قەیرانەكان دەبێ هاندەرمان بن یان دەستوپێ گیر!

ئاریان فەرەج
ئایا نالەباریی هەلومەرجی نێوخۆیی (قەیرانی دارایی و ناكۆكیی سیاسی) بەهانەی مەشروعن بۆ دواخستن و دەستهەڵگرتن لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، یا هاندەرن بۆ ئەوەی هەرچیی زووترە ئەو ئەركە راپەڕێنین؟. بە كامیان ئەو هەلومەرجە نالەبارە و ئەو قەیرانانە رێگەی چارەسەر دەگرنەبەر، بە سەربەخۆیی و دەوڵەت، یاخود بە مانەوە لە پاشكۆیەتی و ژێردەستەییدا؟.
ئەگەر (بەڵێ) و ئاكامەكەی نەبنە مایەی چارەسەری قەیرانەكان، ئایا (نەخێر و دواخستن) و ئاكامەكانی، كامە چارەسەریان لە هەگبەدایە؟
بە كام شەرع و پێوەر، بوونی ناكۆكیی سیاسی لە نێو نوخبەی سیاسیی میللەتێكدا، مافی چارەنووس لەو میللەتە دەسێنێتەوە. ئایا ناكۆكییەكان لە پێناوی سەربەخۆییدا، دەبێ چارەبكرێن یان بكرێنە ئاستەنگ و بەهانە؟ كام میللەتی دنیا پێش و پاش بەدەوڵەتبوونیش، ناكۆكی لە نێو حزبە سیاسییەكانیدا نەبوون؟.
ئەگەر (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی و كۆبونەوەی هەمووان لە دەوری ئەو ئامانجە باڵایە، ناكۆكییەكان چارەسەر نەكات و یان لانی كەم هەڵیاننەپەسێرێ یان كاڵیان نەكاتەوە، ئایا (نەخێر و دواخستن) چارەیان دەكات و هاودەنگیی دێنێتە دی؟. ئەگەر لە خەمی سەربەخۆییداین و زەمینەسازیی نێوخۆیی بۆ بە پێویست دەزانین، ئایا دەبێ بەپیر پیكهاتنەوەوە بێین و زەمینە ساز كەین یان تا دەرفەتەكە لە دەست دەچێ هەربڵێین زەمینە ناسازە!!
ئایا قەیرانی دارایی بە دواخستنی ریفراندۆم و رەتكردنەوەی سەربەخۆیی چارەسەر دەبێ؟. ئایا لە ئەساسدا قەیرانی دارایی دەرهاویشتەی ئابووریی پاشكۆ و دەستگرتنی دەوڵەتی مەركەزییە بەسەر داهات و موقەدەراتی داراییی كوردستاندا یان ئەنجامی بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆییە، دەبێ بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە، پاشكۆیەتیی ئابووری رەت كەینەوە یان سەربەخۆیی و دەوڵەت؟.
كام تەجروبەی گەلانی دنیا پێمان دەڵێ هەر میللەتێك باری ئابووریی نالەبار و قەیراناوی بوو، مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتداریی نییە؟. كام یەك لە میللەتانی سوودانی باشوور و چیك و سلۆڤاكیا و تەیموری ڕۆژهەڵات وڵاتانی بالكان و وڵاتانی سۆڤیێتی پێشوو، كاتێ سەربەخۆییان راگەیاند، لەوپەڕی خراپیی گوزەران و قەیراندا نەبوون؟. جگە لە سەربەخۆیی و رزگاربوون لە پاشكۆیەتی، چی دواجار ئاسۆی گەشەی ئابووری بۆ كردنەوە و وڵاتەكانی خستنە سەر راستەرێی بوژانەوە و خۆشگوزەرانی؟. ئایا بە مانەوە لە ناو ئەو عێراقەی غەرقی قەیران و قەرز و فەشەلە و، بە بۆدجەی دزراوی ئێمە و بەتاڵكردنەوەی یەدەگی بانكی مەركەزی، خۆی بە پێوە راگرتووە، قەیرانی داراییمان چارەسەر دەبێ؟.
قەیرانەكانی كوردستان و لە سەروو هەموویانەوە قەیرانی ئابووری، نەتیجەی (بەهەرێم مانەوە) و بێدەوڵەتییە. رێگای ستراتیجی بۆ قورتاربوونی تاهەتاییی كوردستان لە قەیرانی ئابووری، زگاربوونە لە حاڵەتی هەرێمبوون. كوردستان بۆ ئەوەی پێشكەوێ و ببوژێتەوە و بتوانێ پلانی درێژخایەنی ئابووری دابنێت و لە گەشەی سیاسی و ئابووری و تەنانەت قووڵكردنەوەی دیموكراسییش بەردەوام بێت، پێویستە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ.




