٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە یادی پڕشكۆی 16ی ئابدا؛ (بەرەو دیاركردنی چارەنووس و پاشەڕۆژی كوردستان)

سەرچاوە: KDP.info

وەیسی سەعید وەیسی

16ی ئابی هەمووساڵێك، رۆژێكی پڕ لە شانازی و سەروەرییە لە مێژووی گەلی كورددا، چونكە رۆژی لەدایكبوونی هیوا و ئومێدی گەلی كوردستانە.
لە 16ی ئابی 1946 كە 71ساڵ بەر لە ئێستا وەك زەروورەتێكی مێژوویی بۆ رابەرایەتیكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لەسەر دەستی سەركردەی كارێزمای كورد مەلامستەفا بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا، كە بە دامەزراندنی ئومێدی تازە بۆ تێكۆشەرانی كورد دروست بوو، تا بەو هۆیەوە داكۆكی لە مافە رەواکانیان بكەن، بۆیە لە ماوەیەكی كەم بووە قوتابخانەی پێگەیاندنی نیشتیمانپەروەران و چەتری كۆكردنەوەی ستەملێكراوان، كە هەر ئەمەش بوو وایكرد لە سەرەتای دامەزراندییەوە ببێتە پێشەنگی بزاڤی نەتەوەیی لە مەیدانی خەبات و تێكۆشاندا بێ و داكۆكی و پارێزگاری لە بوون و مانی خەلكی كوردستان بكات، بە جۆریەك هەمووكات ئامرازێك بووە بۆ رێكخستن و یەكخستنی تواناكانی گەلی كوردستان لەگەل ئەوەی زۆر هەرواز و نشێوی گەورەی بینووە، بەڵام هیچ كات لە هێنانەدی ئامانج و ئاواتەكانی گەلی كوردستان سڵی نەكردووەتەوە، نە بە سەركەوتن لە خۆبایی بووە نە بە نووشوستیش بێهیوا بووە، كە ئەمەشیان ئامانجی دامەزراندنی بووە كە هەموو كات لای پارتی بەرژەوەندی بالای كوردستان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكانی تر بووە، چونكە لە دیدی پارتی، مرۆڤی كورد ئامانج بووە نەك ئامراز كە بە درێژاییی مێژوویش هەمیشە دەستكەوتی گەورە لە سەردەستی پارتی بە دەست هاتوون كە رابەرایەتیكردنی شۆڕشی ئەیلوول دیارترین نموونەی ئەم راستییەن.
جگە لە وەی لاپەڕەی دێرینی و مێژوومانی رەنگین كرد و بەرگری و داكۆكی لە مافە راوەكانی كرد، كە سەرئەنجام توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی گەلی كورددا، لە هەر چوار پارچەی كوردستان رێكکەوتنامەیەك مۆر بكات كە بڕیار لە بوون و مافی گەلی كورد بدات، وێرای ئەمەش هیچ كات پارتی و دامەزرێنەكەی ئامادە نەبوونە مساوەمە لەسەر مافی كوردستان بكەن، بەلكو هەمیشە لەم پێناوەدا قوربانییان داوە.
بابەتی كوردستانیبوونی كەركوك نموونەیێكی زیندووە كە نەك ئامادە نەبوون دەست لە كوردستانیبوونی هەلبگرن، بەلكو هەمیشە داكۆكیشی لە كوردستانیەتی شارەكەی دەكرد، بە جۆرێك چۆن مرۆڤ ناتوانێ بێ دڵ بژیێت، ئەوا كوردستان و سەرۆكەكەشی بەبێ كەركووك ناژیێن، كە سەرئەنجام لەم رێگایەدا تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بوو، بەڵام لەگەل ئەمەشدا توانییان بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا سەر بكەون  و، شكست بە پیلانی دوژمنان بهێن و جارێكی تر هیوا و ئومێد بۆ گەلی كوردستان بگێڕنەوە؛ لە هەمان كاتیشدا بە رۆحیەتی شۆڕشگێڕی ئەیلوول درێژە بە شۆڕش بدەنەوە لە 29ی گوڵانوە درێژە بە خەباتی سەرتاسەری بدەن بۆ سەربەخۆییی كوردستان كە ئەمەش وایكرد هەمیشە پارتی و بارزانی بە زیندوویی لە هزری خەڵكی كوردستان ماونەتەوە.
مایەی خۆشحاڵییە لە كاتێكدا یادی پڕ شكۆی 71 سالەی دامەزراندنی پارتی دەكەینەوە، جیاواز لە یادكردنەوەكانی ڕابردوو، خەڵكی كوردستان بە ئومێد و بایەخێكی زۆرەوە سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ هێنانەدی دیارترین ئامانجی پارتی كە سەربەخۆییی كوردستانە. چونكە لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە لەم پێناوەدا كاری كردووە كە گرینگە هەموو لایەكمان لە ئاست هەستیاریی ئەم قۆناغەدا بین و پالپشتی و پشتیوانیی هەنگاوەكانی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی بین بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی، كە ئەمەشیان پرسێكی گشتگیر و هەمەلایەنە، پەیوەستە بە ژیان و ئایندەی هەموو تاكەكانی كوردستانەوە كە لەم پڕۆسەیەدا هەمووان بە بێ جیاوازی هاوبەشن و، یەكڕیزیی نێومالی كوردیش گەرەنتیی سەركەوتنی ڕیفراندۆمە.
گەر دوێنی لە سەردەمی شاخدا گەلی كوردستان شۆڕشی چەكدارییان دەكرد بۆ پارێزگاری لە بوون و مانی كوردستانیان ئەوا لە 25ی ئەیلوولدا شۆڕشێكی تر ئەنجام دەدەین، بەلام بە جیاواز لە ڕابردوو و بە شێوازێكی دیموكراسیانە و مەدەنی بۆ دەوڵەتبوونی كوردستان، كە ڕۆحی هەمیشە زیندووی شەهیدانمان لێمان دەخوازێت بە بەڵێ بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بچین تا زیاتر كارتی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بەهێزتر بێت، كە گەلی كوردستانیش مافی خۆیەتی وەك گەلانی دنیا ببێتە خاوەن دەوڵەت و كیانی خۆی.
هەر هەوڵێك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمیش بە هەر بەهانە و پاساوێكەوە بێت، مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئایندەی كوردستان و بەرەی دژی سەربەخۆیی دەخاتە بەردەم خەتاباری مێژوویی.
هەموومان دەزانین هیچ كات مێژوو ڕەحمی بەو كەسانە نە كردووە، حەقە ئەم پرسیاریان لێ بكەین گەر ئێستا كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبێ كە گەلی كوردستان لەبەردەم زێڕینترین دەرفەتدایە، دەبێ كەی كاتی بێ؟
ماوەتەوە بڵێین، لەم یادە پیرۆزەدا دەبێت ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی، شانازی بە پارتیبوونی خۆیان بكەن كە قوتابی و ئەندامی ڕێبازێكی وەها مەزنن، كە لە پێناو پاراستن و بەرگریكردن لە كوردستان دامەزراوە، بە جۆرێك چۆن 71 سال بەر لە ئێستا وەك زەرورەتێكی مێژوویی دامەزرا، ئەمڕۆیش زیاتر پێوستمان پێی هەیە بۆ هێنانەدی خەونی لەمێژینەی گەلی كوردستان.
لەم یادە پڕشكۆ و شانازییەدا سلاو و دروود دەنێرین بۆ شەهیدانی كاروانی 71 سالەی پارتی كە لە پێناو كوردستان یان نەمان، خۆیان كردە قوربانی... سلاو و دروود لە گیانی پاكی ڕابەر و سیمبولی نەتەوەییمان مەلامستەفا بارزانی …سلاو و تەمەندرێژی بۆ سەرۆكی كوردستان (مەسعوود بارزانی)...
سلاو لەو كوردستانەی شایستەی هێندەی خەبات و قوربانیدانە.

هەواڵی پەیوەندیدار