژێر یەک سیباندا کۆ کردبوویەوە نیشانەی ئەوە بوو کە کورد گرێدراوی برایەتی ئاینییە و دەیەوێ دۆزی خۆی لەم چوارچێوەیەدا چارەسەر بکات، بەڵام هاوپەیمانیەتییەکەی پارتی رەفا و پارتی رەگەز پەرەستی مەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1991دا کە بە ئامانجی کۆ کردنەوەی رەگەز پەرەستە لیبراڵەکان پێکهێنرا بوو بوو بە هۆکاری دوور کەوتنەوەی ئەو کوردانەی کە نزیکی پەکەکە نەبوون و بە دوای هێزێکدا دەگەڕان کە پشتگیرییان لێوە بکات هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو کە پارلەمانتارەکانی پارتی هەپ کە پارتییەکی کوردی بوو لە سەر لیستی جەهەپە چوونە نێو پارلەمانی تورکیاوە و ئەمە بوو بە سەرەتای دەستپێکردنی قوناخێک کە ئێستا بەدەپە نوێنەرایەتی ئەو قوناخە دەکات.
لە لایەکی دیکەوە بە هۆی سەپاندنی بارودۆخی تایبەتی سەربازی لە ناوچە کوردییەکاندا لە رووی ئیداری و یاساییەوە تورکیا دابەشی دوو پارچە کرا و بە هۆی ئەشکەنجە، کۆچی زۆری، چووڵ کردنی گوندەکان و کریارە بکەرنەدیارەکان و قەتڵ و عامە بێ سنوورەکانی سوپا و هێزە تایبەتییەکان، ئەو جەماوەرە یا ئەو کوردانەی کە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتدا مابوونەوە وردە وردە روویان لە پەکەکە کرد و لە دەوڵەت خۆیان دوور خستەوە. لێرەدا دەوڵەتی ئەو کاتەی تورکیا هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد و ئەویش ئەوە بوو کە هەر وەکو تیرۆریست و ئەندامی پەکەکە لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەڵسووکەوتی دەکرد کە نزیکی پەکەکە نەبوون، هەر بۆیە ئەم کەسانە یا ئەم خەڵکە لە کاتی دەنگداندا دەنگی خۆی بە پارتە نەتەوە پەرەستە کوردەکان کە لە لایەن پەکەکەوە سەرپەرەشتی دەکران دا و ئەمەیش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەت چە لە نێو چیاکان و چە لە نێو شارەکاندا هێزێکی کۆمەڵایەتی یەکجار زۆر بداتە پەکەکە. لە کاتە ساتانەدا مسڵمانەکانی رۆژئاوای فوراتیش ( مەبەست رۆژئاوای تورکیایە) بە هۆی زانیارییە هەڵەکان و شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەت و کریارەکانی هەر دوولا نەیدەتوانی سەبارەت بە پرسی کوردی یا خۆ دەربڕینی برایەتی ئیسلامی خۆی لەگەڵ کوردەکاندا رۆلی خۆی بگێڕن، هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی کە خۆی سەرقاڵی هاوکاری کردن بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد بکات خۆی سەرقاڵی ئێش و ئازارەکانی خۆی دەکرد.
هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنی ئاکەپە و دەست پێکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە و قوناخێکی نوێ، هێوای زۆر بە هێز لە نێو کورد و تورکە مسڵمانەکاندا گەش بوو. بەڵام بەداخەوە کە متمانەی رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و تەڤگەرە سوکۆلارەکان وردە وردە لە بەرامبەر ئاکەپە و خۆدی ئەردۆغان لاواز بوو. بێگۆمان لاواز بوونی متمانەی چینی سوکۆلار لە بەرامبەر ئاکەپە و ئەردۆغان بۆ یەکخستنەوەی مسڵمانە کورد و تورکەکان کاریگەرییەکی سەلبی هەبوو و لە ئەنجامدا کاتێک کە لە ساڵی 2005دا سەرۆک وەزیر ئەردۆغان لەگەڵ وەفدێک لە وەزیرەکانی حکوومەتدا لە برووکسەل بۆ بە ئەندام بوون لە یەکیەتی ئەورووپادا سەرقاڵی مۆر کردنی پەیمان بوون، نزیکەی 300 رۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد و چەپگەر و سوکولاری تورک پێکەوە بەیاننامەیەکیان مۆر کرد و بڵاویان کردەوە و داوایان لە یەکیەتی ئەورووپا کرد کە تورکیا نەگرێتە نێو خۆیەوە.
ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێکهێنانی رێفۆرمەکانی یەکیەتی ئەورووپا لە تورکیا لە مەرحەلەی یەکەمدا کاریگەری لە سەر پرسی کورد دەکرد بەڵام بە هۆی لاواز بوونی متمانە بە ئاکەپە، ئەو رۆشنبیرانە بەیاننامەیەکی بەمجۆرەیان بڵاو کردەوە و ئەمەیش بوو بە هۆکاری پارچە بوونی کەسە نزیکەکانی حکوومەتی ئاکەپە. هەر لە ساڵی 2005دا سەرۆک وەزیر سەردانی دیاربەکری کرد و وتی هەر کات پێویست بکات دەوڵەتە بەهێزەکانیش داوای لیبووردن دەکەن و بۆ یەکەمجار دانی بە هەبوونی پرسی کوردی لە تورکیادا ناو و رایگەیاند کە بەڵًێ پرسێک بە ناوی پرسی کوردی هەیە هەر بۆیە پێویستە پێکەوە هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی بدەین، بەڵام لێرەدا جارێکی دیکە پەکەکە گۆرزی خۆی وەشاند و دەرفەتی نەدا کە کورد بەشداری لەم کۆبوونەوەیەی ئەردۆغان بکات.
قۆناخێکی نوێ بە ناونانی پرسی کورد دەستی پێکرد و گەیشتە سەردەمی پرۆژەی کرانەوەی دیموکراتیک بە رووی کورددا و ئێستایش پرۆژەی یەکیەتی و برایەتی نیشتمانی لە ئارادایە، بێگۆمان لەم پرۆژە نوێیەی حکوومەتی ئاکەپەدا رۆلی برایەتی ئاینی زۆر گرنگ و سەرەکەیە بەڵام ئەمجارە کەسە مەدەنی و رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان ئامادە نین بە هیچ شێوەیەک پشتگیری لەم پرۆژەیە بکەن و تەنیا حکوومەتە کە هەوڵ بۆ پێشخستنی ئەم پرۆژەیە لە ژێر ناوی برایەتی ئاینیدا دەدات.
ئەگەر بێتۆ کەسە مەدەنیو رێکخراوە مەدەنییەکان و کەسایەتییە ئاینییەکان پشتگیری لەم پرۆژەیە نەکەن ئەوا ئەم پرۆژەیە لە کاتی شرۆڤە کردنی پرسی کورد بۆ کۆمەڵاگە چەندە کاریگەری باشی هەبێت ئەوا دوو ئەوەندەیش کاریگەری نەباشی دەبێت.
نووسەر" هەلال قاپڵان
سەرچاوە" یەنی شەفەق




