دەبێ خزمەتەکانی بەرەی نەیار لەبەرچاو بگیرێ

ئازا حەسیب قەرەداخی
هەموو کار و کردەوەکانی بەرەی دژی سەربەخۆییی کوردستان زیانبەخش نین. بەڵکو زۆرجار بە هۆی هەڵە و تەقدیری نادروست و لێدوانی ئینفیعالی و پەرچەکرداری سەرچیخ رۆیشتووەوە، خزمەتێک دەکەن کە بەرەی سەربەخۆییخواز بەرنامەشی بۆ دانابێ، وا بە ئاسانی بۆی نایەتە بەردەست.
• کە عەممار حەکیم فراکسیۆنەکانی کوردی لە پەرلەمانی عێراق، جگە لە پارتی بینی و هەڕەشەکانی کرد، ئیتر بۆ هەموو ئەو نەیارانەی سەلماند کە بەڵێ سەرۆک بارزانی سەربەخۆیی رادەگەیەنێ و دەوڵەتی کوردستان دادەمەزرێنێ. ئیتر لەو دەققەیە بەولاوە ئەو گوتارەی نەیاران شکستی هێنا کە بە خەڵکی کوردستانیان دەوت ریفراندۆم و سەربەخۆیی موزایەدەی سیاسییە و بارزانی دەیەوێ لەو رێیەوە کێشە ناوخۆییەکان پەردەپۆش بکات.
• کە نووری مالیکی لە رووسیا رایگەیاند بارزانی دەوڵەت تەنیا لە کوردستانی عێراق دروست ناکات، بەڵکو دەوڵەتی کوردستانی گەورە لە ئێران و تورکیا و سووریا پێکدەهێنێ. بەم لێدوانە، نووری مالیکی بازنەی پشتیوانیکردنی بارزانی لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە فراوانتر کرد بۆ هەموو نیشتمانی کوردان. ئیتر کورد لە باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواوە دەنگی بەڵێیان بەرز کردەوە. هەر ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ۳٠٠ رۆشنبیر و نووسەر و سیاسەتمەداری رۆهەڵات بە واژۆی خۆیان پشیوانییان بۆ سەربەخۆیی راگەیاند. بەڕێز بایدەمیر وتەبێژی هەدەپە لە باکوور چەندین جار پشتیوانی حزبەکەی دووپات کردۆتەوە و پەرلەمانتارەکانی ئەم حزبە لە پەرلەمان تورکیادا دەستەو ئێخە لەگەڵ تورکە شۆفێنییەکان شەڕ دەکەن ئەگەر قسەیەکی ناهەق بەرامبەر سەربەخۆیی کوردستانی باشوور بکەن.
• کە سەرانی ئێران لە باڵاترین دامەزراوەکانەوە چەندینجار دژایەتیی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان دووپات کردەوە، ئیتر سەلماندیان دەوڵەتە نوێیەکەی سەر سنووریان دەوڵەتێکی کراوە دەبێ بەسەر جیهانی پێشکەوتوودا و لەلایەن زلهێزەکانی رکابەری ئێرانەوە پارێزراو دەبێ.
• کە لای خۆیشمان نەزانانە و بە تەقدیرێکی هەڵە و لە تەوقیتێکی هەڵەتردا و لە رێی قەرەقۆزێکی نەکیرەوە جووڵەیەکی نوێ راگەیەنرا و، یەکەم ئیشی ئەم جووڵە سیاسییەش کەمپینی نەخێر بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان بوو، مانای وایە پاش ئەم هەموو خۆشاردنەوە و گوایە ئامادەسازی بۆ قۆناغێکی نوێ بە بەرنامەیەکی نوێوە، هەمووی ئاوەوئاو چوو. کە چارەنووسی ئەو جووڵە نوێیە خرایە دەست قەرەقۆزەکان، جگە لەوەی هەموو کارتەکانی ناودەستی سووتاند، هەر لە دەستپێکەوە سەرەتای کۆتاییی ژیانی سیاسیی خۆی دەست پێکرد.
هاوکات بە خێر بۆ بەرەی سەربەخۆییخواز شکایەوە و بەهێزتر و دەنگی دلێر تر کرد و لە ماوەی کەمی داهاتوویشدا فراوانتر دەبێ.
ئەمە لانی کەمی خزمەتەکانی بەرەی نەیارە کە دەبێ بۆیان لەبەرچاو بگرین.




