پەیامی کورد لە واشینگتۆن: چیتر حازر نین بە ریسکەوە بژین

حوسێن کوردنەژاد
لەسەر دەستپێشخەریی تۆری میدیایی کوردستان 24 و واشینگتۆن تایمز، دیدارێکی شەش سهعاتی لە کۆنگرێسی ئامریکادا رێک خرا.
دۆستانی ئامریکایی کوردستان، لە ژهنهرالی خانەنشین کە لە کوردستاندا خزمەتیان کردووە و رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و لێکۆڵەر و ئەندامانی بەرزی کۆنگرەی ئامریکا تێیدا بەشدار بوون، لە لایەنی کوردستانەوە دێلێگاسیۆنێک لە ژێر سەرۆکایەتیی بەرێز مەسروور بارزانی بەشداریی ئەم گردبوونەوەیەیان کرد.
پەیامی کوردەکان بۆ بەشدارانی ئەم کۆبوونەوەیە و بیروڕای گشتی و کاربەدەستانی ئامریکا بریتی بوو لە چەند خاڵی سەرەکی:
1- کوردستان بووهتە خاوەن توانا بۆ ئەوە کە خۆی بریار لە چارەنووسی خۆی بدات.
2- ئەوە عێراق و ئێران و کەسانی تر نین کە پێمان بڵێن چیی بۆ ئێمە باشە، مەنتیق ئەوەیە کە کورد بۆ خۆی بڕیار بدات چیی بۆ کورد باشە.
3- وەک کورد و وەک کوردستان، چیی تر حازر نین بە ریسک به چارەنووسی خۆمان بكهین و داهاتووی خۆمان بە قەزا و قەدەر ناسپێرین.
4- لەسەر بنەمای ئەم راستییانە، پەیامی کورد ئەوەیە کە -ئێستا کاتی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە- ئێستا کات کاتی ئێمەیە.
پەیامی گۆێگران و بەشداربووانی دۆستیش بریتی بوو لەوە کە:
1- بەڵێ ئێستا کاتی بە دەوڵەتبوونی کوردستانە.
2- کورد دەبێ پشتیوانی بکرێت.
3- ئامریکا دەبێ هەنگاو هەڵبێنێت بۆ زیاتر بەشداریکردن لە پاراستنی ستراتێژیکی کوردستان، وەک دامەزراندنی پایهگای نیزامی کە لهوێدا بنەماڵەی کارمەندەکانیش لەگەڵیاندا بن.
4- سنووری نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا دەبێ رێزی لێ بگیرێ.
بەڕێکردنی ئەم پەیامانە بۆ لیژنەی جیاوازی کۆنگرە و سنای، دەبێتە بەردەوامیی چالاکییەکان، گفتوگۆی ناوەندە فیکری و میدیاییەکان لەسەر بنەمای ئەم پەیامانەدا بەردەوامی دەبێت.
خاڵێکی گرینگ کە لەم پرۆسەیەدا دەبێ سهرنجی بدەینێ، هەنگاوەکانی ئیدارەی ئامریکایە بەبێ ئەوە کە باسی کورد و کوردستان بکات، بۆ لاوازترکردنی دژبەرانی کوردستان. دەبێ ئەم هەنگاوانە بە پشتیوانیی گرینگ بۆ رزگاریی کوردستان هەژمار بکرێن.
بە هەر جۆرێک کە بڕوانین، دەبینین کە بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ رزگاریی یەکجارەکی کوردستان ئامادەیە و گشت کارتەکان لە قازانجی کورددا دەخرێنە مەیدانی سیاسەتەوە. هەمووی ئەمانە ئەو بارە قورس و لە هەمان کاتدا سروشتییە دەخەنە سەر ملی گشت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە خۆیان بگەیهننە ئەو ئاستە لە سەرۆکایەتی و بەرپرسیاریەتی کە بۆ ئەم رۆژە پێویستە. هونەری سیاسەت لەم مەرحەلەیەدا زۆر زیاتر لە هەموو کاتێک بریتییە لەوەیکە لە هەڵسوکەوتی خۆیاندا ئەولەویەت دیاریی بکەن، ئەگەر پێنج یان شەش پرس بوونە ئەولەویەت، ئەودەم دیارە کە هیچ شت ئەولەویەت نییە. ئەمە دەرسێکی مێژووییە لە سیاسەت و ئابووریدا.
پەیامی بەرێز مەسروور بارزانی کە چیی تر حازر نین رسیک لە پێوەندی لەگەڵ چارەنووسی خۆماندا قەبووڵ بکەین و ئیستا کاتی بە دەوڵەتبوونی ئێمەیە و، ئەم کاتەش ئێمە خۆمان دیاری دەکەین، پەیامێکی یەکلاکەرەوە و روون و ئاشکرا بوو تاکوو دۆستانیشمان هەم لە ئێمە تێبگەن و هەمیش پرسی ئێمەی بخەنە ناو لیستی ئەولەویاتی خۆیانەوە.
لە دوای کۆبوونەوەی دوێنێ، ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی میللەت و رۆڵەکانی، کۆبوونەوەیە لە دەوری سەرۆکایەتیی وڵاتدا بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆژە نەتەوەییە کە رزگاریی هەمەلایەنەی تاک بە تاکمان پێوەی گرێدراوە.




