لەنێوان پرسی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردندا...!

كاروان عهبدوڵڵا
زۆربەی هەرە زۆری گوتار و کۆمێنتەکانی حزب و لایەنگرانی دژەڕیفراندۆم ڕووی لەو حزب و کەسانەیە کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن، فەزای بانگەشەکانیان وا لێکردووە لەوە بچێ لەنێو هەڵبژاردنێکی گشتیدا بین و، بیانەوێ بۆ سەرخستنی حزبەکەیان نەک ڕیفراندۆم زۆرترین دەنگ بە دەست بێنن.
سەیرکەن ڕیفراندۆم لای ئەو برادەرانە خەریکە بە تەواوەتی لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە و فۆڕمێکی زۆر ناشیرینیشی پێدەدەن، وەک ئەوەی بابەتی ڕیفراندۆم حزبێک یا کەسێک دایهێنابێ و بییەوێ بەسەر ئەوانی دیکەدا بیسەپێنێ، لەکاتێکدا خۆیشیان ئەو ڕاستییە باش دەزانن، کە ڕیفراندۆم باشترین و هێمنترین ڕێکاری دیمۆکراسییانەیە بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە لۆکاڵی و چارەنووسسازەکان، بۆ ئێمەی کوردستانیش لە هەلومەرجی ئێستادا، بەهێزترین ئامرازە بۆ ڕزگاربوونمان لە دەست داگیرکەر و دەوڵەتی شۆڤێنست و مەزهەبگەرا، کەچی لە ئێستادا دژەڕیفراندۆمەکان وا وێنای ئەو پڕۆسەیە دەکەن وەک ئەوەی سەرچاوەی مەترسییەکان لە ڕیفراندۆمەوە بێ نەک لە لایەن داگیرکەرانەوە، کە ئەوەیان گوناحێکی گەورەیە دەرهەق بە خەڵکەکە دەکرێ.
زیاتر لە سەدەیەکە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کوردستان، ڕژێمە شۆڤێنستەکانی ناوچەکە ئەو مافە لە خەڵکی ئێمە قەدەغە دەکەن، کەچی ئەمڕۆ دژەڕیفراندۆم بە سوودوەرگرتن لەو نیمچە ئازادییە سیاسییەی کە هەمانە، ئیش لەسەر بەرهەمهێنانەوەی هەمان گوتاری داگیرکەر و شۆڤێنستەکان دەکەن، بەڵام بە تامێکی کوردی، بۆ ڕێگریکردن لە ڕیفراندۆم و مافی سەربەخۆیی.
لە بنەڕەتدا مەبەست لەو دژایەتییە (با گەل و نیشتمانیش زەرەر بکا) زەڕبەلێدانە لە کەسان و حزبێکی دیاریکراو، هەر لەبەر ئەوەی ئەوان پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن، بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆمیش بکرێ و نەتوانرێ ڕێی لێ بگیرێ، ئەوا لە ڕۆژی دەنگداندا بڕیاریان داوە بە دەنگی نەخێر بۆ سەربەخۆیی سزای ئەو لایەنانە بدەن، لە کاتێکدا هەموومان ئەوە دەزانین کە ئەوەی قەرارە ئەنجام بدرێ، ڕیفراندۆمە نەک هەڵبژاردنی پەرلەمان.
دیارە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بە دەنگی خۆی سزای هەر حزبێک بدا کە بە ڕای خۆی لە ئیدارەدانی حکوومەتدا سەرکەوتوو نەبووە، دەتوانێ بانگەشە بۆ حزبەکەی خۆی بکا و موخالیفەکەی خۆیشی سەرکۆنە بکا، بەڵام چۆن دەتوانێ لە پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی وەک ڕیفراندۆمدا کە چارەنووسی گەل و نیشتمانێک یەکلا دەکاتەوە، بە دەنگی نەخێر، سزای ئەو حزب و لایەنە بدا کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆم دەکەن؟، ئاخر ڕیفراندۆم ڕۆژی حیساب نیە براینە، بۆ سەر لە خەڵک دەشێوێنن و بە لاڕێیدا دەبەن؟ ئایا لەوە تێگەیشتوون کە دەنگی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ڕاستیدا سزادانی نەتەوە و نیشتمان و خودی لایەنگرانی خۆتانە؟ مەگەر ڕۆژی ڕیفراندۆم، رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانە تا هەر کەسێک مافی چۆنیەتیی دەنگدان بۆ ئەم حزب و ئەو حزب پەیڕەو بکا؟ ئەوانەی خەڵک هان دەدەن کە لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، دەنگی نەخێر بدەن، هەڵەیەکی کوشندەی ستراتیژی دەکەن بەرامبەر بە پرۆسەیەک، کە ساڵەهای ساڵە خەڵکی کوردستان قوربانی بۆ دەدا و ئێستا زەمینەی ئەنجامدانی بۆ هاتۆتە پێش، ئەگەر پڕاکتیزەی نەکەین ڕەنگبێ قەتاوقەت جارێکی دیکە ئەو هەلە بۆمان نەڕەخسێتەوە، بۆیە دەنگی بەڵێ هەموومان سەر دەخاو نەخێریش سزادانی گەل و نیشتمانە نەک حزب.




