بهڵێى عهرهب و نهخێری كورد

سهلام عهبدوڵڵا
لەكاتێكدا دەنگی نەشازی (نەخێر) لێرەولەوێ بەتایبەتی لە سلێمانی دەبیسترێ، هاوكات دەنگی ئاشكرای عەرەبەكانی دانیشتووی هەرێمیش بە (بەڵێ) دەبیسترێ، كە مایەی ڕامانە.
ئەمە یەكەمین جارە كە دەنگی عەرەب بەو شێوە بەرفراوانە سەبارەت بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان ببیسترێت و پشتگیریی بكرێت.
ئەم برا عەرەبانەی پەنایان هێناوەتەوە بەر هەرێمی كوردستان و روویان نەكردووهتە ناوچە عەرەبییەكان، بۆ ئەو بارودۆخە لەبارەی هەرێم دەگەڕێتەوە كە متمانەی لا پەیدا كردوون كە دەتوانن بە ئاشتی و ئاسوودەیی لەسەر خاكی كوردستان بژیێن و، دوور بن لە تیرۆر و تۆقاندن و پاكتاوكردن، ئەمە لەكاتێكدا ئەو ڕاستییەش دەزانن كە حكوومەتە عەرەبییە جیاجیاكانی حوكمڕانیی عێراق چۆن مامەڵەیان بە ئاگر و ئاسن لەگەڵ كورد كردووە و هەوڵی قڕكردنی نەتەوەیەكیان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەلی كورد باوەشی بۆ كردوونەتەوە و نەوایەكی ئارامی بۆ ڕەخساندوون، بۆیە ئەوانیش كاتێك بەراوردی بارودۆخی خۆیان دەكەن لەگەڵ ناوچەكانی خۆیان، دەگەنە ئەو باوەڕەی كە سەرزەمینی كوردستان جێگەی پێكەوەژیانە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەوە، هەربۆیەش تا دێ ئەو دەنگە ئەرێنییە لە ناو عەرەبەكاندا ڕوو لە زیادبوونە و، بە شانازییەوە دەڵێن دەنگ بە (بەڵێ) دەدەن و خوازیاری مانەوەن لەنێو كورددا، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێبوردەیییە و قبووڵكردنی پێكەوەژیانەیە كە بە چاوی خۆیان ڕۆژانە دەیبینن.
بەڵێی ئەمانە بۆ قوتاربوونە لە دەستی حوكمڕانانی بەغدا، كە ئێستا سیاسەتێكی تاییفی و مەزهەبی دیار پیادە دەكەن، كە دەیانەوێ دەستەڵات تەنها لە دەستی گرووپێكی دیاریكراودا بێت و وڵاتی عێراق بكاتە دەوڵەتێكی تیۆكراسی.
بە واتایەكی تر، ئەمانە باش لەوە گەیشتوون كە ئەم (بەڵێ)یە بۆ ئەوانیش داهاتوویەكی رووناك بنیات دەنێت كە دەتوانن لەژێر سێبەریدا وەك مرۆڤ بژیێن.
(بەڵێ)ی ئەمانە هەڵاتنە لە سیستەمی شمولی و تاییفی و هەڵبژاردنی ئاشتییە و دووركەوتنەوەیە لە تیرۆر.
بۆیە دەنگی ناسازی (نەخێر)ی نێوخۆمان گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، بۆ ژێردەستەیی، بۆ مافخوران، بۆ بڕینی بوودجە و مووچە، بۆ دەوڵەتی مەزهەبی، بۆ زەلكاوی گەندەڵی، بۆ نێو تیرۆر، بۆ رفاندن و بێسەروشوێنكردن، بۆ بەردەوامیی زوڵم و زۆر، بۆ حەشدی شەعبی بۆ دووبارەبوونەوەی ئەنفال و كیمیاباران، بۆ ڕاگواستن، بۆ تەعریب، بۆ لەگۆڕنانی هیوا و ئاواتی گەلێك كە سەدساڵە خوێن و قوربانی دەدات، بۆ دژایەتیی دایكانی جگەر سووتاوە، بۆ سوێكردنە جەرگی باوكی شەهیدانە و بۆ بێهیواكردنی بریندار و پەككەوتەكانە و بۆ قبووڵی سەرشۆڕیی تاهەتاییە.
بۆیە هەڵوێستی ئەو عەرەبانەی دەڵێن (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم، هەزاران جار شەریفترە لە هەڵوێستی شەرمەزارانەی (نەخێر)ی نێو خۆمان.




