٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تاک و دەوڵەت

سەرچاوە: KDP.info

هۆشیار سیوەیلی

بوونی ڕا و بۆچوونی جیاواز لە کۆمەڵگا دیموکراسییەکاندا سروشتییە و سیمایەکی بنەڕەتیی خودی سیستەمی دیموکراسییە. گوێگرتن لە یەکتر دوور لە گوێگرتنی یەکتر، فەزایەک دەخوڵقێنێ کە تاک هەست بە بوونی پۆزەتیڤانەی خۆی بکات، تاک ئەڵقەیەکی گرینگی زنجیرەکانە بێ ئەڵقە پتەوەکان زنجیری پتەوبوونی نییە.
سەرەڕای گرینگیی تاک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا، تاک بە تەنیا ناتوانێ ببێتە هێزێکی کاریگەری گۆڕانکارییەکان و، دەبێ لە چوارچێوەیەکی گشتگیرتردا کە (کۆ)یە مومارەسەی تاکێتیی خۆی بکات، بە تایبەتی لە مەسەلە گشتییەکاندا.
هەر بۆیە چوارچێوە ڕێکخراوەیی و دەزگاییەکان پێک‌دەهێنرێن. دەبێ باڵانسێک لە نێوان ویست و خواستە تاکییەکان و خواست و ویستە گشتییەکاندا دروست بکرێ، لاسەنگییەکی زۆر بە لای ئارەزووە تاکییەکاندا ئاژاوە و ئەنارکیزم دروست دەکا و، پشتگوێخستنی ویستە تاکییەکانیش لە خراپترین دۆخدا دکتاتۆریەت.
لەبەر ئەوەی ویستی تاکەکان و بۆچوونەکانیان بۆ هێنانەدی ئەو ویستانە جیاوازن، یەک چوارچێوەی ڕێکخراوەیی، ناتوانێ خواستە جیاوازەکان کۆ بکاتەوە، هەربۆیە پارت و سەنتەر و ڕێکخراوی جیاواز دروست دەبن. ئەگەر ڕێکخراوەکان لە تاک و کۆمەڵگاکان لە ڕێکخراو و دەزگا جیاوازەکان پێک‌هاتبێ، ئەوا کۆمەڵگا گەردوونییەکەش لە کۆمەڵگا یان نەتەوە جیاوازەکان پێک‌دێ. وەک چۆن پشتگوێخستنی تاکەکان داهێنان و مرۆڤبوونی تاک دەخنکێنێ و تاک ڕووت دەکاتەوە لە بەها مرۆڤییەکەی، پشتگوێخستنی گەل یان نەتەوە، جگە لەوەی پشتگوێخستنی تاکەکانی ئەو نەتەوەیەیە، ڕەتکردندەوەی ئەو کۆیەیە کە تاکەکان پێک‌دەهێنێ و ڕێزنەگرتنی ئیرادەی تاکی ناو نەتەوەکەیە. هەر بۆیە پرەنسیپی دیاریکردنی چارەنووس لە ١٤ خاڵەکەی و درۆ ویلسۆن و بەر لەو و دوای ئەویش جەختی لەسەر کراوەتەوە.
نەتەوە و تاکە پێکهێنەرەکانی تەنیا لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا کە دەوڵەتە، دەتوانن بوون و خواست و ویستی خۆیان دەربڕن. هەڵبەتە دەوڵەتیش بە دابڕاوی و دوور لە کۆمەڵگا گەورەکەی مرۆڤایەتی، ناتوانێ چوارچێوەیەکی گونجاو بێ بۆ خزمەتکردنی تاکەکان، هەر بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین چوارچێوەی تری هاوکاریی ئابووری و سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتیی نێودەوڵەتی دامەزراون. کاتێک کەسێک دژی دروستکردنی دەوڵەتێک دەبێ بۆ نەتەوەکەی، ئەو کەسە تەنیا دەیەوێ ویست و ئارەزووە تاکییەکانی برەو پێبدات، جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو تاکەی هەموو فۆرمێکی پێکەوەیی ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێ سیستەمێکی ئەنارکیزم دابمەزرێنێ، ئەو نایەوێ گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی تاکەکان پێکەوە ببەستێتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار