كێ لەمپەر لەبەردەم ئاشتبوونەوەی نیشتمانی دروست دەكات..؟

شوكر سلێمان
كورد هەمیشە لە عیراق پێی وابووە تەنیا شەراكەتی نیشتمانی و بوونی سازانی سیاسی لەسەر هەموو پرسە نەتەوەیی و ئایینی و رامیاری و ئابوورییەكان لەو رێگەیەوە دەبێت كە سەرجەم لایەنەكان پێكەوە وەكو هاوبەشێكی سەرەكی لەم نیشتمانە بژین و تەواوی ماف و خواستەكانیان لە رێگەی دەستوورو یاساوە دەستەبەر بكرێت، خۆ ئەگەر سەرجەم پرسە چارەنووسسازەكان لە رێگەی دەستوورێكەوە یەكلایی بكرێتەوە، كە هەموو خەڵكی ئێراق دەنگیان بۆداوە، ئەوە نەكەس لاری دەبێت و نەكەسیش پێی وایە لە پرۆسەی سیاسییدا پشتگوێ خراوە، بەڵام خۆ ئەگەر هەر كەس و لایەنێك جۆرە تەفسیرو تەئویلێك بۆ دەستوور بكات و، باراشی لە ئاشێك لێ بكات، ئەوە هەرگیز دۆخەكە بەو ئاراستەیە گوزەر ناكات كە هەموو لایەك رازی بكات، لە كاتێكدا لایەنی دەسەڵاتدار هەموو پۆست و دەسكەوتەكان بۆ خۆی قورخ بكات و، بە بەهانەی جۆراو جۆرەوە گوریس لەبن دنیا رابخات و، كار بۆ بنیاتنانی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری بكات.
هەلبەت ئەگەر پێمان وابێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت و، تا سەر رەوشەكە بەو ئاقارەدا گوەزەر دەكات، ئەمە رەنگە وانەبێت، بۆچی؟ چونكە دروستكردنی لەمپەرو هاتنەپێشەوەی هەندێ رووداوی چاوەڕواننەكراو، دۆخەكە بە ئاراستەیەكدا دەبات، كە رەنگە كەس پێشبینی نەكات، هەندێ رەفتاری ناجۆریش كە لە لایەن لایەنی دەسەڵاتدارەوە ئەنجام دەدرێت وەكو ئەمەی لەم دواییە بینیمان لە دەركردن و دوورخستنەوەی كورد لە پۆستە باڵاكان و دروستكردنی ئۆپراسیۆنی دیجلەو مەلەسەی پێشمەرگەو چەندان كێشەی دیكەی پەیوەست بە مافی ئیداری و یاسایی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیران، هەموو ئەمانە بوونەتە لەمپەرو بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لە ئێراق و، رۆژ لەدوای رۆژ كێشەكان قوولترو پرسەكان لەچارەسەری گونجاوی خۆیان دوورتر دەخەنەوە.
ئێراق بەهۆی ئەو پێكهاتە ئاڵۆزو ناجوورەی هەیەتی و لە لایەكی دیكشەوە بەهۆی ئەو پێكەوە لكاندنە نا تەندروستەی هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە كە بە شێوەیەك بووە، نەك هەر رەوشێكی سەقامیگیرو ئارامی لەگەڵ خۆی هێناوەتە كایەوە، بەڵكو بۆتە نەهەماتی و چەندان بەڵای ناگەهان بۆ گەل و نەتەوە هاوبەشكانی ئەو وڵاتە، مێژووی سەد ساڵەی رابردووی ئەو وڵاتەش ئەوەمان پیشان دەدات كە چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئەو وڵاتە بەو عەقڵیەتەو بەو شێوە تاكڕەویانە نەك هەر بۆ هیچ كەس و لایەنێك ناچێتە سەر، بەڵكو چارەنووسی ئەوانەش كە ئێستا پراوەی جۆرە دەسەڵاتێكی لەو شێوەیەی جاران دەكەن، باشتر نابێت، خۆ دەكرێت لەو رەوشەی ئێستا ئێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت بكەین و بڵێین ئەگەر لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی ئەو وڵاتەدا لایەنێكی گرنگ و پێكهاتەیەكی سەرەكی كە شیعە مەزهەبی ئەو وڵاتە بوون و، لە هاوبەشی كردن و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەدا پشتگوێ خرابوون، دەكرێ لە ئێستا كە رەوشەكە گۆڕاوەو بەهۆی زۆرینەی شیعە مەزهەب لە ئێراقدا كە ئەوان براوەی هەڵبژاردنەكان و گەورەترین پێكهاتەی نێو پەرلەمانن، تەواوی پێكهاتەكانی دیكە لە دەسەڵات بێبەش بكەن و، بەناوی زۆرینەوە خواست و داخوازی نەتەوەو ئایین و ئاینزاكانی دیكە بخەنە ژێر لێوەو گوێ بە داخوازی و مافەكانیان نەدەن. خۆ ئەوانەی لە مێژووی رابردووی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا هەمان هەڵوێست و هەمان رەفتارو ئاكاریان نواند، لە زوڵم و زۆرو ترس و تۆقاندن، لە دواجاردا چ چارەنووسێكیان بەچاوی خۆیانەوە بینی و چۆن بوونە پەندی زەمانە، خۆ دەكرێ بۆ ئەوانەی ئێستاش كە لە ئێراقیدا هەمان سلوكیەت دووبارە دەكەنەوە، شتێكی لەمە زیاتر چاوەڕێ نەكەن، چونكە لە دواجاردا مێژوو رەحەم بەكەس ناكات.
كورد لە هەرێمی كوردستان نەك تاكو ئێستا نەبۆتە لەمەپەر لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لە ئێراقدا، بەڵكو هەمیشە هۆكاری خێر بووە بۆ ئەو وڵاتە، ئەگەر كەسانێكیش لەنێو كوتلەو لایەنە سیاسییەكان پێیان وابێت ئەو عیراقە بە هەمان تاس و حەمامی جاران باشتر بەڕێوە دەچێت، ئەوە نەك هەر كورد ئەو جۆرە حوكمڕانییە رەتدەكاتەوە، بەڵكو مێژووش ئەو جۆرە بەڕێوەبردن و عەقڵیەتەی خستۆتە زبڵدانی مێژووەوە، بۆیە لە ئێستادا كورد نەك هەر خاوەن بڕیارو داخوازی و مافەكانی خۆیەتی، بەڵكو ئەگەر لە هەر شوێنێكیش هەست بەوە بكات جۆرە نادادپەروەریەك بەرامبەر هەر پێكهاتەیەكی ئێراق دەكرێت لێی بێدەنگ نابێت و، تا پێی بكرێت بەرگری لێدەكات و، خۆ ئەگەر هەر بۆیشی نەچووە سەر، ئەوە كورد هەڵوێستی جدی دەبێت و ئەو كاتە پێویستە هەموو لایەك درك بەوە بكەن كە ئەوەی لەمپەر لەبەردەم پرۆسەی سیاسی دروست دەكات كورد نییە، ئەوەی دەستوور پێشیل دەكات و دەسەڵات لە بەرژەوەندی لایەنێكی تایبەتی و پۆستەكان لە پێناوی كەسایەتی خۆیان پاوان دەكەن، ئەوە كورد نییە، بۆیە كاتێكیش ئەو دۆخە دەچێتەوە ژێر چەتری ئاسایی بوونەوەو بە ئاقاری ئارامی و ئاسایی بوونەوەدا گورزەر دەكات، ئەگەر سەرجەم لایەنەكان بە تایبەتی لایەنی دەسەڵاتدار واز لەو عەقڵیەتە بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر لۆژیكی گفتوگۆو گەڕانەوە بۆ دەستوورو یەكلایی كردنەوەی سەرجەم كێشەكان بەو شێوەیەی كە تەنیا سازانی سیاسی دەتوانێ یەكلایی بكاتەوە، ئەوە رەنگە قەیرانەكان تۆزێك لە كەناری چارەسەری نزیك ببێتەوە دەنا كێشەو گرفتی سیاسی دروستبوونیان ئاسانە، بەڵام كوژانەوەی فتیلی ئەو بەڵایە ئاسان نییەو شوێنەواری بزر نابێت و ناسڕێتەوە.




